داخی تۆ سەختە

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  747 بینین
داخی تۆ سەختە لە سەر دڵ، چڵ دەدا و دەکولێتەوە
مامی پیریشت لە تاوت گیانە هەر دەخولێتەوە
مانگی ڕێبەندانە بۆیە بەندی جەرگ و دڵ پسا
هەرکە بیری تۆ دەکەم، دەکولێتەوە و دەپسێتەوە
عالەمت سووتاند بە مەرگی خۆت و ئەمنیش جەرگ و دڵ
هەروەکوو شەم هەڵبووە، دەگڕێت و ناکووژێتەوە
ئەو هەموو ئەخلاقە شیرینەت لەگەڵ پیر و جەوان
دەک کوتوپڕ بم، ئەگەرساتێ لە بیرم چێتەوە
بەفر و سەرمایە و دڵیش ڕێگەی بە جارێ بەسترا
بەفری خەم کەنگێ لە سەر بستووی دڵان دەتوێتەوە؟
تەم وڵاتی گرت و خەم دایگرت هەموو خاوەن دڵێک
ئەو گرێپووچکەی لە سەر دڵ، داخۆ کەی دەکرێتەوە؟
داخۆ تازە گوڵ لە باخان شین دەبێ بێ شاعەلی؟
داخۆ کۆرپەی جوانی هیوای گەل ئەرێ دەشنێتەوە؟
تازە نابینم ئەوانە تاوەکوو ڕۆژی حەشر
ڕۆیین و نابیندرێن، تازە زەمان نایێتەوە
ساڵی پەنجا و نۆ بوو، ڕێبەندان بوو، بەندی دڵ پسا
وا پسا جەرگ و دڵی «کامیلناسناوی ئەدەبی» کە یەک ناگرێتەوە