پیری

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  916 بینین
پیری وا هات و ئەجەل لێم دیارە
ڕەنگە ڕامکێشێ بەرەو ئەو خوارە
کوێیە ئەو خوارە؟ دەڵێن جێم قەبرە
گۆڕە، خۆفناکە، گیان بێزارە
ئەی خودایە! بەتەنێ لەو گۆڕە
چۆن بمێنم، قوڕ و بەردم بارە!
جاری ئەووەڵ قوڕ و گڵ بووم و خودا
گیانی پێ دام و کە چی ئەم جارە
وردەوردە بە خەیاڵە بەدەنم
تێک بچێ، بێتەوە گڵ دووبارە
بەدەنی ناسکی نەرم و شلی من
خۆ لەوێ توعمەیی مشک و مارە
بێکەس و بێدەر و ماڵ تاریک خۆم
چاو دەگێڕم هەر ئەتۆم لێ دیارە
ئەی لە هەرجێ هەی و نیشە جێگات!
کاتی ڕەحمە بە منی بێچارە
گەر لەوێ گرپە نەکا شەمعی کەرەم
تەنگ و تاریک دڵەکەم، خەمبارە
تۆ «ئیمامیناسناوی ئەدەبی» کە بژی یا بمری!
ئەرخەیان بە، بەتەنێ خوا یارە