تۆ ئەگەر بێ حاڵ و بێ حاڵێم نەپرسی لەیلەکەم

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  418 بینین
تۆ ئەگەر بێ حاڵ و بێ حاڵێم نەپرسی لەیلەکەم
شێت و شەیدامە لە تاوان دەشت و سەحرا پەی دەکەم
گا لەسەر کێوان ئەسووڕێم گا لە فیکری گوڵ چنین
گاهێ دەروێشم لە تاوان چار و ناچار حەی دەکەم
گاهێ دەبمە باغەوان و گاهـ لە فیکری شیرنم
گاهێ سوڵتانم لە دڵدا گاهێ ئیسکافی دەکەم
گا لە باغی دائەنیشین مەی دەنۆشین دەم بە دەم
گاهێ تەنهامە لە بەڕیە ڕو لە دەشتی ڕەی دەکەم
گاهێ مەجنوونم لە تاوان کار و پیشەم زارییە
گاهـ خەریکم هەر بە قاقا مەیلی تاجی کەی دەکەم
عامیلێکم ڕووت و ناچار لۆمە کاریم بۆ دەکەی
دیل و یەخسیرم لەبۆیێ شین و دڵزاری دەکەم
پێم ئەڵێ یار وا دەبینم هەر کە دێوانەی لەبۆم
وا مەزانە پەردەیە بۆ دیتنی تۆ پێچ کەم
ڕۆژی دێت و وا لە پێشە هەر کە ڕۆژی شادییە
وەک زولیخا بۆ عەزیزی مەنعی دوو خونچەی دەکەم
مودەتێکە چاوەڕێم بۆ لوتفی زیبا و بۆ کەرەم
زۆر بە ئاوات و حەزینی سەیری ئەو شۆخەی دەکەم
وا لە بەحری سووری خوێنین پێم ئەڵێ خۆ ناخودا
فەرتەنەی بەحری لە پێشە سامیناسناوی ئەدەبی غەرقی مەی دەکەم