ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا
لە کتێبی:
دیوانی موفتی پێنجوێنی
بەرهەمی:
موفتی پێنجوێنی (1881-1952)
2 خولەک
2473 بینین
ئافەرین پارە کە وا دایم شەرەف پەیدا ئەکا
ناحەز و دوژمن وەکوو خەرمانی کا بەربا ئەکا
کۆمەڵی خوێش و برا، یەکسەر لە یەک تانا ئەکا
وا ئەزانم دین لە یەزدانیش مەردانەدەقی نائاشکرا سەودا ئەکا
حوکم و فەرمانیش بەسەر ئەم خەڵکەدا وەک شا ئەکا
هەر کەسێ پارەی ببێ ماقووڵ و خاوەن حورمەتە
ناوەجاخیش بووبێ ئێستە ڕەددی ئەمری زەحمەتە
ڕوو لە هەر شوێنێ بکا وێری بە چایی و شەربەتە
چش لەوەی خواردەستیەتی بۆ نانێ جەرگی لەتلەتە
پارە هێزێکە کە سەد گەلحۆی تەمەڵ وریا ئەکا
پارە سڕپۆش و عەیبداپۆش و لێفە و کورسییە
پارە حەڵقەی گەردنی لات و هەژار و برسییە
باخەڵت پڕ بێ سیلاحی چابووکی و بێ ترسییە
گەر بەتەنیا ڕوو لە ماڵێک کا لەجێی بیست و سییە
بۆ کەوش هەڵگرتنی سەد کەس بەجارێ ڕائەکا
هەر کەسێ پارەی نەبێ سەد عیلمی بێ دەرناکەوێ
هەر کەسێ پارەی نەبێ کار و قسەی سەر ناکەوێ
بۆ شکاتیش گەر بچێ بێ پارە جێی بەر ناکەوێ
پارەداریش هەر لەناوا ئیش ئەکا دەر ناکەوێ
پارە پیاوی ترسنۆکیش بێ درۆ و وریا ئەکا
بۆ سوپاسی پارە سەد دەفتەر بنووسم هەر کەمە
پارە ئەسبابی کەشیدە و حەجج و ئاوی زەمزەمە
پارە ئەسبابی نەمانی فیتنە و بەزم و خەمە
پارە بۆ دەردی دڵ و ئازاری دنیا مەرهەمە
پارە قەڵغانێکە ڕێبەستی هەرا و هوریا ئەکا
پارە تاریکی شەوی هەور و هەڵا ڕووناک ئەکا
پارە پیاوی ترسنۆک و بێ ورە بێباک ئەکا
پارە پیری کەوتە و خوێن تیانەماو چالاک ئەکا
پارە پیاوی هەرزە گۆ و نالەباریش چاک ئەکا
فەیلەسووفێک بێتە مەیدانی لە دەستی ڕائەکا
موفتیناسناوی ئەدەبی گەر هۆشت ببێ دەرمانی دەردت پارەیە
شێر بە گوێ بگرێ کەسێ بێ پارە بێ، پەتیارەیە
پیاوی بێ پارە هەمیشە سەرکز و بێچارەیە
هەرچی داماویی نەدیبێ غافڵی ئەم کارەیە
پارە هەرچەند شا نییە زۆر کردەوەی وەک شا ئەکا