چای دیواخان

لە کتێبی:
پێکەنینی گەدا
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 11 خولەک  982 بینین

دیواخانەکە ئاوەدان کرابووەوە، دیوارەکانی سواغی تازە درابوون، سێ پەنجەرەکەی شۆرابوون. قاڵیی تازە و باشی لێ ڕاخرابوو، بەڵام پێشخانەکە پێویست نەبوو خۆی پێوە ماندوو کرێ. چاوەڕوانیی ئەوە نەدەکرا هەرچەند ڕۆژێک جارێک ئاغاوات بە دەستەسوارەوە دابەزن و میوان بن. ئاغا لە ژووری دیواخان و نۆکەرەکان لە پێشخانە میوانداری بکرێن، چونکە «ئاغا میرزا ڕەحمان» تاجرێکی سابڵاخی (مەهابادی) بوو تازە گوندی (قاجر)ی لە کوڕەکانی حەمەساڵح خان لە جیاتیی قەرز و سووتی قەرزە ئەستاندبوو.

نە عێل و عەشیرەتی بوو، نە خزم و قەومی خاوەن مڵک. هەرچەند گەلێ لە خاوەن مڵکەکانی ئەو دەوروبەرە دەوڵەمەندتر و پارەدارتر بوو، بەڵام ئاغاواتی دێبوکری و بەگزادەکانی فەیزوڵا بەگی هەر بە جاوفرۆشێکی سابڵاغیان چاو لێ دەکرد. شایانی ئەوەیان نەدەزانی لە ڕیزی خۆیانی بژمێرن و خێرا خێرا سەری بدەن.. کابرایەکی سوارچاک یا ڕاوکەرێکی باشیش نەبوو تا لە کۆڕی ڕاوکەراندا جێی بکەنەوە. جاروباریش دوای ڕاو لە ماڵی دابەزن.

ئاغا میرزا ڕەحمان کە بە درێژاییی ژیانی لەناو ئەم خەڵکە زۆر و زەوەندەی دنیادا تەنیا بەسەر (خانم) و چێشتکەرەکەی ماڵەوە و شاگردەکەی دووکاندا فەرمانڕەواییی کردبوو، ئێستا کە دەیدی خاوەن مڵکە و شەست حەفتا ماڵ ڕەعیەتی لە بەردەستدایە، لە دڵی خۆیدا دەیگوت (شەندە لە مەندە کەمتر نییە)، با بنە و بنەچەکەم سابڵاغی و کووتاڵفرۆشیش بێ، ئێستا دەرەبەگێکی تەواوم. لە شەش دانگی ئەم دێیەدا فەرمانم ڕەوایە و کەس لە خۆم گەورەتر نییە. وا چاکە دەرک و دیواخانێکم ببێ تا ڕەعیەتەکانم چاویان بترسێ و ئاغا و بەگەکانیش گاڵتەم پێ نەکەن. جا ئەوە بوو دەستی کرد بەڕازاندنەوەی دیواخانەکە. دوو نۆکەری سواری و چایچییەکیشی گرت. ئەسپاردی لە پێشخانە یەک دوو بەڕەیان ڕاخست. مێزێکی قورس و قایمیان لێ دانا، سەماوەرێکی هەشتیی میسواری گەورە و قۆرییەکی چینیی سوور و یەک دوو دەست پیاڵە و ژێرپیاڵە و کەشەفی ژێر ئیستیکان و قەندان و قوتووی چایی و مقاش و دووکەڵکێش و سەتڵ و خەڵووز و شتی وایان لە پێشخانە ئامادە کرد.

