ڕاگەیاندنی مافی جانەوەران لە نزاری یانکی

لە کتێبی:
پێکەنینی گەدا
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 23 خولەک  884 بینین

لە نزاری «یانکی» هەڵبژاردنی سەرۆکی جانەوەران بوو. دوای بێنە و بەرە و نەڕە و گوڕەیەکی زۆر، میستێر «ئێلێفانت» هەڵبژێردرا. وردە جانەوەری گۆشتنەخۆر لەناو خۆیاندا دەیانگوت پریزدێنت ئێ لێ فانت لە قسەکانی سەردەمی هەڵبژاردنیدا لەوە دەچوو چەنەبەری جانەوەرە دڕەکان بێت و نەیەڵێ ئەوەندە زوڵم و زۆریان لێ بکەن. بەڵام کاتێ دیتیان ئەندامەکانی دەوڵەتەکەی هەر لە دڕندەکان هەڵدەبژێرێ، بەتایبەتی دوو- سێیەکیشیانی بۆیە کردووە، گوتیان نەخێر هەر پێودانەکەی جارانە و فڕوفێڵی تازەش سەرباریەتی.

دوای ماوەیەک پریزیدێنت ئێلێفانت قسەی کرد و بەتەواوی دنیای جانەوەرانی ڕاگەیاند کەوا «بەناوی سەرۆک ناتوانێ ببینێ مافی جانەوەران لەملا و ئەولا پێشێل دەکرێ.. مافی جانەوەران دەبێ بپارێزرێ و هیچ کەس هەقی ئەوەی نییە ئەو مافە زەوت بکا».

وردە جانەوەرانی گۆشتنەخۆر کە ئەمەیان بیست گوتیان: «لە خوت و خۆڕایی گومانی خراپمان لە پریزیدێنت کرد. وا دیارە بەڵێنەکانی خۆی لە بیر ماوە و بەجێیان دێنێ».

بەڵام جانەوەرە دڕندەکان کە هێندێکیان لە دەوڵەتیشدا هاوبەش بوون، لەم قسانە تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم کابرایە ناشارەزایە و ئاگای لە دەمی خۆی نییە. تووشی گیروگرفتێکمان دەکا. وا چاکە کۆبوونەوەیەکی نهێنی پێک بێنین و تێی بگەیەنین بەجۆرێک ئەو قسانەی خۆی وەرگرێتەوە»، لەمەش بەدوا بەبێ پرس و ڕای ئێمە قسە نەکا». کۆبوونەوەی نهێنی پێک هات.

میستێر لایۆن کە یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆبوونەوە، هەستایە سەرپێ و ڕووی دەمی کردە پریزیدێنت و گوتی: «پریزیدێنت ئێلێفانت! ئەو قسانەی تۆ کردووتن بەپێچەوانەی ڕەسم و باوی نزار و بەپێچەوانەی سوود و قازانجی جانەوەرانە. مەگەر ئێوە نازانن لە جەنووبی نزار سپییەکان (کۆکڵۆکس کڵان) بەکرێ دەگرن و بەهاوکاریی ئەوان ڕەشەکان ڕاو دەکەن؟ ئەوان بۆ ڕابواردنی خۆیان ڕەشەکان ڕاوەدوو دەنێن.. کۆ دەبنەوە و ئاهەنگ دەگێڕن.

ئاهەنگەکەیان بە لەت و پەتکردنی ڕەشێک لەبەر ڕووناکاییی مەشخەڵ کۆتاییی دێ. ئەو قسانەی ئێوە ئەم رەسم و باوە تێک دەدا، ئیتر ئاهەنگ و ڕابواردنەکە پەکی دەکەوێ و جانەوەرەکانی نزار وەڕز دەبن. من بەناوی ئەوانەوە ڕەخنە دەگرم و دەمەوێ لەو قسانە پەشیمان ببیتەوە».

نۆرەی قسە هاتە سەر میستێر تایگەر و گوتی «قسە تەنیا لە سوود و قازانج نییە. مەسەلەی گرینگ و گەورە ئەوەیە ڕێکوپێکی لەناو دەچێت و ڕێوشوێن بەتەواوەتی دەشێوێ. وردە جانەوەری وەکو ڕەشەکان و هیی تر سەر بەرز دەکەنەوە و هەموو نەریت و باوێک تێک دەدەن. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە ئێمە خۆمان بژێومان نامێنێ. دەست بۆ هەر جانەوەرێک بەرین هاوار دەکات و دەڵێ مافم پێشێل دەکەن».

میستێر وۆڵفیش دوای ئەو هەستایەوە گوتی: «ئەو قسانەی پریزیدێنت بەتەواوەتی بە زیانی چینی گۆشتخۆر (نازناوی دڕوندەکان)ی جانەوەرانە.

