کۆمەڵی هیوا و حەرفی «ژ.ک»
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
2 خولەک
1013 بینین
ئەی خودایە بۆم بنێری قاسیدێکی سینەساف
بچتە خزمەت کۆمەڵی هیوا و حەرفی ژێ و کاف
گیر نەبێ بڕوا لە قەولی من بچێ پێیان بڵێ
ئەی مودیری ئیتتیحاد و ئەی مەداری ئیئتیلاف
من لە داخی کوردی بەد ئەخلاق و بێ عیلم و سەواد
یا دەبێ بمرم وە یا هیجرەت بکەم بۆ کێوی قاف
عونسور و ماهییەتی ئەم قەومە هەر کیبرە و غروور
هیچ لە باریاندا نییە غەیری درۆ و لاف و گەزاف
حەق نەناس و ناسپاس و بێ ئەساس و بێ حەواس
موفسید و ئەهلی غەرەز مایل بە جەور و ئیعتیساف
گەر دەچن بۆ کەردزین و ڕاوەڕووت و ڕێگری
وادەزانن دەچنە سەر شایی و زەماوەند و زەفاف
کەس نییە پێیان بڵێ ئەی پڕ نیفاقی بێ ویفاق
تا بە کەی تۆخودا هەتا کەی ئەو شیقاقە و ئیختیلاف
غەیری کوردی بێ تەعەسسوب میللەتی دنیا هەموو
بوونە ساحیب سەروەت و عیلم و سەواد و مووشکاف
ئیختراعی ڕادیۆ و تەییارە بۆیە هاتنە ڕوو
چوونکە پێیان هیچ بوو ماشێنی زەمینی و تێلگڕاف
هیممەتو ئەوڕۆکە بێ، ئەوڕۆکە ڕۆژی غیرەتە
دەس بدەینە دەستی یەک ڕوو کەینە مەیدانی مەساف
ڕەفعی زوڵم و حیفزی نامووس و حقووقی میللەتێ
چاترە سەد مەرتەبە لە زیارەتی بەیت و تەواف
یا بە ئازادی و بە شادی دەچنە ناو حەڵقەی میلەل
یا لەسەر کورسی سەر و مل دەچنە نێو حەڵقەی تەناف
پیاوی بێ غیرەت کە مەشهوورە دەڵێن دینی نییە
ئەو حەدیسە زۆر سەحیحە بێ شک و شیبهە و خیلاف
تا نەبینی دەردیسەر هەر تا نەخۆی خوێنی جیگەر
تا نەکێشی خەنجەر و شمشێر لە کالان و غیلاف
نیعمەتی ئازادی و شادی وەدەست کەس ناکەوێ
هەر بە مەحزی «يا الهي نجنا من ما نخافعەرەبی»
خۆبەخۆ قیتن وەکوو ئەلفن بەڵام بۆ ئەجنەبی
مونکەسیر وەک حەرفی کاف و مونحەنی وەک شکڵی قاف
ئەی خوداوەندا بە حورمەت حەزرەتی خەیرولبەشەر
ئافتابی ئاسمانی چوارەمی عەبدولمەناف
مەحزی لوتف و مەرحەمەت ئیسلاحی ئەحواڵمان بکەی
بینە پیاوێکی حیسابی بێ گرێی دڵپاک و ساف