شایی

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  921 بینین
یاخودا کاکە! موبارەک بێ لە تۆ ئەم شایییە
ئەم سروور و خۆشییە، لەو خانەقا و ئاوایییە
غەم نەما، حەسرەت بە جارێکی کەوت، ئەستۆی شکا
ئاهـ و ناڵەی دڵ دەگەڵ ئەم داوەتە خۆڕایییە
سفرەکەت ڕازاوە، هەروەک سفرەیی حاتەم دەچێ
فەخرە بۆ دۆستت، بەڵام بۆ دوژمنت ڕیسوایییە
گورگی کێوانیش هەموویان تێر کران لەم داوەتە
کاکە ئەنوەر بەزمەکەی، وا دیارە ملوێن بایییە
کوا گەڵاڕێزانی پاییز بوو لە حەوشی خانەقا
کاتی شاباشی گوڵانە، چاوەکەم لەم دوایییە
خانەقا پڕ بوو لە ئەنواعی بەشەر، کاک ئەنوەریش
هەر خەریکی فیکری بیکر و خەڵوەتی تەنیایییە
زاهیرەن ئازایە، وەک شێری ژیانە خۆ، بەڵام
داخەکەم وەک من بزانم باتینەن مووسایییە
جووی جەنابی «حاجی»یە هیچی لە باراندا نییە
گەر لە پەردەش بێتەدەر پیاوانە، ئیستیسنایییە