پریزیدێنت کە خۆی لەم چینەیە و ئەم چینە هێناویەتە سەر کار، تێ ناگەم بۆچی بە زیانی خۆی و چینەکەی دەدوێ؟ دوژمنەکانی ئێمەش هەر ئەو قسانە دەکەن. وا دیارە میستێر ئێلێفانت تازەکارە و لە ڕێوشوێنی سیاسەتی نزار ناشارەزایە. ژیانی چینی گۆشتخۆری جانەوەران و سوود و قازانجی دەوڵەتی ئەوان پێویست دەکا پریزیدێنت ئێلێفانت، ڕابگەیەنێ کە ئەو قسانەی خۆی وەرگرێتەوە. لەمەش بەدوا هەر کاتێ نیازی قسەکردنی هەبێ لە پێشدا ڕاوێژ بە ئێمە بکا». میستێر وۆڵف لە کۆتاییی قسەکانیدا گوتی: ئێستا میستێر فۆکس کارناسی کۆمەڵایەتی و پسیکۆڵۆجیی نزار کە سکرتێر و ڕاوێژکەری میستێر لاینە، لەباری زانیارییەوە لەم مەسەلەیە دەدوێ».

میستێر فۆکس کلکی ڕاوەشاند و چووە پشت بڵندگۆ. هەستا سەر پاشوان و گوتی: «بە ئیجازەی پریزیدێنت و سەرۆکەکانی چینی گۆشتخۆر کە بەرزترین چینی جانەوەرانە، لە سەرەتاوە دەڵێم: بەداخەوە هەرچەند لە خواردنی هێندێ جانەوەری بچووکی وەکو مریشک و قاز و شتی وا، لە دەرفەتدا درێغی ناکەم، ئەو شەرەف و سەربەرزییەم بەرنەکەوتووە کە لە چینی بەرز و بەڕێزی ئێوە بژمێردرێم. بەڵام لە سەردەمی ئیمپراتۆریی میستێر لایندا هەردەم یەکێک بووم لە خزمەتکارەکانی ئیمپراتۆری و چینی ئێوە.

بەناوی وەزیر و ڕاوێژکەر یا ئەمینداری تایبەتی ڕاز و نهێنی، لەو بارەگایەدا بووم و خزمەتێکی زۆرم کردووە. دڵسۆزیی من بۆ ئێوەی بەڕێز و چینی بەرزتان لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە.. سەبارەت بەمە، ئەوەی دەیڵێم، هیوادارم لە بارەگای پریزیدێنتدا بەبێ ئەدەبی دانەنرێ. تەنیا بەڕوونکردنەوە و بیرخستنەوەی هێندێ مەسەلەی زانیاری بژمێردرێ کە مەبەست لەوەش دڵسۆزییە بۆ ئێوە و چینی بەرزی ئێوە.

«میستێر پریزیدێنت! میستێر لایۆن، تایگەر، وۆڵف! کۆمەڵناس و پسیکۆڵۆجی گەورەی ئەمەریکایی (ئەدوارد ڕۆس) سیستێمێکی داناوە بەناوی سیستێمی (بەداهەت). بەپێی ئەم سیستێمەی ئەو، ئەو جانەوەرانەی لە هەلومەرجی جۆربەجۆری جوغرافیاییدا دەژین بەناچاری لە باری پێگەیشتنی عەقڵی و چلۆنایەتیی پسیکۆڵۆجییەوە لەگەڵ یەک فەرقیان هەیە.

جانەوەرەکانی ناوچەی گەرمێن لە باری عەقڵەوە بەخۆدا نەهاتوون و گەشەیان نەکردووە. خەڵکی شیمالی ڕۆژاوای ئەوروپا و ئەمەریکای شیمالی پێ گەیشتوون. بەرزترین ئیستیعداد و لێهاتووییی عەقڵی و چلۆنایەتیی وەک (هێز) و (لەخۆڕادیوی) و (بەپارێزی) و شتی وایان هەیە. نزارە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێ لە مێژووی جیهاندا نەخشێکی گەورە یاری بکا.

«هێندێ تیووریزانی تری ئەم نەژادە دەڵێن: پەروەردەبوونی ڕۆحی خەڵکەکانی ڕۆژاوا، لە بنەڕەتەوە لەگەڵ خەڵکەکانی ئاسیا و ئەفریقیا فەرقی هەیە. بۆ خەڵکی ڕۆژاوا شتێکی تەبیعییە کە لە پێناوی دیموکراسی و ئازادی و هێزی چالاک و توندوتۆڵدا تێ بکوشێ. بەڵام خەڵکەکانی ئاسیا و ئەفریقیا دیموکراسییان هەر بەخەیاڵیشدا نایەت. گوێ نادەنە ئازادی و حەز لە دیکتاتۆری و زوڵم و زۆر دەکەن. لەبەر ئەوە شتێکی عەجایب نییە سپیپێستی خاوەنی چلۆنایەتیی بەرزتر، یانێ ئەمەریکایی لە بەرامبەر ڕەشەکانی ئەفریقیا و هیی تردا بەبەرزتر بزانرێ. بەپێی ئەم تیوورییانە جانەوەرانی نزاری یانکی لە تەواوی جانەوەرانی تر بەرزترن. دەبێ ئەمان ئاغای ئەوان بن و بەهەر چەشنێ بەپێویستی بزانن کەڵکیان لێ وەربگرن، نەزان و وەحشییەکان فێری زانین و دیموکراسی و ئازادی بکەن! ڕاگەیاندنی مافی جانەوەران ئاوا بە چەشنی گشتی بەپێچەوانەی مافی جانەوەرانی یانکییە و زیانی هەیە.

