ئوسولی ئیمان
لە کتێبی:
هەدیەی کوردستان
بەرهەمی:
جەوهەری (1875-1958)
4 خولەک
861 بینین
ئوسولی ئیمان شەشن، پێش خرێن
ئوسولی ئیسلام فەرعن، دوا خرێن
زانین و باوەڕ بە ئەسڵی ئیمان
واجبە لەسەر هەموو موسڵمان
باب و باپیریش فەڕزە لەسەریان
تەعلیمکردنی ئەولادی خۆیان
دانراوە ئیمان لەسەر شەش ئەسڵ
باوەڕیان پێ بکەی بە یەقینی دڵ
بەیانیان دەکەم بە شێعری ئاسان
تا لەربەریان کەن شاگرد مەدرەسان
ئەسڵی ئەووەڵ
ئەووەڵ باوەڕ بە زاتی خوداوەند
بووە و هەر دەبێ بێ باب و فەرزەند
هەرچی مەخلوقە گیاندار و بێگیان
هەر لە مەلایک تا جین و ئینسان
ئەرز و ئاسمان، هەرچی تێیدایە
خەلق و ڕزقیان تەنها خودایە
بە زات و سیفات دەبێ بیناسی
ئیمانت نییە ئەگەر نەیناسی
سیفاتی خودا بێحەد و زۆرن
حەوتیان قەدیمن وەک خۆی بێجۆرن
ئەووەڵ حەیاتە، یانی زندووە
هەر زندوو دەبێ، قەت نەمردووە
دووەمین عیلمە، یانی زانایە
بەوەی بووە و دێ لەسەر دونیایە
سێیەم قودڕەتە هەر کارێ بکا
لە کەس ناترسێ، دەتوانێ بیکا
چوارەم ئیڕادە، یانی پێی دەکرێ
هەرچی مەیلی بێ، کەس ڕێی لێ ناگرێ
پێنجەم بەسەرە، یانی دەبینێ
مێروولەسورێک لەژێر زەمینێ
شەشەمین سەمعە، یانی دەبیستێ
ون و ئاشکرا لە دەنگ و هەستێ
حەوتەمین کەلام، یانی گۆیایە
مووسا بوو بیستی دنگی خودایە
ئەو سیفەتانە بە ڕاستی و یەقین
زاتی خودا نین، لەویش جودا نین
ئەسڵی دووەم
ئەسڵی دووەمین لە ئەسڵی ئیمان
باوەڕییکردن بە مەلاییکان
جسمێکن لەتیف، بێ خەو و خواردن
دایم مەشغووڵن بە تاعەتکردن
هەموو موتیعی فەرمانی خودان
ئەوەندە زۆرن پڕ ئەرز و ئاسمان
ئەوەی ببارێ لە بەفر و باران
مەئموورن لە بۆ هێنان و دانان
ئەسڵی سێیەم
ئەسڵی سێیەمین کتێب کە هاتوون
بۆ پێغەمبەران هەموو بەرحەق بوون
قورئان بۆ موحەممەد، تەوڕات بۆ مووسا
زەبوور بۆ داوود، ئینجیل بۆ عیسا
کتێب و کاغەز هەرچی کە هاتوون
کەلامی خودان، حوکمیان واجب بوون
قورئانی مەجید کە هاتە خوارێ
نەسخ بوونەوە هەموو بە جارێ
ئەسڵی چوارەم
ئەسڵی چوارەم باوەڕیە بە دڵ
ئەنبیا حەقن سادیق و کامیل
هەموو زیرەکن، زانا و عاقڵن
سێسەدوسێزدە لەوان موڕسەلن
خودا ناردوونی کە بە ئوممەتیان
نیشان دەن تەواو ڕێی شەریعەتیان
هەر ئەمرێ فەرمووی خودای زولجەلال
ئەوان گەیاندیان تەواو و کەماڵ
هەریەک ڕەسووڵ بوون بۆ سەر میللەتێک
فرستادە بوون بۆ سەر ئوممەتێک
ساحێبی قورئان موحەممەد ئەمین
فرستادەیە بۆ سەر عالەمین
دوای فەخری عالەم ڕەسوڵێک نابێ
شەرعی دەمێنێ هەتا دونیا بێ
ئەحواڵی حەزرەت لێرەدا تەمام
ناڵێم با بمێنێ تا ڕوکنی ئیسلام
ئەسڵی پێنجەم
ئەسڵی پێنجەمین باوەڕیە بە ڕاست
ڕاستە قیامەت ڕۆژی باس و خواست
پرسیاری قەبر و زیندووبوونەوە
حەشری مەخلوقات وەکۆبوونەوە
کێشانی عەمەل لە خێر و لە شەڕ
پردی سیڕات و خواردنەوەی کەوسەر
بەهەشت و دوزەخ دروست کراون
بۆ وەختی خۆیان حازر کراون
شەفاعەت، یانی تکا لە خودا
لە دەشتی مەحشەر نەجاتمان بدا
لە مەحشەر دەڕۆن دەچنە پێی حیساب
عەمەل دەکێشرێ لە چاک و خراپ
ئەوەی کافرە دەچتە جەهەننەم
ئەبەدی دەبێ جار بە جەهەننەم
ئەگەر بە ئیمان ئەو کەسە مردبێ
لە جەهەننەمدا ئەبەدی نابێ
بەعزێ بێحیساب دەچنە بەهەشتێ
تاواندار بەقەد تاوان دەسووتێ
بەهەشت زۆر خۆشە جەهەننەم ئاورە
بەهەشتت دەوێ ڕێی شەرع بگرە
عەمەلت چا بێ جەزات نەعیمە
ڕێگەی خودا بگری سزات جەحیمە
ئەسڵی شەشەم
شەشەم باوەڕیە بە قەزا و قەدەر
بە خەلقی خودا چی خێر بێ، چی شەڕ
ڕازی بە خێر ناڕازی بە شەڕ
چاکە ڕەچاو کە خۆت لا دە لە شەڕ
لە قەزا و قەدەر چی دیکە مەدوێ
باریکەڕێیە پێت هەڵدەکەوێ