مەلای ئاوایی و ڕیش سپی و کەیخوای قاجر تاق و جووت و دەستە دەستە دەهاتنە بەخێرهێنان و پیرۆزباییی ئاغای تازە. دیارە بەدەستی بەتاڵیش نەدەهاتن، هەر کامێکیان گیسکێک، کووپە ڕۆنێک یا کووپە پەنیرێک، یا هیچ نەبێ مریشکێک یا ١٥-٢٠ هێلکەیان پێوە دەهێنا. ئاغا میرزا ڕەحمان کە چاوی بەم خێروبێرە دەکەوت، لە خوت و خۆڕایی بەسەریدا دەڕژا، لە خۆشییاندا توێژ توێژ قەڵەو دەبوو و لە پێستی خۆیدا جێی نەدەبووەوە، بە شێوەی ئاغا و بەگەکان بانگی دەکرد:

- کێ لەوێیە؟

یەکێ لە نۆکەرەکان یا چایچییەکە:

- بەڵێ، بەڵێ، ئاغا.

- چای بێنە!

چایچییەکە چای تێ دەکرد، پیاڵە چاکەی دەنا سەر کەشەف و چەند کڵۆ قەندی لەسەر دادەنا. یەکێ لە نۆکەرەکان هەڵی دەگرت و دەیبردە ژوورەوە لەلای سەرەوە دەستی پێ دەکرد و لە پێش میوانێکی دادەنا. دیسان دەهاتەوە پیاڵەیەکی تری دەبرد. نەدەبوو وەکو چایخانە دوو سێ پیاڵە بەجارێک بەرێ، چونکە ڕەسمی دیواخانی ئاغا و بەگەکان وایە کە هەر دەبێ پیاڵە پیاڵە چای بەرن و دای نێن.

(ڕەسوو) لەمەوپێش ماوەیەک چایچیی دیواخانان بووبوو، لە ڕێوشوێنی چایچییەتیی ئاغاواتی باش دەزانی. بەیانیان زوو پێش هەتاو کەوتن کە سەماوەری تێ دەخست، تا شەوێ وەختی خەوتن نەیدەهێشت بکوژێتەوە.

بەدرێژاییی ڕۆژ و هێندێکیش لە شەو هەر وەختێ ئاغا بانگی دەکرد: چای بێنن، ڕەسوو دەسبەجێ چای تێ دەکرد، هیچ کاتێ درەنگی پێ نەدەچوو و بڕوبیانووی نەدەهێناوە. چەند مانگێک بەم جۆرە ڕابوورد. ئاغا میرزا ڕەحمان ڕێوشوێنی ئاغایەتی فێر بوو، بۆی دەرکەوت کە ڕەعیەتەکان سەرنەرمن، بەهەرلایەکدا هەوساریان ڕاکێشی وا دەڕۆن، ئیتر بەپێویستی نەدەزانی هەر ڕەعیەتێک هاتە دیواخان بە پیاڵە چایەک میوانداریی بکا، یا باشتر بڵێین بیخەڵەتێنێ. جگە لەوەش ئێستا ئیتر خۆ هێنانی پێ پیرۆزانە و جێژنانە بڕاوەتەوە. کە دەهاتنە دیواخانە، بۆ شکایەتکردن بوو، کە گای سۆفی ڕەحیم مەسەلا چووەتە ناو شیناوەردی حەمە کەریم یا ئەم نۆرەئاوی لە ئەو گرتووە، یا شتی تری لەم بابەتانە. ئیتر بۆ ئیش و کاری ئاوا کە هیچ خێرێکی لێ هەڵناوەرێ پێویست نییە کابرا چایەکیش بخواتەوە.

شەوێکیان ئاغا میرزا ڕەحمان لە ماڵەوە لە وتوویری کاسبکارانەدا بوو، هەموو بیری خۆی کۆ کردبووەو ە کە مەسەلەی چای بەجۆرێک چارە بکا. لە دڵی خۆیدا دەیگوت:

- ئەم ئاغا و بەگانە ئاقڵیان ئاوایە، بۆیە بەژێر قەرز و سووتەوە دەبن و مڵکەکەیان لە دەست دەردەچێ. ئێمە لە دووکان کڕیارێک باییی سەد دوو سەد تمەن کووتاڵی لێ دەکڕین، تمەنی دوو قڕان یا سەدی بیستمان قازانج دەکرد، جا چایەکمان بۆ دەکڕی. کەچی ئێستا کابرای کرمانج دێ دەڵێ سۆفی ڕەحیم زیانی کردووە، بانگ کەم چای بۆ بێنن؟ ئەمە کارێکی گەوجانەیە.

