شوکرانە

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 2 خولەک  880 بینین
سەت شوکور خوێنی لاوان وەستاوە
ڕۆلانی میدیا و مستەفا و کاوە
بەیداغی کوردان دەژێ بە باوە
شایی و سەیرانە لە ناو گوڵزارە
جەژنەیە جەژنی شادی و ئازارە
کورد قەت نەترسا لە گوللەی گەرم
لە ڕێی ئازادی و ژینی هوننەرم
خوێنی دەڕێژم سەرچاو و سەرم
شایی و سەیرانە لەو گوڵ و گوڵزارە
جەژنەیە جەژنی یانزەی ئازارە
نابێ ڕۆژ بێ لە کورد و کوردستان
بە شادی گەل و دراوسێ و دۆستان
وا مافی گەلمان هاتە ناو دەستان
جەژنەیە جەژنی یانزەی ئازارە
شایی و سەیران لەو گوڵ و گوڵزارە
کورد مافی وەرگرت لە یانزەی ئازار
ڕووخا پیلانی دوژمن و زۆردار
تاساوە مێشک بڕوای ئیستعمار
جەژنەیە جەژنی یانزەی ئازارە
شایی و سەیران لەو گوڵ وگوڵزارە
جەژنەی پێشمەرگە و جەژنی لاوانە
ئیمڕۆ کە بەهەشت خاکی کوردانە
لە دەشت و شاخان کەیف و سەیرانە
جەژنەیە جەژنی یانزەی ئازارە
شایی و گۆوەند وا لەناو گوڵزارە
سامی لاوی کورد ئەو پێشمەرگانە
وا دەنگی داوە لە هەندەرانە
ئیمڕۆ کە ڕۆژی مێرو مەردانە
جەژنەیە جەژنی یانزەیە ئازارە
شایی و گۆوەند وا لەناو گوڵزارە