بەهرە و قیسمەتم
بۆ میرزا ئەبولحەسەنی قازی «سەیفولقوزات»
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
3 خولەک
824 بینین
گەرچی بەهرە و قیسمەتم لەم شارە هەر دەرد و غەمە
باز بە قوربانی وجوودی تۆی دەکەم هەرچی هەمە
ئەو قەسیدە کوردییە تەقدیم دەکەم بۆ مەعزەڕەت
تا نەفەرمووی بۆچ فڵانی هاتوچۆی ئێمەی کەمە
باوەڕت بێ حەببەیی حوببت لە مەزرای سینەدا
وەک درەختی جەنگەڵی سەبز و بڵیند و مەحکەمە
ڕووی زەمانەی بێوەفا ڕەش بێ وەکوو ڕووی موددەعی
بێبەشی کردم لە سوحبەت کونجی وەحدەت جێگەمە
ئاهی سەرد و ڕەنگی زەرد و میحنەت و جەور و جەفا
موونیس و یار و ڕەفیق و هەمنشین و هەمدەمە
کێوی کەللەم وەک دەماوەندە دەمێ خاڵی نییە
یا بە تەم مەشغووڵە یا مەشموولی هەور و ماتەمە
گەرچی نێشی عەقرەب و مار و ڕەقیبی نانەجیب
هەر برینێکی کە دەیکەن بێ دەوا و مەرهەمە
باز لە لوتفی حەزرەتی مەولایی دین باکم نییە
چون ئومێدم فەیزی ڕوحولقودس و ئیبنی مەریەمە
بۆ دیفاعی لەشکری بەدبەختی و ڕۆژی سیا
یاوەر و سوڵتان و جەیشم شاهی غەوسولئەعزەمە
بۆ مەتاعی دیدە چاوم خوێن دەڕێژێ دەم بە دەم
ڕۆژی ڕووناکم شەوی تاریک و لەیلی موزلەمە
لەشکری فەقر و پەرێشانی هوجوومی کردووە
دەورەیان داوم بە نێزە و خەنجەر و شیر و قەمە
دەردی بێ دەرمان و سەرباری هەموو دەردی گران
بێوەفایی دۆستان و ئینقلابی عالەمە
ڕایەڵ و پۆی تێک چووە ماشێنەکەی چەرخی فەلەک
هەر وەکوو ئەوزاعی من ئاڵۆز و دەرهەم بەرهەمە
چون بە هەر شکڵێ لە مەوزووعات و مەحموولاتی خۆم
هەر قیاسێ هەڵدەبەستم بێ نەتیجە و ئەعقەمە
مەسڵەحەت وایە کە شەرحی حاڵی خۆمت پێ بڵێم
تا بزانی زەخم و دەردم بێدەوا و مەرهەمە
هیچ درۆ ناکەم جەنابی سەیف ئەگەر باوەڕ دەکەی
بەو خودایەی خالقی کورسی و عەرشی ئەعزەمە
موددەتی سێ مانگە بۆ تەحسیلی قووتی لایەمووت
شاعیرییەت عادەت و شوغڵ و شیعار و پیشەمە
غەیری سەیف و سەدری قازی شەخسی با شانو شەڕەف
یەعنی ئەشخاسێ بزانم موکریمە یا ئەکرەمە
کەس نەماوە بۆی نەنێرم یەک غەزەل شێعری قەشەنگ
یەک قەسیدەی وا کە هیچ کەس پێی نەکا گاڵتە و گەمە
هیممەت و بەخشایشی ئەهلی وەفا نەبوایە من
نەمدەبوو ئەوڕۆکە نانێک و پیاڵێک دیشلەمە
بەم قەزییە و قیسمەتە من چۆن دەبێ ڕازی نەبم
جەدوەلی تەقسیمی وا کێشاوە قازی مەحکەمە