کتوپڕ (خانم) میرزا ڕەحمانی وریا کردەوە و گوتی:

- ئاغا! قەند و چا هەر بەشی دوو سێ ڕۆژ ماوە، تا زووە بنێرە (بۆکان) قەند و چا بکڕن.

میرزا ڕەحمان گوتی: کوێڕا تەواو بوو؟ خۆ ئەوەندە نییە قەند و چام کڕیوە!

خانم: ئەمە تۆ دەڵێی چی؟ لات وایە جارانە و لە شارین؟ ئەوەندەی لە شار بە ساڵێک قەند و چامان دەخواردەوە، ئێستا بە ١٥-٢٠ ڕۆژ دەخورێتەوە، بگرە زیاتریش. ئەمە لای خۆی بووینەتە خاوەن مڵک و ئاغادێ. جا خۆ بەم جۆرە بڕوا دوو ساڵی تری پێ ناچێ دەسمایەی تجارەتەکەشمان لە دەست دەبێتەوە. تازە لە ڕوومان نایە ڕوو بکەینەوە شاریش.

ئاغا میرزا ڕەحمان قسەکانی خانمی زۆر بەدڵ بوو، بەڵام نەیویست خۆی بشکێنێ، گوتی: خانم تۆ دەبێ ئەوەت لە بیر نەچێ کە ئێمە ئێستا کابرایەکی دووکانداری سابڵاغی نین، ئێستا ئێمە ئاغاین خاوەن مڵکین، بە ڕیزی ئەو ئاغاوەت و بەگزادانەین. پێشینان گوتوویانە: «گەورەیی خەرجی دەوێ». دەبێ دەرک و دیواخان و نان و خوانمان ببێ، دەنا ئابڕوومان دەچێ و هیچ کەس بە پیاومان نازانێ. جارێ نوخشە دەرنەهاتووە، با حاسڵ پێ بگا ئەو وەختە دەزانی مڵک چەندە بە بەرەکەتە، نێزیکەی چواریەکی حاسڵی ئەم دێیە بەم ٦٠-٧٠ ماڵ ڕەعیەتەوە هیی ئێمەیە. مڵک لە گەنج و خەزێنەش باشترە، هەرگیز بڕانەوەی نییە.

خانم بێدەنگ بوو، بەڵام میرزا ڕەحمان لە دڵی خۆیدا گوتی:

- با مڵک وەکو گەنج و خەزێنەش بێ، بەڵام حیساب هەر حیسابە. هیچ کاتێ لە بازاڕدا نەبینراوە ئەوانەی هەزار هەزاریشیان هەیە تاقە شایییەکی خۆیان بە خۆڕایی بدەن بە کەس. خۆ من وەکو ئەم ئاغا و بەگانە لە هیچ و خۆڕایی مڵکم وەدەس نەکەوتووە. ئەمە خوێنی جەرگمە، هەموو بە قڕان قڕان و شایی شایی کۆم کردووەتەوە. ئەم دیواخانە ئەگەر چایخانە بوایە لە شار، جگە لەوە کە زەرەری نەدەکرد، هەموو ڕۆژێ قازانجێکی باشیشی لێ پەیدا دەبوو. خەڵات و بەراتی چایچی و نۆکەرەکانی دەردەهێنا و شتێکیشی دەمایەوە.

نەخێر، دەبێ چارەی ئەم مەسەلەیە بکرێ!

- باشە ئەگەر دیواخانەکە دادەخەم بە درێژاییی ڕۆژ ئەم کرمانجانە دێن و هەریەکەی کارێکی هەیە ئەو وەختە دەبێ ئەم چەقە و هەرایە لەناو ژن و منداڵەکەمدا بکرێ، خۆ ئەمەش نابێ!

