ئەی میللەتی مەزلووم

لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
 2 خولەک  922 بینین
ئەی میللەتی مەزلووم و فەقیر و دەسەوەستان
بێ عیلم و مەعاریف وەکوو ئەتفالی دەبستان
ئەی بێ بەش و بێ بەهرە لە ئازادی و شادی
مەحڕووم و عەقەبکەوتوو وەکوو کوێر و نەقوستان
بۆ بێ خەبەرن دەوری جەهالەت سوپەری بوو
بێنوورە چرای جامیعەیی بادە پەرەستان
ئەم تەنبەڵی و غەفڵەت و ئەم خەوتنە تا کەی
عالەم هەموو بێدارە لە خەو جوملە هەڵستان
زۆر عەیبە گەلێک عارە کە ئەم قەومە نەجیبە
مەشهوور بە شەجاعەت هەموو وەک ڕۆستەمی دەستان
بێحورمەت و مەحکووم و هەموو چاوبەرەژێرن
بۆ داخلی و خارجی و پارە پەرەستان
ئەم جەهل و نیفاق و حەسەد و بوغزە هەتا کەی
دەخولێنەوە تا کەی وەکوو دێوانە و مەستان
بیشۆنەوە پێم چاکە بە سابوونی سەداقەت
ئەم چڵکی نیفاقە لە دەم و چاو و لە دەستان
ئیقدام و قیامێکی بکەن مەوقیعی کارە
هەر بۆ مەیە تەنها کە بەهار بۆتە زمستان
خار و خەسی زیللەت لە ڕەگ و ڕیشە دەرێنن
بیکەن بە گوڵ و گوڵشەن و گوڵزار و گوڵستان
هەر بۆ مەیە خوێنی جگەر و میحنەت و تاڵی
بۆ ئەجنەبییە نیعمەتی شەهد و شەکەرستان
ئەوڕۆ لە فنوون و هونەر و عیلم و سەنایع
هەر کوردە کە بێحیسسەیە باقی هەموو وەستان
بڕوانە بە نووری هونەر و شەمعی مەعاریف
تاریکە شەویش ڕەوشەنە بۆتە قەمەرستان
گوێ بگرە لە ڕادیۆ کە بە یەک سانیە دێنێ
باس و خەبەری لەندەن و پاریس و لەهیستان
بێ عیلمی سەبەب بوو کە بە خۆڕایی لە دەست چوو
میسر و حەبەش و شام و عێڕاق و عەڕەبستان
ئینسافە ئیتر بەسیەتی ئەم جەهل و نیفاقە
دنیات کە نەما دینەکەشت ڕۆیی لە دەستان
شاعیر وەرە قوربانی قەریحە و قەڵەمت بم
بینووسە لە بۆ ئاکرە و ئامێد و لوڕستان
باوەندی و سەنجابی و ئافاقی جنووبی
بۆ کوردی پەڕاگەندە لە گەرمێن و لە کوێستان
بۆ میللەتی بێچارەیی بێ ساحیب و سەردار
بەخسووس تەبەقەی کوردی عێڕاق و عەجەمستان
بۆ ئاتیە فکرێکی بکەن فرسەتە ئەوڕۆ
تا کەی دەبنە چاولەبەر و ئالەتی دەستان