لاشەی ئەهالی مێشک سوڵتانە
لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
1 خولەک
577 بینین
لاشەی ئەهالی مێشک سوڵتانە
دڵ سەرۆک وەزیر جەرگ مەیدانە
لەشکری خوێنە گەورەی لەشکری
کەسب و نان و دان دوو دەستەکانە
***
ئاگری زراوە کە دەیکوڵێنێ
دەڵێن میزدانە ئاگر رەوێنێ
عەنباری ڕسق مەعەبدەی ناوە
ددانی ئاشە زمان دەدوێنێ
***
کەپو بۆ بۆنی چاویش چرایە
گوێ بۆ وەرگرتن لە دەرگەمایە
ڕسق کۆکردن بۆ بار کردێنێ
دەستکار وا چیتی لاق بۆ ڕێگایە
***
زەکەر جوتیارە دەزانن لە شۆ
مەنی شتێکە دەکرێتن بە تۆ
وا پێشانماندان وەستایەک هەیە
ئینسان هەروەها نابێ سەربەخۆ
***
لەو هات و چوونە هەستێکی دەکا
شتێک دەبینێ سامێکی دەکا
ڕوحیش نازانین قسەی لێ بکەین
وەستایەک هەیە شت دروست دەکا