ئەگەر سەماوەر و شتومەکی چایەکە کۆ دەکەمەوە، بەشکەم کتوپڕ میوانێکی ماقووڵ و گەورە هات، لە کوێ ئەو شتومەکانە خێرا دەهێنرێنەوە دیواخان؟ جگە لەمە کە لەناو کرمانجەکاندا سووک دەبم، دەبمە گەپچاڕی ئاغا و بەگەکانی دراوسێش.

کتوپڕ وەکو فەیلەسووفێکی بیر لە مەسەلەیەکی زۆر گرینگ و قورس بکاتەوە و لە نەکاو ئیلهامی بۆ بێت، ڕووناکایی کەوتە ناوچاوانی ئاغا میرزا ڕەحمان. بزەیەکی شادی کەوتە سەر لێوی و گوتی: خانم، باشە، سبەینێ دەنێرم بۆ قەند و چا، دەستیش پێوە دەگرین.

بەیانی بە عادەتی ڕۆژان چووە دیواخان. یەک دوو کەس هاتن. بانگی ڕەسووی کرد چایان بۆ بێنێ. چایەکەیان خواردەوە و قسەی خۆیان کرد و ڕۆیشتن. دوای ئەوان بانگی ڕەسووی کرد و گوتی:

- ڕۆڵە، کوڕی خۆم! پێویست نییە هەر وەختێ گوتم چای تێ کەن، گورج چای تێ کەی. جارێک بڵێ قەند نەماوە، دەبێ بچم لە ماڵەوە قەند بێنم، جارێک بڵێ چای نەماوە. جارێک بڵێ تازە ئاوم کردووەتە سەماوەرەکە، با بێتەوە کوڵ. من دەڵێم: چای بێنن! بەڵام هەموو جارێک بە بیانوویێک خۆی لێ ببوێرە.

ڕەسوو: بەڵێ ئاغا، بەسەرچاو.

ئیتر لەو کاتەوە ئەوەندە قەند و چایەی کە لەوێ بوو، وەکو شتێکی موتفەڕک و پیرۆز، لە جێی خۆی مابووەوە، کەس دەستی لێ نەدەدا. ڕەسووی چایچیش حەسابووەوە. کار و پیشەی ئەوە بوو: «قەند نەماوە، دەبێ بچم لە ماڵەوە بێنم، تازە ئاوم کردووەتە سەماوەرەکە، با بچم چای بێنم، هێشتا ئاوەکە ساردە...».

چەند ڕۆژێک ئاغا میرزا دڵی لە حاست قەند و چا حەسابووەوە. ڕەسووش لە «بەڵێ ئاغا» و چەند وتەی تر زیاتر کارێکی نەبوو. ڕۆژێک نێزیکەی نیوەڕۆ کتوپڕ سەگوەڕێکی قایم دەستی پێ کرد. نیشانەی ئەوە بوو چەند کەسی بێگانە هاتوونەتە ناو ئاوایی. ئاغا میرزا ڕەحمان کە لە پەنجەرەی دیواخانەکەوە تەماشای کرد، پێنج شەش سوار ژاندارم بوون گەیشتنە ناو ئاوایی. ئەوی پێشەوەیان تفەنگی پێ نەبوو دیاربوو ئەفسەریان بوو. میرزا ڕەحمان بەپەلە ڕەسووی ناردە ماڵەوە کە خەبەر بدات میوانی ژاندارم هاتوون و بە گورجی نان و چێشت ئامادە بکەن. خۆشی بە دوو نۆکەرەکەیەوە هاتە خوارێ و تا کۆڵان بە پێشوازیانەوە چوو. سێ چوار ڕەعیەتیشی بانگ کرد.

