وەرەوە گیانە
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
996 بینین
کێیە وەک تۆ لە مەبەست ڕامێنێ؟
بیر و باوەڕ بە گەلی بنوێنێ
لە قوڕی نەگبەت و چاڵاوی ستەم
شڕەکەی خۆی و گەلی دەربێنێ
کێیە وەک ئێوە بە بیروڕا بێ
مافی کوردان بە قەڵەم بستێنێ
دڵم ئاوێنەیە ئەی «گەورەی دین»!
جاروبار دیمەنی تۆ دەنوێنێ
وەرەوە بۆ وەتەنی کوێستانت
چ دەکەی تۆ لە هەوای گەرمێنێ؟
بۆ ئەوەی تۆزی نەبێ ڕێگاکەت
چاو دەکا تک تکە ئاوپڕژێنێ
بۆ سڵاوێکی لە هاوڕێکانت
دڵەکەم کۆتری هەڵدەفڕێنێ
وەرەوە گیانە، هەواخوات زۆرن
یەک لەوان هۆنەرە بۆت دەخوێنێ
کوڕی کورد هەروەکوو خۆی ماوەتەوە
تۆوی داوات لە وڵات دەڕوێنێ
هەر بە ئاواتەوە ماوم قوربان!
تاوەکوو باغی هیوا بەر دێنێ
بولبولی باختە ئاواتی پیر
هەر بە ئاواتەوە دەچریکێنێ