شاری مەستان

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  760 بینین
ئێرە وشکارۆی هەموو جێگە و وڵاتانە مەگەر؟
وەک دڵی من تەنگ و تاریک، بۆچی غەمدانە مەگەر؟
وا شپرزە و تێکچووە، چێشتی مجێور باشترە
بێکەس و بێدەر، هەتیوی دەرکوبانانە مەگەر؟
باسی نانت کرد لە هەرجێ، سەد نەفەر ئەستۆکەچە
ئەم وڵاتە قاقڕە جێی قووتی لاتانە مەگەر؟
چەرخی گەردوون بۆ لە سەر من جارێ خول نادا، چییە؟
بۆچی نەگبەت هەر بەشی من؟ هەر لە من جوانە مەگەر؟
مەسکەنی جنن و پەری هەرکەس دەبینێ شێت دەبێ
ئەم بەقوڕگیراوە بۆ جێی غەیرە ئینسانە مەگەر؟
لائوباڵی و بێ خەبەر، لاقەید و بێ تەدبیر و ڕا
کەس لە کەس گوێ ناگرێ، بۆ شاری مەستانە مەگەر؟