یا کەریم
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
885 بینین
هەرچەند نەخۆشی عیشق و زەدەی پەنجەیی پەریم
هەرچەندە بێ مشوورم و هەرچەندە سەرسەریم
چونکە لە حاڵی خۆم وەڕەزم، مات و عاجزم
ماوم عەجەب لە ڕەحمی خودا، بۆچی من بەریم؟
یاڕەب بە خاتری دڵی خاسانی بێ ڕیات!
ڕەحمێ بە حاڵی زارم و وەزعی قەلەندەریم
چونکی بە غەیری تۆ نییە کەس بگرێ دەستی کەس
دەستی شکاو لەگەڵ دڵەکەم بگرە یاکەریم!
بمهێنە دەر لە گێژوخولی چەرخی چەپ ڕەوت
عاجز مەبە لە دڵپڕی ئەمن و لە زۆروەڕیم