«جانەوەرانی بەڕێز! تا بەپێی ئەم تیوورییانە دەبزووتنەوە، فەرمانڕەوای سەرانسەری نزارەکانی دنیا بوون. بۆ نموونە، جانەوەرە بەرزەکانی بەریتانیا چەند سەد ساڵ بەسەر هیندستاندا، هینەکانی پورتوگال بەسەر ئەنگۆلا و مۆزامبیک و چەند نزاری تری ئەفریقیا و ئاسیادا، هینەکانی بەلجیک بەسەر کۆنگۆدا و هیی گەلێ جێی تری ئەوروپا بەسەر گەلێ نزار و لێڕەواری جیهاندا فەرمانڕەوایییان دەکرد.

ئەو نزارانەیان دەکردە کلکەی مایەی خاوی نزارەکەی خۆیان. نزارێک دەبوو لۆکە بەرهەم بهێنێ، نزارێکی تر خوری و یەکێکی تر شەکر. وەکو ئێستا چینی بەرزی ئێوە لە ئەمەریکای لاتینی ئیمپراتۆریی قاوە و مۆز و شەکری هەیە.

«میستێر پریزیدێنت! نابێ لە بیر بچێ کە ناوەندی چینی گۆشتخۆر (کاپیتالیزمی ئەمەریکا) ناوچەی مێژووییی (نیۆئینگلاند)ە، واتە تەواوی ڕۆخەکانی ڕۆژهەڵات و جێگەی دابەزینی کۆچکردووە دەوڵەمەند و بەرزەکانی ئەوروپا. ئەوان سەبارەت بەوە کە لە باری عەقڵەوە پێ گەیشتبوون و لێزان و بەرز بوون، هێندێ مۆنۆپۆڵیان بۆ خۆیان دامەزراند. تەواوی ئەو خاکە پان و بەرینەیان کێشا ژێر فەرمانی خۆیانەوە. دەستەڵاتی نیۆئینگلاند وردە وردە تەواوی نزارە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تەنییەوە. بەڵام ئەم کارە هەروا بەسووک و ئاسانی نەکرا. باپیرەکانی ئێوەی بەڕێز ڕەنجێکی زۆریان دا، شەش میلیۆن و نیویان لە هیندییە سوورەکان کوشت تا (ئالاباما) و (لویزیانا) و (میسیسیپی) و (کارولینا) بوونە ناوەندی میلیاردێر و چەک دروستکەرەکانی جیهان و کانگیستێرەکان. گۆشتخۆرەکانی جەنووبیش بە پشتیوانی و یارمەتیی سەرمایەی ڕۆژهەڵاتییەکانی ئەم نزارە، ڕێژیمی کۆیلەدارییان دامەزراند.

«قسەکانی پریزیدێنت لە دژی مێژووە. ئەم ڕژێمە ڕیشەی مێژووییی هەیە و نابێ تێک بچێ. تێکچوونی ئەوە بە زیانی نیۆئینگلاند و تەواوی جانەوەرە گۆشتخۆرەکانە. لەوانەشە- داوای لێبووردن دەکەم- بەروبووی بۆ پریزیدێنت باش نەبێ. لە زەمانی (لینکۆڵن)ەوە کە قانوونی تێکدانی کۆیلەیی دانرا، تا قانوونە مەدەنییە تازەکەی زەمانی (کەنەدی) دوو سەرکۆمار بە گوللە کوژران.

نزاری یانکی هەروا بەرەڵڵا نییە. لێرە دیکتاتۆرییەکی نهێنی هەیە کە خۆی لە قاپێلکی ڕێژێمی ئازادیی سەرمایەداریدا پیشان دەدا. هاتنە سەر کاری دەوڵەت و مانەوەی ئەو لەسەر کار بەستراوە بەڕازیبوونی ئەو دیکتاتۆرییەوە.

«لە کۆتاییدا بۆ ئیسپاتی زیانی ئەو قسانە، نموونەیەک وەبیر دەخەمەوە:

ساڵی ١٩٦٨ مەسەلەی ماف گەرم بوو. لە کاتێکدا کە ئێمە لە ڤێتنام خەریکی شەڕ بووین و چینی بەرزی ئێوە دەیویست بە پێنج سەد هەزار سەرباز و چەند میلیۆن تۆن بۆمبا و ئەو هەموو پارەیەی بەختی کرد ئازادی و دیموکراسی بۆ خەڵکی ڤێتنام بەدیاری بەرێ، جانەوەرە ڕەشەکانی نزاری یانکی ڕاپەڕین، ئەو بەڵێنانەیان کردە مەسەلەی ڕۆژ کە دەوڵەتی کەنەدی پێش هەڵبژاردن بەوانی دابوو. سەرەڕای ئەو کوشتارەی کە چەند ساڵ لەوەپێش لە گەڕەکی (هارلم)ی نیویۆرک لەم جانەوەرە ڕەشانە کرا دیسان هاورووژان. لە گەڕەکی (واتز) لە شاری لۆس ئانجیلۆس (شاری فریشتەکان) لە ناوچەی میسیسیپی کە سێیەمین شاری گەورەی سەنعەتیی ئەمەریکایە دەستیان کرد بەئاژاوە. سەدی چل و پێنجی خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕەشن. لێرەدا دەتوانن بیری لێ بکەنەوە ئەگەر ئەو ئاژاوەیە سەرکوت نەکرایە چ کارەساتێک دەقەوما.

