ئەو ژینە چ ژینێکە کە مەحکوومی بەشەر بێ

لە کتێبی:
دیوانی موفتی پێنجوێنی
بەرهەمی:
موفتی پێنجوێنی (1881-1952)
 2 خولەک  769 بینین
ئەو ژینە چ ژینێکە کە مەحکوومی بەشەر بێ
ئەو نانە چ نانێکە بە تەزبیح و بە گەڕ بێ
هەر کەس کە نەبێ چاولەبەری مەردوم و حوڕ بێ
شیرینە ئەگەر شاڵ و فەرەنجیشی لەبەر بێ
کوڕ ئەو کەسەیە تا وەکوو ئاخر نەفەسی دێ
نانێک و ژیانێکی بە شان و بە هونەر بێ
فەرقی ئەم و ئەو چەندەیە لای ئەهلی بە ویژدان
شێخی چلەکێش و کوڕی کاسب لە سەفەر بێ
کەڵکی چییە بۆ دینم و دنیام و ژیانم
ڕیشێکی زل و مێزەری سەوزیشی لەسەر بێ
هەر مردنە با بمکوژن و بەس لە مەراقا
پڕ داخ و خەفەت ئاخری بێ سوود و سەمەر بێ
مەهتووکە لەلای من ئەوی ژینی بە گەڕانە
ئەولادی عەلی یا لە نەوەی زاتی عومەر بێ
ئەم قەومە گەلێکی وەکوو سەر بارە لە سەرمان
بنچینە ئەگەر وابوو خوا ژێر و زەبەر بێ
واعیز مەکە مەنعم دڵەکەم پڕ لە جەخارە
ناهەق نییە گەر قامەتەکەم چەشنی فەنەر بێ
ئەم ژینە کە وا باسی ئەکەم غایە و فکرم
ساخێکە وەکوو حەیتە لەدەس مەیتەری بەد بێ
ئەو لاشە کە بیمار و کز و زەرد و زەعیفە
دەرمانی نییە لازمە میکرۆبی بەدەر بێ
موفتیناسناوی ئەدەبی دەمی خۆت بگرە قسەی وا مەکە بەسیە
باوەڕ مەکە ئەو نەوعە بە شیعر و قسە تەڕ بێ