نەورۆز
لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
1 خولەک
925 بینین
جەژنە ئەمڕۆ جەژنی کورد و ڕۆژی شادی و ڕۆژی نەو
مافی وەرگرت هاتە کایە هاتە دەست و هاتە دەو
لاوی کورد گشتی لە مەیدان ڕاپەڕی هەستا لە خەو
خائینی ئیمڕۆ بە گشتی ڕووڕەشن وا مل کەچن
چی دەکەن ئەوجا لە خۆیان قوڕبەسەر بۆکێ دەچن
ئاو ژیاوە گشت لە باغان خاک و گوڵ خونچە و هەوای
لاوی کورد وەک بێچووە شێران لەشکر و هەم پێشەوای
مستەفایە خۆشەویستی سەروەر و گشتی گەدای
داری ئازادی بەریدا وا بە گوللە و خوێنی گەش
گوڵ لە باغان وا دەمی دا لاوی کوردان هاتە بەش
کێوەچوون کا دوژمنانی خوار و وخێچوو دڵبەخەش
گوڵ بە خوێنی وا پشکوی هەر بەخوێنی لاوەکان
باغ و دەشت و دیمەکاری سومبولی ناو شاخەکان
خوێنی پێشمەرگەی لە دەم دێ هی جەرگ سووتاوەکان
ئیمڕۆ ڕۆژی تازەیە نەورۆزی کورد واهاتەوە
دەرگەیی شادی لە میللەت هەر بە خوێنێ کاتەوە
بەیداغی کوردی شێرنیشانی کۆنی خۆی هەڵکاتەوە
خائینی ئیمڕۆ بەگشتی ڕووڕەشن وا ملکەچن
چی دەکەن ئەوجا لە خۆیان قوڕبەسەر بۆ کێ دەچن