گامێشە کوێرە

لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
 3 خولەک  859 بینین
بەهاری ئەو ساڵ قەدەم بەخێرە
شین بوو وەنەوشە و شەوبۆ و شلێرە
سوێسنە و هەڵاڵە و سووسەنبەر و گوڵ
باغی ئێرەمیان داناوە لێرە
کوڵی دڵی هەور شینی کرد زەوی
باری بارانە و تەرزە و گلێرە
هەر ڕۆژە ئاوێ هەر شەو شەواوێ
وەستای باغەوان قەدیم ئاودێرە
شەونم لە باغان عەینی چراغان
وەختێکی هەڵدێ مانگ و ئەستێرە
ڕەنگی کوێستانی وێنەی بەهەشتە
جۆگەی سەلسەبیل ئاوی هەڵدێرە
قاقای قەتاری قاز و قورینگە
کاڕەی بەرخ و مەڕ دەنگی بلوێرە
قاسپەی خاسەکەو دەنگی مورغی حەق
بانگی سبەینان گوێ ڕابدێرە
لەو نێوە بولبول دەگری لەسەر گوڵ
دەرمانی عاشق فرمێسکی سوێرە
ئەو زەرد و سوورە پۆڕی گوڵانن؟
یا پۆلی بێری داویانە سێرە
من ماتی نەخشی پەروەردگارم
کوا ڕەنگ و ئەلوان دێنە ژمێرە
ئەمما لە ناکاو خووداری کردم
فیکری نەزانی گامێشە کوێرە
زان و نەزانی لێم بۆتە دمدم
یا خۆ نەزیلەی مام ڕێوی و شێرە
داماوم ئێستا بۆ ئەهلی حاڵێ
مەعلوومی کا لێم مێیە یا نێرە
بە کلک و بە گوێ بە خشە و مشە
وەک گامێش دەچێ ئەمما پانێرە
رۆژێ گوێم لێ بوو کابرایەک دەیگوت
خودا دایناوە بۆ پانێرە گێرە
قەراری زانت مانگێ بەهار بوو
ئەوا سێ مانگ چوو ئاخر ساڵ دێرە
ئەتۆ و مام ئەحمەد بۆ پێتان وایە
درۆ سەوابە و تەفرەدان خێرە
عومری سەگت بوو لەعەلیابادێ
خراپەم نەکرد هێنامیە ئێرە
جێگاکەت نەرمە تەویلەت گەرمە
تفاقت خۆشە مەزرات زەنوێرە
خزمەتت دەکەن پیاوی ئاغاکان
عەلی و ئاوڕەحمان دەڵێن زۆر تێرە
تڵتەی بۆ ناردی «مستر ترۆمەن»
دەلێن دەستووری «ئایزەنهاوێرە»
پێم وابوو ئەو ساڵ بە شیر و ماستت
دەپچڕێ مەشکە و دەقەڵشێ نێرە
تا خاوەنی تۆم بێ ماست و بێ دۆم
پارشێو و شێوم نانە و کولێرە
تێری و ناپرسی لە حاڵی برسی
ڵۆقت درێژە و دەنگت دلێرە
کاتی بەیانان پاش دوو ڕەکات نوێژ
دەست و زمانم بەو زیکرە فێرە
دادەی مامۆستا ڕۆنم بۆ بکڕە
تۆخوا مەلاژن دۆم بۆ بنێرە
عەیبە حەیات بێ بۆ قاپە دۆیەک
ئەم ماڵ و ئەو ماڵ چی دیم مەنێرە
جوابی دامەوە دەزانی چی گوت؟
ئەو شاخ زەلامەی بەدەن تاوێرە؟
ئاغای حەقیقیناسناوی ئەدەبی بەس چاوەڕێ بە
سەرفی نەزەر کە لەو خێروبێرە
ژینی بە مننەت مەرگی بەنەنگە
ئینسانی قانع سەر بەرز و مێرە
تا گامێش دەزێ حەو جار ساز دەبێ
حەمامێک لە نوێ بە نمرە و شێرە