لە سێ ناوچەی گرینگ و پڕ لە خەڵکی ئەمەریکا: میسیسیپی، ئالاباما، کارۆلینای جەنووبی هەرگیز تاقە خوێندکارێکی ڕەش لە زانستگە نەبینراوە..

کەچی ئەوانە داوایان دەکرد لە زانستگە بخوێنن و (جیمز مردیت)ی خوێندکاری ڕەشیان بەسەر زانستگەی میسیسیپیدا سەپاند. هەر لەو کاتەدا وردە جانەوەری سپییش هاورووژان. (واڵتەر ڕۆیتێر) نوێنەری وردە جانەوەری ئەمەریکا کە پێیان دەڵێن کارگەر، سەد و شەست هەزاری لەوانەی لە کارخانەی ترومبێل دروستکردنی (فۆرد)دا کار دەکەن هێنایە مەیدان، مانیان گرت و کارخانەکەیان پەک خست. ئەمانە لە دژی شەڕی ڤێتنام، یانێ لە دژی بڕیاری چینی بەرزی گۆشتخۆران، داوایان دەکرد لە باری قانوونییەوە دڵنیا کرێن کە نانێردرێنە شەڕ و دوو ئەوەندەی کە کۆمپانیی فۆرد پێشنیازی کردبوو داوای زیادکردنی هەقدەستیان دەکرد و خەریک بوون ئەو کۆمپانییە کە هیی گۆشتخۆرەکانە بفەوتێنن. ئا ئەمەیە بەروبووی دانی ماف بە وردە جانەوەر. (چەپڵە لێدان و ئافەرینی میستێر لایۆن و تایگەر و وۆڵف).

***

کە ئەوانە لێ بوونەوە پریزیدێنت ئێلێفانت چووە پشت بڵندگۆوە. لە سەرەتای قسەکانیدا ویستی پلارێک بگرێتە میستێر فۆکس کە لە زمانی میستێر لایۆنەوە هەڕەشەی لێ کرد و گوتی: «لەو کاتەوە کە لە زەمانی لینکۆلندا قانوونی تێکدانی ڕێژیمی کۆیلەداری دانرا، دوو سەرکۆمار بە گوللە کوژراون» گوتی: «من زۆر باش دەزانم بەیارمەتیی کێ هەڵبژێردراوم و هەرگیز لە کونی خۆم هەڵناگەڕێمەوە، لەبەر ئەوە گەڕ نابم».

پاشان گوتی: «سوپاسی هەمووتان دەکەم. قسەکانتان دڵسۆزانە و ژیرانە بوو. ئێستا کە کۆبوونەوەکەمان نهێنییە و بێگانەمان لەناودا نییە، دەمەوێ بۆتانی ڕوون کەمەوە کە ئەو قسانەم لەسەر چ بنەڕەتێک کرد و لە کوێ ئاو دەخۆنەوە. هەمووتان میستێر هەژدیها (ڕۆکفلێر) دەناسن و لام وایە گومانتان لەوەدا نییە کە بە هەموو هێز و توانایەوە سوود و قازانجی چینی گۆشتخۆر دەپارێزێ. ماوەیەکی زۆر پێش هەڵبژاردن کۆمیتەیەک لە پسپۆڕان و لێزانان لە بارەگای ئەو لە چەند مەسەلەیەکی کۆڵییەوە. یەکێ لەو مەسەلانە مافی جانەوەران بوو. من بەپێی بڕیاری ئەو کۆمیتەیە و بەئەسپاردەی میستێر هەژدیها ئەو قسانەم کرد. من دەتوانم میستێر لایۆن و میستێر وۆڵف و بەتایبەتی میستێر تایگەر کە دەڵێ «بژێومان نامێنێ» دڵنیا بکەم کە ئەو قسانە بەهیچ جۆرێ پەکی کاری ئەو ناخات و بگرە بە سوودی ئەوانیشە.

ئەوان دەتوانن لەسەر نەریت و ڕێوشوێنی خۆیان بڕۆن و تا ئێستا چییان کردووە هەروا بکەن. ئەمانە جارێ هێشتا هەر قسەن و نەبوونەتە قانوون.

هەر جانەوەرێک بیەوێ بە بیانووی ئەم قسانەی من نەریت و ڕێوشوێنی نزار تێک بدات و لە ڕەسم و باوی چینی گۆشتخۆری جانەوەران دەرچێ، تێڵا بەدەستەکانی دەوڵەت وەڵامیان دەدەنەوە».

