پیلانی دوژمن

لە کتێبی:
پێکەنینی گەدا
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 8 خولەک  638 بینین

وا بزانم هیچمان نازانین، نە ئەمن و نە ئەتۆ، لە کەیەوە ئاوایە. ئەوەندەی لێمان ڕوونە ئەمەیە کە زۆر لەمێژە ئاوا دەژین و پشتاوپشتیشمان هەر بەم جۆرە ژیاون. ژیان ڕێوشوێنێکی ڕوون و دیاری نەبووە. هەرکەسە لەبەر خۆیەوە ملی کارێکی گرتووە و خەریکی شتێک بووە. ئیتر لەسەر خوا، یا گاڵی هێناوە یا پەموو، گەلێ جاری واش بووە نە گاڵی هێناوە نە پەموو، ئەم و ئەو لە برساندا گیانیان وەکو چۆلەکەی بەرقۆچەقانی لە شەقەی باڵی داوە و پەرەوازە بووە. لە ترسی ئەمە هەرکەسێ پیشەی باوک و باپیری خۆی ڕەچاو کردووە. بەم جۆرە ژیان ڕەق هەڵاتووە و وەکو گا هەردەم لە پێستی خۆیدا ماوەتەوە. مێشکیش، ئاسوودە و ڕەحەت، پاڵی لێ داوەتەوە و بیری لە ژیانی باشتر نەکردووەتەوە. کوڕی وەرزێر بووەتە وەرزێر، کوڕی ئاسنگەر بووەتە ئاسنگەر. ئەوانی تریش هەر وا. ئەگەر لە پیشەی باوکیشیان ترازابن هەر بەدوای ئەو کارانەدا گەڕاون کە بەمیرات بۆیان بەجێ ماوە. ئیتر وا نەبووە کە بەرنامەیەک دانرابێ و بڕیاری کارێک درابێ وە خەڵکەکە بۆ ئەو کارە ئامادە کەن و کۆیان کەنەوە، مەگەر دەرەبەگەکان و ژاندارمی دەوڵەت! خوا هەڵناگرێ ئەوان هەردەم ئەم کارەیان کردووە، هەر تاوە ناتاوێک خەڵکیان بەکۆمەڵ ڕەپێچەک داوە و بردوویانن بۆ کار، هەرچەند کارەکە بەبێگار بووە و هەقیان نەداونێ، بەڵام بەهەر جۆر تاقە کاری بەکۆمەڵ و هەمیشەیی هەر ئەمە بووە.

سمایلی حەمە گەرمێنیش یەکێک بوو لەم خەڵکە. نە عەقڵی پێ دەشکا و نە دەیتوانی بە تاقی تەنیا خۆی لەو عالەمی خوایە هەڵاوێرێ. پیشەی باوکی ڕەچاو کردبوو، لە چەرچییەتی دەژیا. خورجینەکەی دەخستە سەر پشتی گوێدرێژەکە و سوار دەبوو، جاری وا بوو دەچووە سولەیمانی، جاری واش بوو دەچووە مەهاباد، وردەواڵەی دەکڕی و بە دێهاتەوە دەگەڕا. لەگەڵ لادێیییەکان زۆر لەسەرخۆ و نەرمونیان بوو، دەیزانی پارەی نەقدیان نییە. وردەواڵەی بە هێلکە و مریشک پێ دەفرۆشتن. هێلکە و مریشکەکانیشی دەبردە شار دەیفرۆشتن و سەرلەنوێ وردەواڵەی دەکڕی و دەکەوتەوە دێهات.

گاڵتەی شار و لادێ لەسەر مام سمایل بوو. لە شار حیکایەت و نەقڵی دێهاتی بۆ دووکاندارەکان دەگێڕایەوە. لە دێهات باس و خواسی شاری بۆ لادێیییەکان دەکرد. وا هۆگری یەکتر بووبوون مام سمایل نەیدەتوانی زۆر لە ماڵەوە ئۆقرە بگرێ، لادێیییەکانیش چاوەڕوانی مام سمایل دەبوون، ئەگەر درەنگ بهاتایەتەوە وەڕزییان دەکرد. ئافرەتە لادێیییەکان لەسەر ئاوێنە و سابوون، دەرزی و دەزوو، بنێشت و کلە و کلتوور پەکیان نەدەکەوت. مام سمایلیش بەڕێ دەچوو، جاری وابوو شتێکیشی بۆ دەماوە.

بەڵام چەرخی چەپگەرد، یا دوژمنی چارەگران کتوپڕ تانوپۆی پیلانێکی وای تەنی ئافرەتە لادێیییەکان کلە لە کلتووریان بڕا و چاوی ڕەشیان کاڵ بووەوە.

