بە ڕووخۆش لەگەڵ خۆشەویستی یەک ڕەنگ و دڵ
لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
1 خولەک
531 بینین
جارێ ڕووخۆش و بە پەنجان زولفەکانت شانە کە
ڕوو لە خانەی ئەو هەژارەی بێکەس و دێوانە کە
وا لە داخت شیوەنیەتی هێز و ئارامی نەما
سەیری لاشەی تێکشکاوی و ئەو دڵەی وێرانە کە
***
لاشە کووڕ و تێکشکاوە بەژنی وا شۆڕ بووەتەوە
دڵ وەک ئاساری بەختەک وا ڕما کووڕ بووەتەوە
پێکەنین لای ڕەقیبان هانەهانی یار دەدەن
بەکری بێدینیش بەرانبەر چاوی لێ مۆڕ بووەتەوە
***
بەسیە نازی چاوەکان و دوو برۆ و نێزەی مژان
بێکەسی وەک من لە بەرپێی بێنە گۆڕی خوێن ڕژان
بیر کەوە خۆت، کوشتنی من بۆ تۆ سوودێکی نییە
قاسیدم بۆ زولفەکانت ڕۆژی بادی و دێتە ژان
***
خۆشە لای من بمکوژی خۆت بمکوژە و دڵگیر مەبە
شوکر و شانازی دەکەم بەس خۆت وا لە من زویر مەکە
چونکی موشتاقە دڵی من لەتلەتی کەی ماڵتە
کووت کەیف دێنی لەگەڵ ما بیکە هیچ تەخسیر مەکە
***
ئاگری لاشە و دەروونم وەختە گڕ پەیکا تەمام
هاتە جۆش و وا دەسووتێ هەر وەکوو کوورەی حەمام
ئاوی چاوانی گەرم کرد سامی پێ بشواتەوە
کفن و دفنی کا لەبۆ ناو جەننەتی دارولسەلام