شەڕ

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 3 خولەک  784 بینین
دەنگی شەڕێک دێ شەڕێکی عەجیب
شەڕ کەرێک دارە یەک ئەرزی غەریب
لێکدی هەستاون بەعزمی سەلیب
کامیان قاتیلە مقتول یا نەسیب
شەرعی خۆیان برد بۆ حاکمی عادیل
کەوتنە محکەمەی مەقتول و قاتیل
وا قسان دەکەن یەک حەق یەک باتیل
تا بە دیاری خەن بێ فەزل و فازیل
دار:
ئەو ئەرزە گێژەی بۆ ناکەی بێ دەنگ
ئەمن دارێکم داری شۆخ و شەنگ
بەخشندەی بەر و سێوی پڕ بە چەنگ
منم دڵخۆشیی ئینسانی دڵ تەنگ
ئەمن دارێکم دارێکی بەناو
سێبەرم هەیە بۆ پیاوی تەواو
ئینسان پاڕێزم لە گەرمی هەتاو
تۆ سێبەری من بۆ ناینیە پێش چاو
ئەمن دارێکم دارێکی بە بەر
بۆ پیاوی گەورە کەسک و پڕ سێبەر
کۆمەڵ بە کۆمەڵ خەڵقم دێتە سەر
تەعامی دەخوا و ئەوجا دەچتە دەر
گوێی خۆت ڕاگرە گوێ بدە بە دەنگم
چاوت هەڵبڕە دارێکی شەنگم
پاش تەعام بەخشین یاریدەی جەنگم
لەپاشی حەیات بەرگی تفەنگم
ئاگات لێم هەبێ چاوم پێوەیە
تەعامی بەتام وا لە ڕێوەیە
کردەوەی سالیم هەر بۆ ئێوەیە
فەرموو ئەی حاکم ئەو دوو سێوەیە
ئەو ئەرزە گێژەی وا بێ عەقل و کەر
لە دادگاهی تۆ بۆ ناچێتە دەر
تۆ بەو عەقلی خۆت ئەمنی پڕ هونەر
چۆن دەگۆڕیەوە بەو ئەرزی لەجەر
حاکم
دەمت ببەستە ئەی داری غەددار
بۆچیمە سێوی پڕ لە ژەهری مار
ئەتۆ زاڵمی و دیارە تۆی خوێن خوار
با قسان بکا ئەو ئەرزی هەژار
ئەی داری زۆر وەڕ دەمت شل نەبوو
فیشاڵەکانت هیچ کەڵکی نەبوو
سێو بە من دانت حەپینی سە بوو
بەر بەخشینی تۆ مایەی فیتنە بوو
ئەرز:
یاخوا هەر بژی حاکمی عەدلیکار
مەزلومی ئەرزیت دیت و زۆڵمی دار
چەندی حاڵی من ناگوترێ بەزار
ڕەگی ببینە لە لەش چوویتە خوار
دیارە ڕەگی وی لە جەرگی منە
سایە و بەری وی لە خوێنی منە
زوڵم لێدەکا دوژمنی منە
خواردن و خواردنەوەی لە قەلبی منە
هەر من داکیمە کردیتم بەدار
من بەری بدەم ڕەگی پێچ و خوار
هەنگی دەیبینی عالەم بە یەکجار
لق و پەلکی شین دەبێ سەرەوخوار
وادای کوتاوە ڕەگی لە قەلبم
ڕای دەکێشتن ئاوی لە قەلبم
کردیتی بە سێو خوێنی لە قەلبم
وا دەیدا بەتۆ من پێی فەشەلبم
بۆیە وادەکا یاریدەی بکەی
حەقی حەقداری ئەتۆ ون بکەی
ئەتۆش عادلی ئیشی چا دەکەی
ئەی حاکم نابێ من مەغدور بکەی
سێوە سوورەکەی خوێنی جەرگمە
پەلکە کەسکەکەی جل و بەرگمە
هەردەم خەریکی فەتوو مەرگمە
خواردن و خواردنەوەی لەسەر ورگمە
حاکم:
ئەی داری زاڵم کەڵکت ناگرێ
ئەرز هەر دەژێ بەتۆ نامرێ
ئەوا تۆی بەردا کەس ڕات ناگرێ
تۆ موستەحەق بووی بۆ سەر ئاگرێ
حەقی ئەو ئەرزەی پێشان دا سامی
حاکم حوکمی دا حوکمی تەمامی
دار بسووتێنن قازانجی عامی
بەچاو دەبینن ئەتۆ لە کامی
دار:
حاکم گوێ مەدە ئەرزی ڕەش و شین
ئیمانت هەبێ دەرنەچی لە دین
زۆر چاک بزانە من و تۆ هاوبەشین
هەردووک وەک یەکین هەر دووک ڕووگەشین