بولبولی خۆش ئەلحان
بۆ حاجی سمایل ئاغای ئێلخانیزادە
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
2 خولەک
887 بینین
ئەی بولبولی خۆش ئەلحان بۆچ هێندە پەرێشانی
ئەی سادەدڵا تا کەی هەر وەحشی و نادانی
زۆر عەیبە گەلێ عارە بۆ ئەم گوڵ و گوڵزارە
هەمدەم بە خەس و خارە سەرگەشتە و حەیرانی
ئەی عاشقی مەستانە ئەم باغ و گوڵستانە
ڕەعنایە بە فەروەردین یەغمایە بە زستانی
سەرو و سەمەن و سومبول ئەو خێوەت و خەیمەی گوڵ
تاراجی دەکا تیپی سەرتیپی زمستانی
چەن ساڵە منیش وەک تۆ بەم دەردە گرفتارم
کەوتوومە غەزەلخوانی بێهوودە و مەججانی
ئەو زەحمەتە تۆ کێشات ئەو ڕەنجە کە من دیتم
هیچ نەفعی نەدا بۆمە جوز نەقدی پەرێشانی
ئەشعار و قەسیدەی من ئافاقی هەموو داگرت
بانە و سەقز و موکری ، سەردەشت و سولەیمانی
(هەر کەس بە فەراخۆری شەئن و شەرەف و قەدری
ئاغا و خەوانینی ئەسڵ و نەسەب ئێرانی
بۆ شاری و دێهاتی ناردوومە بە سەوقاتی
یەک دەستە گوڵی زیبا، لەم باغی ئەدەبدانی
نەمدی لە کەس ئیقدامێ نەمدی لە کەس ئیکرامێ
یا بێن و بەدڵ بیکەن لەم تەبعە قەدردانی
تەقسیمی ئەزەل وابوو لەم هۆزە نەبینم من
ئیللا ئەلەم و حەسرەت ناڵین و پەرێشانی
ئیللا لە جوانێکی ئازادەیی دێبوکری
مەخسووس لە بوزورگان و نەوزادەیی ئێلخانی
هەوری کەرەم و ڕەحمەت بڕژێنێ بپڕژێنێ
سەر مەزرەعەیی قەبری بەخشایشی یەزدانی