پێنجخشتەکی سامی لەسەر شیعری قوباد جەلیزادەی شاعیری لاو

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 2 خولەک  701 بینین
قەڵای «غەمدان» و کوێستان و هەواری نەوبەهار هیچە
ئەگەر خارای قەرەیدوون بێ لە ئاڵتوونیش دەوار هیچە
تەڵاو و گەوهەر و دوڕی جیهان بابێ بەبار هیچە
«کە تۆم یار بی عەزیزی من هەزار و یەک نەیار هیچە
لەڕاست زەبری تفەنگێکا ڕماحی بێ ژمار هیچە»
ئەتۆ نازانی ئەو یارە چ شیرین و چ یارێکە
چ باڵا بەرز و قەدباریک بەناز و چاو خومارێکە
کە بۆی عەتری هەناسەی بێ هەتا مردن بەجارێکە
«بەهاری ڕووی بەهادارت بەچوار فەسڵە بەهارێکە
لەلای باخ و گوڵستانی وەنەوشە و لالەزار هیچە»
لە بێ مەیلیت لە ناڵین و لە دانەی خاڵ و ناو داوم
بەئاگری عیشقی تۆ جانە لە چەیوانت کە سووتاوم
بەخۆشت باش کە دەیزانی هەموو عومرت بەبا داوم
«کەمن ئەم دەنگە ناسکەی تۆم لەبەر گوێ بێ چرای چاوم
چ حاجەت سۆزی موسیقا کەمان و عود و تار هیچە»
بەپێچەی مەکر و زوڵفانت لەمن دووبارە داپۆشە
دڵی من تۆی لەناو دایە لەناو قوڵپەی گڕ و جۆشە
بەهەشت باخی نەمروودی بەبێ تۆ بێ لەلام بۆشە
«ئەگەر سیروانێ هەڵبەستم بەئاوی چاو لەلام خۆشە
کەچۆن مەعلوومە دڵداری بەبێ گریان و زار هیچە»
لەبۆ کوشتن چ بێ ڕەحمە چ غەددار و چ بێ باکە
ئەوا کوشتن ئەنیسیتی بەڕووی ڕۆژی کە ڕووناکە
لە بڕوای تۆ کە عاشق هەر بناڵێنێ وەها چاکە
«کەزی ئیشکچی مەمکۆڵەت لەمەو بەدوا لەبۆ ناکا
کەزانی عاشقی شەیدا ڕق و خەوفی لە مار هیچە»
خەزێنەی حوسنی تۆ گیانە دڵ و بیری ئەوا سەندە
کزەی کەیف و وەفاداری بەد و لێو و دەم و خەندە
لە سامیناسناوی ئەدەبی گەردەن و مل وەک خۆتەن خوان و سەمەرقەندە
«دڵی زاری «جەلیزادە» بەئەگریجەت وەها بەندە
تەمای بۆ سەرفیرازبوون و ئومێدی بۆ قوتار هیچیە»