میستێر فۆکس قسەکەی پریزیدێنتی بڕی و گوتی: «ببوورە! ئەمە نەختێ دەبێتە شوورەیی بۆ پریزیدێنت». پریزیدێنتیش درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: «شوورەییی چی، یانێ قسەکانی من دەبنە درۆ؟ (بەگاڵتەوە) لام وایە ئەم شوورەیییە لەسەر لێدانی لینکۆلن و کەنەدی ئاسانترە» «وشەی درۆ ڕێگەی ناکەوێتە کۆشکی سپی. بەمە دەڵێن گۆڕینی ئیرادە...».

پریزیدێنت لەسەر قسەکانی خۆی ڕۆیی و گوتی: «تازە ئەگەر ئەم قسانە بشبنە قانوون دیسان بۆ ئێوە هەروایە. قانوونی تێکدانی ڕێژیمی کوێلەداری کە لە زەمانی لینکۆلندا نووسراوە تا ئێستا هەر وا لەسەر کاغەز ماوەتەوە.

بەڵێ ڕاستە کڕین و فرۆشتنی ڕەشەکان لە بازاڕدا نەماوە» بەڵام کوشتن بە سزا هەر هەیە. جانسۆن کە خەریک بوو قانوونی مەدەنیی تازە بەجێ بگەیەنێ، هەر لەو وەختەدا جێمز مردیتی خوێندکاری ڕەش کە بۆ هەوەڵین جار دەچووە زانستگەی سپییەکان، سەرەڕای ئەوە کە پاسەوانی فیدراڵیشی لەگەڵ بوو تەقەی لێ کرا و کوژرا، لە کاتی ئاژاوەی ڕەشەکانیشدا کۆمەڵی (کۆکڵۆکس کڵان) و دەستە و تاقمی تر کە سەر بە چینی ئێمەن ماوەی دوو مانگ بوو تەقەیان لە ڕەشەکان دەکرد و دەیانکوشتن. نموونەی وا زۆر هەیە و ئێوە بەهیچ جۆرێ نابێ پەرۆشتان بێ. ئێمە کە دەڵێین ئازادی و دیموکراسیمان هەیە، بۆ جانەوەرەکانی نیۆئینگلاندە. بۆ جانەوەرەکانی چینی گۆشتخۆرە. ئەوان لە هەموو کاروبارێکی خۆیاندا ئازادن و دەوڵەت دەوڵەتی ئەوانە و لە خزمەت ئەواندایە.

«لەبارەی خۆپیشاندانی وردە جانەوەری کارخانەی فۆردیشەوە بۆ پێشگیری لە ئاژاوەی کارگەرەکان و بۆ پەکخستنی تێکەڵبوونی ئاژاوەی ڕەشەکان لەگەڵ ئەوان، پۆلیس بە ترومبێلی زرێپۆش و چەکی دژی خۆپیشاندانەوە لە دەوری کارخانەکانی فۆرد و ناوەندەکانی تری کارگەری کۆ بوونەوە و لەمێژ بوو گەڕەکی ڕەشەکانیشیان گەمارۆ دابوو.

«پۆلیسی ئاشکرا و نهێنی لەو کێشەیەدا چەند جۆرە چەکی دژی خۆپیشاندانیان بەدەستەوە بوو. یەکێ لەو چەکانە دەمانچەیەکی ڕۆکێتهاوێژ بوو کە گازی گێژکەری بڵاو دەکردەوە. ئەو گازە خۆپیشاندەرەکانی گێژ و وڕ دەکرد و دەکەوتن، بەڵام نەیدەکوشتن. یەکێکی تر چەکێک بوو کە خۆپیشاندەری چالاک و توندوتۆڵی خاووخلیچک دەکرد و لە کاری دەخست.

تفەنگچییەکانی یانکی لە ڤێتنامیش ئەم چەکەیان بەکار دەهێنا. ئەمەیان بەلای ئێمە فەرق ناکات. هەر کەس لە دژی دەستەڵاتی چینی گۆشتخۆر بێ، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە، وەکو یەک تیێ دەسرەوێنین.

«چەکێکی تر کە لە دژی خۆپیشاندەرەکان کەڵکی لێ وەرگیرا، دەزگای بڵاوکردنەوەی توێکڵە مۆز بوو. ئەم دەزگایە ئەو مادە لینج و نووسەنەکەی کە لە توێکڵی مۆزدا هەیە بەسەر جادەکان و خۆپیشاندەرەکاندا دەپرژاند.

جادەکان ئەوەندە خلیسک دەبوون، خۆپیشاندەر هەر لە جێی خۆی بجووڵایەتەوە، دەخلیسکا و دەکەوت. دوای کەوتنیش بە جادەکەوە دەنووسا و نەیدەتوانی هەڵستێتەوە.

