زستانی شێخ چۆپان

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 2 خولەک  782 بینین
زمهەریرێک بوو بە نێو زستان و هات و ڕابرا
عالەمێکی برد لەگەڵ خۆی، تا چووە چاڵی فەنا
کردەوە و پاشماوەکەی ئەو، بۆگەنی لاشەی وڵاخ
شوێن و ئاساری گڵاوی هیچ لە ماڵێدا نەما
خیگە هەڵچۆڕا لە چەوری، ئارد لە کەندوو بۆتە تۆز
ماست و دۆ، کەشک و پەنیر، تۆزێ نەمابوو بۆ دەوا
قووتی دا زستان هەچی بوو، قووتی حەیوان و بەشەر
کا لە کادێن بوو قوتار و گیا لە قۆریە و گیشەدا
جەرگ و دڵ ڕەش بوو لەتاو بێ سوختیی و دار و ڕەژی
بوو سپی چاومان لە حەسرەت تام و بۆنی قەند و چا
خشخشەی گرت کەڵ لە سەرمان، مرد لە برسان بزن و کار
لاڕەشە گەییە وڵاغ و گوێڕەپەی گرت جوانەگا
کەر لە سەرمانا هەڵیکێشاوە گوێی و هاتە دەر
چوو دەگەڵ گوێ کورتی ئەحمەق کەوت و لێک بوونە برا
هاتە دەر لاشەی مەڕوماڵ، بێ ژومار و بێ حیساب
سەگ لە خۆشی خۆشییا ڕێک کەوتنە خۆشی و سەما
گۆشتیان نەخورا لە بەر لاوازی و ئەسپێ و گەنە
پێستیان نەکرا بە وەسڵە، دەستی وێکەوت و دڕا
«لالەشوان» لاڵ بوو لە کێو و «کاکەریم» کوێر بوو لە ماڵ
ئەو لە تەندوور بۆتە تاجۆ، ئەو لە کەژ هاوار ئەکا
هات بەهار، ئەمما لە پاش بارانە بۆچیمە کەپەنک!
یا لە پاش مردن چ سوودێکی هەیە ئاوی بەقا؟
هات بەهار، ئەمما بەهاری هێندە پڕ سەیر و سەفا
نەبوە قەت، نەیدیوە کەس لەم دەورەدا، نەشبیسترا