تۆ کەمنەزەری دەرحەقی من ئێستەکە ئاغا

داوای تووتنی بۆندار لە حاجی ئەسعەد ئاغا
لە کتێبی:
دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی
بەرهەمی:
شێخ ڕەزای تاڵەبانی (1831-1910)
 1 خولەک  6929 بینین
تۆ کەمنەزەری دەرحەقی من ئێستێکە ئاغا
من ماومە هەوای سوحبەتی تۆم هەر لە دەماغا
تا ڕۆژی قیامەت بە خودا زیندووە نامرێ
بابێ کە بمێنێ کوڕی وەک تۆی لە وەجاغا
بۆ تووتنەکەی بیشەمە و شاور و شێتنە
شێت بووم و نەهات، وەختە دڵم دەرچێ لە داغا
جاران چ بە جاغ و چ بە بار بۆت دەهەناردم
نانێری ئەمێستا نە بە بار و نە لە جاغا
ڕێی نەوتەکە باجگیری ئەگەر زۆرە دەفەرمووی
ڕێی خاسە بە شەو خاڵییە با بێ بە بولاغا
نەمزانی فەلەک گۆبەنی هەر بۆ منە یاخو
سەد دەستی وەکوو دەستی منی کردووە بە زاغا
یا ڕەب گوزەران کا بە سەفا وەختێ عەزیزت
پەیوەستە لە دەوری چەمەن و گەردشی باغا
بۆ چوونە تەوافی حەرەمی شاهیدی مەقسوود
عالەم هەموو مەئزوونە ڕەزاناسناوی ئەدەبی هەر لە یەساغا