«ئەمانە ئەو چەکانە بوون کە نۆ ساڵ لەمەوپێش لە دژی ئاژاوە و خۆپیشاندانی وردە جانەوەر کەڵکیان لێ وەردەگیرا. لەوساوە بنیاتەکانی کیمیایی بەئەسپاردەی دەزگاکانی دەوڵەت گەلێ شتی تریشیان داهێناوە.

ئێستا ئەوانە هەمووی لە بەردەستماندا هەن و لە کاتی پێویستدا کەڵکیان لێ وەردەگرین. دەوڵەت بەخۆی و بەو چەکانەوە و بەهەموو هۆیەکی تریشەوە سوود و قازانجی چینی بەرزی گۆشتخۆران دەپارێزێ و تەواوی قانوونەکانیش هەر بۆ ئەمە دانراون. بنچینەی قانوونە نووسراوەکان مادەیەکی تاقانەی نەنووسراوە، ئەویش ئەمەیە: «پاراستن و دابینکردنی هەموو چەشنە سوود و قازانج و ڕەسم و باوێکی چینی بەرزی گۆشتخۆرەکان لە ڕێگەی ڕاست یا چەوتەوە و بەهەموو هۆیەکی چاک یا خراپ».

«جاری وا هەیە شتێک ڕوو دەدات، وەبەر قانوونی نووسراو دەکەوێ، بەڵام بەپێچەوانەی قانوونە نەنووسراوەکەیە. لەو وەختەدا دەوڵەت و دەزگاکانی دەگەڕێنەوە سەر قانوونە نەنووسراوەکە. ڕۆحی ئازادی و دیموکراسیی نزار لێرەشدا دیاری دەدا. لە نموونەی سەرەوەدا کە باسمان کرد، مانگرتن و خۆپیشاندانی کارگەرەکانی کارخانەی فۆرد قانوونی بوو. قانوونی نووسراو ئەو مافەی بەوان دابوو، بەڵام پۆلیس بەپێی قانوونی نەنووسراو تێیان بەربوو و هیچ دادگەیەکیش خۆی تێ نەگەیاندن.

«تەواوی ئەم باسە دوور و درێژەم بۆ ئەوە بوو کە ئێوەی بەڕێز و چینی بەرزتان بە تەواوی دڵنیا بن».

«ئێستا دێینە سەر باسی ئەوە کە لەبەرچی و بۆچی ئێمە مافی جانەوەرانمان ڕاگەیاند. وەکو ئاگامان لێیە لە وەختی خۆیدا لایحەیەکی گشتی لەبارەی مافی جانەوەرانەوە پەسند کرا و بڵاو بووەوە. جانەوەرانی گۆشتنەخۆر دەستبەجێ ئەوەیان قۆستەوە. هەرچەند لایحەیەکی گشتی بوو، بەلای خۆیاندا دایان کێشا و بەسوودی خۆیان مانایان لێ دایەوە. ئاخرەکەی ئێمەیان لێ دەرهاویشت و تەنانەت بە دژی ئەو مافەشیان داناین. کارەکە وای لێ هات نە توانیمان بەسوودی خۆمان مانای لێ بدەینەوە، نە ڕێگەی ئەوەشمان ما کە هەڵی وەشێنینەوە. ئێستا ئەوا ئێمەش لە بەرانبەر ئەوەدا مافی جانەوەرانمان بەگشتی ڕاگەیاند، تا دوای پەسندکران بەسوودی خۆیان مانایان لێ دایەوە.

تەبیعییە کەوا لەم کارەدا تیووریی (ئەدوارد ڕۆس) و تیووریزانەکانی تری خۆمان لە بەرچاو گرتووە و لە باری زانیارییەوە بە دروست و پێویستی دەزانین. بەڵام لە کردەوەدا نەختێ نەرم و شلمان کردووە. ئێمە دەبێ ئەوە لە بەرچاو بگرین کە لە نزارەکانی تریش جانەوەری گۆشتخۆر هەیە. لەو جێگەیەش کە نییە دەبێ هەوڵ بدەین پەیدا ببن. لە تەجرەبەی ڕابردووی جانەوەرە گۆشتخۆرەکانی بەریتانیا و هیی تریش کەڵک وەرگرین و ئەوانە نەک بە برا، بگرە بەدەستەوتاقمی خۆمان بزانین. لەم کارەدا تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتووین. ئەوانە لە هەموو جێگەیەک قسەکانی ئێمەیان قبووڵ کردووە. لە نەتیجەدا لایەنگرمان دەست دەکەوێ، بارمان سووک و کارمان ئاسان دەبێ. نموونەیەکی ئەوە نزاری (زائیر)ە. لەمەوپێش جانەوەرە ڕەشەکان هەموویان لە دژی ئێمە بوون، بەڵام ئێستا گۆشتخۆرە ڕەشەکان هاوکاریمان لەگەڵ دەکەن. لە زائیر بەیارمەتیی ئێمە خۆیان بەربوونە گیانی ڕەشە گۆشتنەخۆرەکان و ئاسەوارەیان بڕینەوە. ئەوا نیازمان وایە لەشکرێک لەوانە بەکرێ بگرین و بیانهێنین بۆ گیانی ڕەشەکانی ئێرە».

