حزووری حەزرەتی قازی
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
2 خولەک
810 بینین
لە ئەم ڕۆژانەدا چوومە حزووری حەزرەتی قازی
چ قازی قازیێکی وا هەموو خەڵکی لە دەس ڕازی
کە چووم دیتم عموومی ئەهلی جەیش و تیپ و ئەرکانی
لەسەر ڕوو ڕەنگی بێڕەنگی لەسەر لێو تۆزی بێوازی
گوتم یا ڕەببی ئەم ئەوزاعە بۆچی وا پەرێشانە
وەفاتی نەقدە یا خۆ مسئەلەی مەشموول و سەربازی
لە کاتێکدا کە غەوواسی خەیاڵ بۆ گەوهەری حیکمەت
دەسووڕاوە لە مەوجی بەحری لوتف و نوکتەپەردازی
سەر و کەللەی سەماوەر هاتە ژوور و زوو موبەددەل بوو
سکوت و غەم بە خەندە و پێکەنین و سوحبەت و بازی
دەماغ و مەغز و تەبعم مەست و مەخموور و موعەتتەر بوو
وەکوو بولبول بە گوڵ، حافز بە مەحبووبانی شیرازی
لە عیشقی شەهد و شەککەر هاتە مەنتیق تووتیی تەبعم
شرووعی کرد بە نەزمی فارسی و کوردی و تازی
گوتم ئەی یاری بێعەهد و وەفا ئەی شاهیدی ڕەعنا
وجوودی نازەنینت بایسی فەخر و سەرئەفرازی
بە عەتر و تام و بۆن و ڕەنگی لەعلی سووڕەت و تەرکیب
قەشەنگ و دڵڕوبا و دڵبەر و مەخسووس و مومتازی
هەتا تۆ بووی عەزیزم جەمعی عالەم مەوقعێکی بوو
لە شادی و هەڵپەڕیندا بوون و بەزم و ڕەقس و ڕمبازی
ئەوێستا بوویە عەنقا وەک تەڵا مەحبووب و نایابی
شکستت دا بە نەقد و پووڵ و پارە و ڕووپیە و غازی
لە سەر چی ڕۆیی؟ بۆچی ڕۆی لە ئەم ئێرانە وێرانە
مەقام و مەنزڵت کردە عێراق و ڕووس و قەفقازی
میسالێکی سەحیحە تا کە تریاکی عێراقی دێ
دەبێ بمرێ گەزیدەی عەقرەب و جەڕڕاڕی ئەهوازی
جەوابی دا گوتی مەیڕێسە ئیتر «شاعیر»ی ماهیر
بەسە دەس هەڵگرە زۆر عەیبە هەممازی و غەممازی
کەسێکی حەزرەتی قازی موعین و یار و یاوەر بێ
چ باکێکی هەیە شەککەر ببێتە سەر بە سەر غازی
على اعداأ قُل دَمَّرَ اللَّهُمَّ تدميراعەرەبی
وَ اَهلِكهُمعەرەبی بە حەقق و حورمەتی قورئان و ئیعجازی