ڕۆژێ نەبوو ئەم دڵبەرە بێ ڕەحمە وەفا کا

لە کتێبی:
دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی
بەرهەمی:
شێخ ڕەزای تاڵەبانی (1831-1910)
 1 خولەک  8147 بینین
ڕۆژێ نەبوو ئەم دلبەرە بێڕەحمە وەفا کا
جارێ نەبوو ئەم کافرە شەرمێ لە خودا کا
حەیرانن ئەتیبا لە عیلاجی مەرەزی من
لوقمانی ویساڵت مەگەر ئەم دەردە دەوا کا
کارێ کە غەم و دەردی فیراقت بە منی کرد
سەرما بە هەتیو با بە دەواری شڕی ناکا
دێوانەیە شەخسێ کە بە غەیری لەبی لەعلی
وەک شاهی سکەندەر تەڵەبی ئاوی بەقا کا
تاب و تەبی ئاتەشکەدەیی هیجری وەکوو شێت
نەزدیکە منیش واریدی سەحرایی فەنا کا
لەم ڕێگەیە تەقدیری ئەزەل وا بوو کە ئێمە
پاماڵی جەفا بین و ڕەقیب سەیر و سەفا کا
ڕۆح و دڵ و دین هەر سێ ئەکەم بەزل و نیساری
کامی دڵی من، گەر لە لەبی لەعلی ڕەوا کا
سەر دانێ لە ڕێی عەشق، ڕەزا لازمە عاشق
بۆ یار سەر و ماڵی سوپەری تیری قەزا کا