میستێر فۆکس هاتەوە دەنگ و گوتی: «ئەگەر قبووڵمان بێ ئەو گۆشتخۆرە ڕەشانە هاوکاری ئێمەن، بەکرێگرتنی لەشکرێکی وا و هێنانی بۆ ئێرە زیانی هەیە، چونکە ئەوان لەوێ لاواز و بێ هێز دەبن».

پریزیدێنت وتی: «بیرمان لەوەش کردووەتەوە. نایەڵین بێ هێز بن.

گۆشتخۆری عەرەب دەهێنینە یارمەتییان. ئەوان بەهێز دەبن و گورگەکانی ئیسرائیلیش سەریان سووک دەبێ».

لێرەدا میستێر شەمعوونی نوێنەری گورگەکانی ئیسرائیل لە خۆشییاندا هەستا سەر پاشوان و دەستی کرد بە سەما و وتی: «بەرزە.. بیرێکی بەرزە..

بژی پریزیدێنت و چینی گۆشتخۆر».

پریزیدێنت لەسەر قسەکانی خۆی ڕۆیی و وتی: «فورمۆلی مەسەلەکەیە ئاوایە. مافی هەموو جانەوەرانت بەپێی نەریتی نزار قبووڵە یان نا؟ ئاشکرایە کە جانەوەرانی گۆشتخۆر قبووڵیانە و پێویست نییە لێیان بپرسرێ، بەڵام دەبێ نوێنەرانی هێندێ تیرە و بەرەی وەک گا و گامێش و چەقەڵ و دەڵەک و شتی وا هاتن قبووڵیان کرد و ڕۆیشتن.

نێرەقازێکی خرپن و قەڵەو بە نوێنەرایەتیی قورینگ و مراوی و مریشک هات و گوتی: «من لە پێش هەموو شتێکدا گلەییم لە ڕێوی هەیە. تا ئێستا چەند جار جانەوەران ڕێک کەوتوون و ئاشت بوونەتەوە، کەچی ئەو هەر پەلاماری ئێمە دەدا و دەمانخوا». پریزیدێنت گوتی: «ئەم قسەیە ناچێتە عەقڵەوە. ئێوە باڵدارن و دەفڕن. ڕێوی چۆن دەستی دەگاتە ئێوە بتانخوا؟» قاز گوتی: «خۆ ئێمە هەموو کات بە حەواوە نین، دەنیشینەوە». پریزیدێنت گوتی:

کە دەشنیشنەوە بەسەر ئاودا دەگەڕێن. ڕێوی مەلەوان نییە لەناو ئاودا پەلامارتان بدا». قاز بەتووڕەیییەکەوە گوتی: «ئێوە وەکو پارێزگاری ڕێوی قسە دەکەن. بە قسەی ئێوە، ئێمە یا بەحەواوە یا لەناو ئاودا هێلکە دەکەین و جووجک هەڵدێنین و ئیتر کارمان بە وشکانی نییە و نایەینە سەر زەوی».

پریزیدێنت پاشەکشەیەکی کرد و گوتی: «نەء.. نەء.. میستێر قاز! مەبەستم ئەوە نییە. ئێستا لە ڕێوی دەپرسین». میستێر فۆکس لەولاوە هاتە زمان و گوتی: «نەخێر، قوربان! ئێمە ئەوانمان خۆش دەوێ، نیازی خراپمان لەحاند ئەوان نییە، ئەوان بەهەڵە چوون. ئێمە حەز لە پەڕوپۆی ئەوان دەکەین بۆ سەرین. کە دەچین داوای پەڕوپۆیان لێ بکەین ڕادەکەن و نایانەوێ یارمەتیمان بدەن». پریزیدێنت گوتی: «کەواتە، ئێستا دەتوانن لە یەکتر حالی ببن، ئەوان بەڵێن بدەن کە پەڕوپۆتان بدەنێ، ئێوەش بەڵێن بدەن هەر قازەی جارێک پەڕوپۆی لێ بکەنەوە». ڕێوی بزەی هاتێ و لەگەڵ قاز بەڵێنیان دا، قاز فۆرمۆڵی پریزیدێنتی قبووڵ کرد و ڕۆیشت.

بەران بە نوێنەریی تیرەی پەز هاتە ژوورەوە و گوتی: «ئێمە ناتوانین لەگەڵ گورگ دۆستایەتی بکەین. ئەو دۆستایەتی نازانێ». پریزیدێنت گوتی: «هیچ هۆیەک بۆ ناکۆکیی نێوان ئێوە نابینم. ئەو گۆشتخۆرە و ئێوە گیاخۆر. بژێو و سوود و قازانجتان جیایە، ئیتر بۆچی دەبێ نێوانتان باش نەبێ؟». بەران گوتی: «خۆت هۆی ناکۆکیی نێوان ئێمەت گوت. ئەوان تەماع دەکەنە گۆشتی ئێمە». میستێر وۆڵف هاتە دەنگ و گوتی: «مەسەلەکە بەتەواوەتی بەپێچەوانەوەیە. ئەوان زوڵم لە ئێمە دەکەن. من نەمدەویست پایەی گۆشتخۆران نزم بکەمەوە و لێرە هاوار لە دەست ئەمانە بکەم. ئەوان شوانیان لەگەڵە، بە تفەنگەوە. سەگە دڕیان لەگەڵە، لە کەژ و کێویش وازمان لێ ناهێنن.

