بینینی وەسفی ناتانی عەجائب نەوجەوانێکە
لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
1 خولەک
479 بینین
بینینی وەسفی ناتانی عەجائب نەوجەوانێکە
کەمەر شل پەنجە شمشاڵ و چ شۆخ و سینە پانێکە
کە داوی عەنبەری خاوی دەشوێنێ نەسیمی دەم
وەکوو جەیشی فەڕەنگ و ڕۆم لە ڕووی یارا هەژانێکە
لە تاراجی خەت و خاڵی دەهان و دوو لەبی ئاڵی
بە قیمەت بێ بە هەرزانی هەزار گەوهەر ددانێکە
لە هەر لا کوشتنی عاشق بەبێ کەس و فیغانێتی
لەلای مەعشوق سەلب باوە لە یاران خوێن ڕژانێکە
لە قانونی گەلی دولبەر جەفای عاشق کە پێویستە
بەڵام عاشق بەبێ چاری لە تاوا نەغمەخوانێکە
پەرێشانی قەدی ڕەعنا لەبۆ عاشق زولیخایی
لەتولی وێنە وەک من بوو منیش وەک وی زەمانێکە
لە تاوی تۆ هەتا مردن بناڵێنم ئەگەر یارە
بەعومری دووری تا ماوم لەلام هەر وەخت و دانێکە
چ دەرد و محنەتی عیشقی نەکەی توش بی بەڵایێکە
چ هەوراز بە پێچ پێچە چ بەرز و چۆن تەلانێکە
«بە ساما» گەر نەبێ هوننەر محاڵە لێی خەلاسیت بێ
ئەجل هەردەم لە دەوریدا وەکوو دانی سەپانێکە