دڵی ماڵوێران

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  492 بینین
دڵم شیوەنی بۆ ڕۆژی ڕووتە
چونکی بێبەرگ و هەژار و ڕووتە
دڵ وەک شووشەیە بۆ خونچەی دەستت
دەڵێی مەجنوونە بۆ چاوی مەستت
غەبغەب بۆ زەنەخ خزمەتیان دەوێ
سینە پاسەوان بۆ پاسی شەوێ
لەو کاتەی دڵت گرتم و بەستت
نەمزانی کەوا جەننەتە قەستت
نەمزانی دەیبەی بۆ باغەوانی
لای دوو خونچەکەی ئاو لە دەمانی
ئەوا دێتە خوار بۆ تیماری دڵ
بچێتە گەردن و زەنەخدان و مل
لەناو جەننەتی بێ لەغوە و درۆ
دڵ دابین دەکەی بە چاو و ئەبرۆ
تێدا دەمێنم هەتاهەتایێ
هەر بۆ من دەبێ ئاخری نایێ
من لە سامی خوا چونکی مامەوە
بردمیە جەننەت چاکەی دامەوە