دێنە سەرمان، بە شوان و بە سەگ ڕاومان دەکەن و دەمانکوژن. پریزیدێنت زۆر باش دەزانێ ژمارە باشترین دەلیل و بەڵگەیە. ئەوان لە هەموو نزارێک چەند سەد ئەوەندەی ئێمە زیاترن. وەختە ڕەگەزمان ببڕنەوە. بە زستان لە ئاغەڵی گەرمدا دەژین. ئاڵفیان بۆ دەبەن و خزمەتیان دەکەن، سەرەڕای ئەوەش کەوڵی گەرمیان لەبەردایە، ئێمە لەو چیاوچۆڵە هیچمان دەست ناکەوێ بیخۆین، لەناو بەفردا دەلەرزێین، دەچین داوای کەوڵێکیان لێ دەکەین ڕەق نەبینەوە، کەچی شوان و سەگمان تێ بەردەدەن».

پریزیدێنت گوتی: «بەڕاستی بێ ئینسافییە، جانەوەران دەبێ یارمەتیی یەکتر بدەن. ئێستا وا باشە نوێنەری پەز بەڵێن بدات کەوڵتان بدەنێ. ئێوەش بەڵێن بدەن هەر پەزەی تاقە کەوڵێکی لێ بکەنەوە». بەڵێن درا و بەران فۆرمۆڵی قبووڵ کرد و ڕۆیشت.

نوێنەری تیرەی مەیموون هاتە ژوورەوە. نەختێ بیری کردەوە و گوتی: «من لە بنج و بناوانەوە ئەو فۆرمۆڵەم لا دروست نییە. بەجۆرێکی وا ڕێک خراوە ئەگەر قبووڵی کەم هەروەک جاران زۆردار بێ زۆر دەخوا. ئەگەر قبووڵیشی نەکەم بە دوژمن دەژمێردرێم و خوێنم حەڵاڵ دەکرێ».

پریزیدێنت گوتی: «تۆ چۆن شتی وا دەڵێی؟ ئەو فۆرمۆڵە فۆرمۆڵێکی مەنتیقی و دروستە و شایانی ڕەخنە نییە». مەیموون وەڵامی دایەوە:

«مەنتیقیی کێ؟ مەنتیقیی زۆرداران؟ ئەو فۆرمۆڵە دەبێ قسەی لێ بکرێ و بەجۆرێکی وا دانرێ کە نەبێتە پەت بۆ خنکاندنی بێ زۆرەکان». میستێر لایۆن کە ئەمەی بیست تەمای بوو بەپێی قانوونی نەنووسراو پەلاماری مەیموون بدات و لەت و پەتی بکات. مەیموون بازێکی دا و بۆی دەرچوو، دارێکی بەرز لەو نزیکانە بوو، بەدارەکەدا هەڵگەڕا.

پریزیدێنت بە میستێر فۆکسی گوت: «ئەوە کارەکەمان لێ تێک دەدا. بچۆ بیهێنەوە بەشکم بەجۆرێک پێی بسەلمێنین، ئەگەر نەهاتەوە بە قسە بیخافڵێنە تا پۆلیسی دژی خۆپیشاندان دێن». ڕێوی چووە بن دارەکە و گوتی: میستێر مەیموون وەرە خوارەوە، با دوو قسە بکەین. ئێمە لە دەردی یەکتر دەگەین».

مەیموون گوتی: «میستێر نیم و نایەمە خوارەوە، تۆش لە دەردی ئێمە ناگەی.

من لەمێژ بوو لەسەر ئەم دارە بووم، گوێم لە کەین و بەینەکانی ئێوە و شانازیی تۆش بوو کە بە درێژاییی تەمەنت چڵکاوخۆری گۆشتخۆرەکان و خائینی گۆشتنەخۆرەکان بووی».

پۆلیسی دژی خۆپیشاندان هاتن و دارەکەیان وەبەر دەمانچەی گاز دا، بەڵام مەیموون گێژ نەبوو، نەکەوتە خوارەوە. دەستیان کرد بەپرژاندنی مادەی توێکڵە مۆز، تمەز مەیموون لەسەر دارەکەوە ئەوانی دیبوو، پێش ئەوەی بگەنە بن دارەکە بازی دابووە لقی دارێکی تر و لەوێوە زیقاندی. پۆلیس چوونە بن دارەکەی تر و دەستیان کرد بە دەمانچە تەقاندن و مادەی مۆز پرژاندن.

مەیموون ئەوەندەی ئەم دار و ئەو دار پێ کردن تا تەواوی نزارەکە پڕ بوو لە گاز و لینج و خلیسک بوو. ئەمجار گۆشتخۆرەکان خۆیان گێژ دەبوون و دەخلیسکان و دەکەوتن.