وەڵامێکی زیرەکانە
شەوی مابوو مستەفای نانەوا لەگەڵ شاگردەکانی خەریکی تەندوور داخستن و هەویر شێلان بوو، لە بەرەبەیانەوە دووانیان گونتکی دەگرت، یەکیان دەیکردەوە، مستەفاش بەو چلەی هاوینە لەبەر تەندوورەکە وێستابوو، نانی پێوە دەدا. یەکێ لە شاگردەکانیشی لەسەر پێش خوانەکە دانابوو نانەکان بفرۆشێ.
بەیانی زوو لە پێش هەموو کەسدا کارگەرەکان دەهاتن، هەریەکەی چەند نانی دەکڕی و بەپەلە دەڕۆیشت تا خێرا بگاتە سەر کارەکەی، نەکو ئەو ڕۆژە کاری دەست نەکەوی یا هەقدەستی کەمتری بدەنێ. تاویان گەرم بووبوو، هورووژمی نانکڕ نەختێ هێدی بووبووەوە، مستەفا بەیەکێ لە شاگردەکانی گوت:
- ڕۆڵە چایەکە لێ نێ و بچۆ هێندێ پەنیر بکڕە با لە دەرفەتدا نانەکەمان بخۆین!
لەو وەختەدا حاجی ڕەحیم وەکو مانگا و گوێرەکە، نۆکەرەکەی وەدوای خۆی دابوو پێنج - شەش نانی پێ هەڵگرتبوو، پەیدا بوو. هێشتا بەتەواوی نەگەیشتبووە بەردووکانەکە نەڕاندی:
- ئەوە کوا مچەی نانەوا؟
مستەفا گوێی لە دەنگی حاجی بوو، هات، بەقۆڵی کراسەکەی ئارەقی تەویلی سڕی و گوتی:
- حاجی ئاغا فەرموو!
- چی فەرمووم؟ ئەوە نانە بۆ منت ناردووە؟ نابێ خەڵک بناسن و قەدری خەڵک بزانن!
مستەفا (زۆر بەمەندی و لەسەرخۆ):
حاجی ئاغا ببوورە، ئێمە نانی ڕاسپاردەمان نییە، نان دەکەین و دای دەنێین، هەرکەسێ تر بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ و دەیبا و دەڕوا.
- نابێ ئاگات لە دەمی خۆت بێ، ئەوە وەڵامە بەمنی دەدەیەوە؟
- بەڵێ وەڵامە و ڕاستییەکەشی هەر ئەوەیە، من تووڕە نابم و هیچی خراپیشم نەگوتووە. (جەنابت!) لەخۆڕایی تووڕە دەبی، نانەکان خراپییان چییە؟
- چۆن خراپییان چییە، ئەوەتا هەر هەویرن ناخورێن.
- حاجی ئاغا، بڕوانە نانەکانی سەر پێش خوانەکە. برژاویان تێدایە، کەم برژاویان تێدایە، هەرکەسە حەز لە جۆرێک دەکا، کڕیار دەبێ خۆی هەڵبژێرێ، پێم گوتی ئێمە نانی تایبەتی بۆ کەس ناکەین.
- چۆن ئاوا لەگەڵ من دەدوێی، تۆ من ناناسی، نازانی من کێم؟
- بۆچی ناتناسم، (جەنابت!) حاجی قۆیتاسی. «ئەم کابرایە لە پێشدا پێیان دەگوت قۆیتاس سوتخۆر، پاشان کە دەوڵەمەند بوو، چووە حەج و ناوی خۆی نا حاجی ڕەحیم».
- دەی خوا موبارەکی نەکا، وامان لێ هات؟ من سەدی وەک تۆ کرێنشینم هەیە. نەختێ بفامە و بزانە چۆن لەگەڵ خەڵک دەدوێی!.
- زۆر باش دەفامم و دەزانم لەگەڵ خەڵک بدوێم. منیش سەدان کەسی وەک تۆ نانخۆرم هەیە و لایەکی ئەم شارە نانی من دەخوا.