مام سمایلیش خەفەت دای گرت و بزە و پێکەنین لەناو هەرێزی ڕیشە سپییەکەیدا کە ڕوخساری داپۆشیبوو، ون بوو.

قاو داکەوت مریشکی ئەمەریکایی هاتووە، هێلکەی سێ زەردێنە و چوار زەردێنەی دەکا، جووجەڵەی پۆپە زێڕین هەڵدێنێ، هەریەکەیان بە قەدراییی سێ چوار مریشکی کوردی گۆشتی هەیە. هەر کەسێ مریشکێکی ئەمەریکاییی ببێ لە مەڕێک زیاتر قازانجی دەست دەکەوێ. مام سمایل یەکێک بوو لەوانەی ئەم بەیت و باوەی لە شارەوە هێنا بۆ دێهات. چوزانێ ئەمە دەبێتە مارەکەی شێخ هۆمەر و لە ئەستۆی خۆی دەهاڵێ!

دوای ئەوە کە ناو و ناوبانگی مریشکی ئەمەریکایی بەتەواوی لە دێهاتدا بڵاو بووەوە، قەلە و قوتەی دەڵاڵی شارستانی بە مریشکی ئەمەریکایییەوە پەیدا بوون. هەر مریشکێکیان بە دە قات و بیست قاتی مریشکی خۆماڵی دەفرۆشت، یا بە کاوڕ و گیسک دەیانگۆڕییەوە. زۆری پێ نەچوو، بێ ئەوەی شەڕەکەڵەشێرێک بکرێ، کوردستان داگیر کرا و بووە (موستەعمەرە)ی مریشکە ئەمەریکایی. مریشک و کەڵەشێری ئەمەریکایی بەفیز و دەعیەی (میسیز و میستێر)ەوە بە کووچە و کۆڵانی دێهاتدا دەگەڕان، وە وەکو قولەڕەشەکانی (هارلم) دەیانڕوانییە مریشکەکانی خۆماڵی.

کتوپڕ دەردە مریشک داکەوت. لادێیییەکان ئەوەندەی سەرقەڵەمانەیان بە شێخ و مەلا دا و نووشتەیان بۆ مریشکەکان کرد فایدەی نەبوو. لە پێشدا مریشکی ئەمەریکایی جەندەکی گڵاوی لە کوردستان بەجێ ما و گیانی چەپەڵی گەڕاوە (یەنگی دنیا)، پاشان مریشکەکانی خۆماڵییش لە قاسپەقاسپ کەوتن و کولانەیان بە چۆڵ و هۆڵی بەجێ هێشت.

لادێیییەکانین دەستەودامێنی شێخ و مەلا بوون و پێیان ڕوانییە کتێب.

ئەوەندەی (رمڵ) و (ئوستورلاب)یان گرتەوە، ئەوەندەی کەلێن و قوژبنی کتێبانیان پشکنی، تەنانەت لە خەونامەی (ئیبنوسیرین)یشدا ئەم گونگەڵەیان نەدۆزییەوە. ئاخرەکەی گوتیان: «غەزەبی خوایە نازڵ بووە، بڕۆن تۆبە بکەن، قوربانی و خێر و حەسەنات بکەن».

دەردە مریشک کەلێنێکی گەورەی خستە ژیانی لادێیییەکان. هێلکەی مریشک بەهەموو جۆرێ فریای خەڵکەکە دەکەوت. هێلکە بەکوڵاوی، بەبرژاوی، بەکوکی، بەهێلکە و شۆرباو کەڵکی لادێیییەکانی دەگرت، وە لە جیاتیی پارە هێندێ وردە شتیشی پێ دەکڕرا. پەڕی مریشک بۆ سەرین، وە گۆشتی مریشک لە شین و شاییدا، بە تایبەتی کە ژاندارم وەکو بەڵای خودا پەیدا دەبوون، لادێیییەکانی لە ڕووزەردی و لە داماوی ڕزگار دەکرد. ئێستا ئەوا ئەمانە هەمووی لە کیس چوون. لە هیچ ماڵێک کەڵەشێر ناخوێنێ. نیوەشەو و بەرەبەیان لە خەڵک تێک چووە، تەنانەت ئەگەر تۆوی مەلاش لەسەر زەوی نەمێنێ، تاقە کەڵەشێرێک نییە ببێتە (بڵقاسم).

