نان و خوان
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
949 بینین
دڵی من موبتەلای باڵابڵندی نۆجوانێکە
لە دەوری دێ و دەچێ داییم، عەجایب پاسەوانێکە
برۆی چەشنی کەوان، برژۆڵی تیرە، بسکی زنجیرە
ئەسیری تەپکەیی بسک و کوژەی تیر و کەوانێکە
لە ئێش و ئۆف و ناڵین و هەناسەی خۆی هەراسانە
هەمیشە گوێ بە ئاوازی شنەی کاتی بەیانێکە
هەموو گیانم وەکوو قامیش هەڵۆڵ و کون کونە کاکە!
ئەگەر ڕاستت دەوێ، ئامادە بۆ بلوێری شوانێکە
کزەی کاتی بەیان هەروەک کزەی جەرگی بریندارە
کەچی دڵ وا دەزانێ مەڵحەمی هەر ئێش و ژانێکە
وەریوە مووی سەر و ڕیشم لەبەر پیری و خەمباری
لە باغی عەمری فەوتاوم، ئەویش بۆخۆی خەزانێکە
«ئیمامیناسناوی ئەدەبی» جەرگی برژاوی، مەزەی فرمێسکی چاوی بوو
ئەویش وا خاوەنی سفرە و کەباب و نان و خوانێکە