بۆچوونی مامۆستا هەژار

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 3 خولەک  1023 بینین

برای هونەردۆست و خاوەن مرخ کاکە نەجمەددین ئەنیسی - خوا بە ئەدەبیاتی کوردی بهێڵێ - ڕۆژێک وەک فریشتەی بەخت و هات لە کەرەجشوێن کە بۆ من وەک چزیرگەیەکی چۆل و هۆل وایە پەیدا بوو، دیوانی شێعری کاکە سەید «کامیلی» لە بن باخەڵدا بوو، کە لێی بڕوانم و بیروڕای خۆمی لە سەر دەربڕم، قسێکی سەیر بوو، منی هەژار بیر و بڕوام لە سەر چاکی و خراپی شێعری سەید «کامیلناسناوی ئەدەبی» دەربڕم، چی بە سەر چییەوە؟

باوەڕ کە وەک بە شوانێکی شارەزووی دنیا نەدیو بڵێی دا تۆخوا دەربارەی نالیکەس و مەولەویکەس تاوەگۆزی، بیروڕای خۆت دەرببڕە. بەڵام چۆن دەڵێم نا؟ هەلێکی وا باشم بۆ هەڵکەوێ کە من کۆمەڵە هەڵبەستی «کامیل شا» کە عومرێکە بە ئاواتی دیتنیانم، دەستی داوە و دەتوانم بە ڕاشکاوی بیانخوێنمەوە، چۆن لە دەست خۆمی ئەدەم ... مەسەلی کوردییە دەڵێن «تا نەسیمێک نەبێ هەژارێک بە ئاوات ناگات.»

سەرت نەیەشێنم، ئەو بۆی جێ هێشتم و من شانم لێ داخست و سەرلەبەرم خوێندەوە، یان دەبێ بڵێم شەو و ڕۆژێکی ڕەبەق لە ناو بەهەشتێکدا ژیام کە سۆفی و دەروێشیش هەر بە ئاواتی شتێکی وان و نایگەنێ.

شێعر و هەڵبەستی «کامیل شا» نیازیان بەوە نییە من و سەد من و نیومنی وەک من بڵێن باشە، نەخێر عەتر خۆی دەردەخا و پێی ناوێ عەتار بە تەڵاق و سوێندانەوە ڕەش بێتەوە کە عەتری چاکە.

هەرکەس هەروا تۆزقاڵێک بە قەد چاوی مێروولە، مرخی شێعری هەبێ و ئەدەبناس بێ، دەزانێ سەید «کامیل» چۆن پەڕیوەتە سەر چڵەپۆپە و لە گۆمی ئەدەبیاتی زمانی کورددا چۆن مەلەوانێکی تاقانەیە، بەڵام فزوولی هەڵم دەگرێ لە ناو هەڵبەستەکانیدا دەمەوێ بەرانبەرییەک بکەم و بڵێم بەرانبەر بە بیروڕای خۆم فڵانەم لە فڵانە پێ جوانترە کەچی هەمووشیان لە جوانیدا بێ وێنەن.

بە بیروڕای من هیچ بوێژێکی کورد وەک کاک کامیل ناتوانێ بەهاری کوردەواری وێنە بگرێ، سەیریش نییە؛ ئەو پیاوە هەموو تەمەنی لە لادێ و لە کوێستانی کوردستان ژیاوە و زەینی زۆر ڕوونە و هەرچی دەیبینێ دەتوانێ لە مێشکیدا بێ کەم و کەسری، عەنباری بکا و زۆر بە ئامان و زامان نیشانمانی بداتەوە.

واتە ئەگەر دەسەڵاتم بوایە، حوکمم لێ دەکرد بە لانی کەم هەموو بەهاران سەفەرێکی ناو هەوارچییان بکا و وەکوو مێشەنگوین شیرە لە گوڵان هەڵمژێ و بە هەنگوینی بمانداتەوە، بەڕاستی کەس وای لێ نازانێ؛ ئەمما ئەگەر دەڵێم لەو بارەوە زۆر زەبر بەدەستە، مانای وای نییە کە لە غەزەل و شێعری نیشتمانیدا بەجێ ماوە، ماڵم قەبرە هەرچی گوتوویە مەحشەری کردووە و خوێندەوارانی ئەدەبپەروەر و دوڕناس دەزانن کە سەید «کامیل» زۆر شاعیرێکی کەم وێنەیە و ئیحتیاجی بە پێداهەڵدانی من نییە ... .

لە خوام تەڵەبە مەرگی نەبینم و لە خوام تەڵەبە بتوانێ پتر ئەدەبیاتی کورد گەشە پێ بدا. ئامین یا ڕەببەلعالەمین.

شاگردێکی بچووکی سەید کامیل

عەبدوڕڕەحمان «هەژار»

کەرەج ١٣٦٤/٩/١٨