لەم ناوەدا ئەوی دەردی لە هەمووان گرانتر بوو مام سمایل بوو. ئەو کەلێن نەکەوتبووە ژیانی، هەر بەجارێک نانی بڕابوو. ئەویش وەکو خەڵکەکە قوبووڵی کردبوو ئەمە غەزەبی خوایە، بەڵام دڵی هەر قرتوقرتی بوو. گەلێک جار لەبەر خۆیەوە پرتە و بۆڵەی دەکرد: نازانم، تێ ناگەم، مریشک تاوان و گوناهی چییە؟ دزیی کردووە، پیاوی کوشتووە، ماڵی خەڵکی خواردووە، بۆچی دەبێ وەبەر غەزەبی خوا کەوێ؟ خوا بۆچی دەبێ غەزەب لە مریشک گرێ؟ ئەگەر هەر دەیەوێ غەزەب بگرێ بۆچی ناچێتە سەر ژاندارمەکان ئەوەتا دنیایان خستووەتە زەلالەت؟ ئەم پرسیارانە تەنگەیان بە مام سمایل هەڵچنیبوو. بەڵام نەیدەوێرا لە کەس بپرسێ. نانی بڕابوو، لەوێ بووەستێ، سەریشی تێدا دەچوو. هێندی بە دێهاتدا گەڕا هیچی بۆ نەفرۆشرا. گوێدرێژەکەی دا بەرخۆی و بەلەقەلەق و بەخەفەتباری گەڕاوە شاری سەردەشت (دیتی لەوێش غەزەبی خوا) مریشکی قڕ کردووە، چونکە لەوێش وەکو ئێرە هێلکە و مریشک دەس ناکەوێ.

سمایل - وا دیارە دەردەکە هەموو جێگەیەکی تەنیوەتەوە. خوا غەزەبی لەوێش گرتووە.

عەزیز - نەگبەت و نەهاتی ئەو وەختە ڕووی دا کە سەروگوێلاکی ئەو ئەمەریکایییانە پەیدا بوو.

سمایل - دەم خۆش. سەروگوێلاکی ئەو مریشکە ناڕەسەنانە ئەوەندە پیس و بەدفەڕ بوو، هەر دیار بوو ئەم بەڵایەمان بەسەر دێنن.

عەزیز - مام سمایل! مریشکی چی؟

سمایل: ئاخر مریشکە ئەمریکایییەکان ناڵێی؟

عەزیز - نا، نا. بێ قەزا بی! من ئەمەریکایییەکانی نوێنەرانی ئیمپریالیزم خۆیان دەڵێم.

سمایل- لە سایەی خواوە ئەوانەم نەدیوە. نازانم چ دەعبا و جانەوەرێکن، دەسا توخوا نەختێ باسیانم بۆ بکە با بزانم چەندە خراپن.

عەزیز - ناتوانی بزانی چەندە خراپن. هەر شتێکی تۆ لە دنیادا بەخراپی دەزانی ئەوان زۆر لەوەش خراپترن. قسەی خۆمان بێ ئەو دەردە مریشکەش هەر ئەوان دایان هێنا.

سمایل - ئادەی میرزا گیان تێم بگەیەنە، خۆ من لە داخی ئەوە، سیل و دیقم هەڵێناوە.

عەزیز - مام سمایل! ئەمەریکایییەکان لەگەڵ هێندێ سەرمایەداری تارانی کۆمپانیی مریشک بەخێوکردنیان داناوە. دەیانەوێ فرۆشتنی هێلکە و مریشک لە ئێران بگرنە دەست خۆیان و بەئارەزووی خۆیان بیفرۆشن. ئەگەر هەروەک جاران لە دێهات هەموو ماڵێ مریشکی ڕاگرتایە هێلکە و مریشکی ئەوان ڕەواجی نەدەبوو. دیارە نەشیاندەتوانی بەتێڵای ژاندارم ڕاگرتنی مریشک قەدەغە کەن، بیریان کردەوە و فێڵێکیان دۆزییەوە وەکو فێڵی ڕێوی.

فێڵەکە ئەمە بوو هێنایان مریشکێکی زۆری ئەمەریکایییان نەخۆش کرد و بەپووڵێکی زۆر بەخەڵکیان فرۆشت. لەلایەک پارەیەکی زۆریان کۆ کردەوە، لەلایەکیش قڕیان خستە مریشکی خۆماڵی.

مام سمایل - دەک خوا لە دایک و باوکی خۆت نەستێنێ! ئەوا دەرکەوت ئەمە غەزەبی خوا نەبوو، پیلانی دوژمن بوو. دەبا خەڵکەکەش عاقڵ بن و بیر لە حاڵی خۆیان بکەنەوە!