ئەسپی ژاندارمەکان بگرن و بیانبەن تاقەتیان کەن. کابرای ئەفسەر و ژاندارمەکان دابەزین. میرزا ڕەحمان بەدەم بەخێرهێنانەوە وەپێش خۆی دان و چوونە دیواخان. ئەوەندەی دەیتوانی مێشکی خۆی دەگوشی تا دوامین وشەی فارسی کە لە منداڵییەوە بە دەرس خوێندبووی یا بەدرێژاییی تەمەنی بیستبووی وەبیری خۆی بهێنێتەوە و بۆ بەخێرهێنان و مەراییکردن بیانڵێ.

چرچ و لۆچی ناوچەوانی لەبەریەک ڕەواندبووەوە و پەیتا پەیتا دەمیشی تا لای بناگوێی دادەچەقاند تا وا پیشان بدات کە گۆیا لە خۆشیی هاتنی ئەوان شایی لە دڵیدا دەگەڕێ. جاروبار وەکو گاجووتێکی گۆڵەداسووی گرتبێ، زمانی لوول دەکرد و دەمیشی باریک دەکردەوە و وشەی فارسیی بەنەجووراوی و سەروگوێلاک تێکشکاوی دەردەدا، تا ئەفسەرەکە تێ بگەیێنێ کە (باپیرە گەورەشی دۆینە و شەڵەمی نەخواردووە و ئەوەندە فارسە کاشانییش دەسکی لە دوا ناکەن). بێ پسانەوە دەیگوت: زۆر بەخێرهاتن، سەر چاوەکانم، گەورەتان کردم، پێڵاوتان سەر سەرم. (لە تێچێنی قسەکانیدا):

- ڕەسووڵ چای تێ کە.

- ئاغا قەند نییە، با بچم لە ماڵەوە بێنم.

- بەڕاستی ئەگەر ئێوە جاروبار سەری ئەم دێهاتانە نەدەن، خۆ دز و جەردە و پیاوخراپ هیچ ناهێڵن.

- ڕەسوو خێراکە چای بێنە.

- ئاغا چای نییە، با بچم لای ئاغاژن چای بێنم.

- بەڵێ بەڵێ، قوربان! ئەگەر ئاگاتان لە وڵات نەبێ و جاروبار ئێمەمانان گەورە نەکەن و تەشریفتان نەیەت، ئەم ڕەعیەتانە یاغی دەبن و وەڵاممان نادەنەوە. ئەوە لە ترسی دەوڵەت ناوێرن، دەنا گوێ بۆ خواش شل ناکەن.

- ڕەسوو چایەکە بوو بە چی؟ دەخێرا!

- ئاوەکە ساردە، سەماوەرەکە نەهاتووەتە کوڵ.

لەم وەختەدا کابرای ئەفسەر تەماشای یەکێ لە ژاندارمەکانی کرد، لەوە دەچوو بەزمانی حاڵ دەڵێ: «ئەم کابرایە هەر لە قسەی زلی کردووە، وا دیارە نایەوێ پیاڵە چایەکیشمان بداتێ».

میرزا ڕەحمان لە تەماشاکردنی ئەفسەر و ژاندارمەکە جەرگ و هەناوی داکەوت، چونکە زۆر باش دەیزانی ئەگەر بکەونە گێچەڵکردنی و بیانوو دۆزینەوە، بۆ ئەوان لە ئاوخواردنەوە هاسانترە.

لەوانەیە ژاندارمەکە بچێتە دەرێ دە دوازدە فیشەک لە کونە دیوارێک، لە ئاخوڕی تەویلە، یا لەناو کادا قایم بکا، لە پاشا دەست بەپشکنین بکەن و بیدۆزنەوە، خۆ ئەوسا بە پارەی سێ چوار ساڵی قەند و چاش ڕزگار نابێ.

ئاغا میرزا ڕەحمان وەک مار پێیەوە بدا لە ناکاو ڕاستەوە بوو ڕای کردە پێشخانە و بەسەبر گوتی:

- کوڕە ڕەسوو! تۆ ئەوە چ بەڵایەکم بەسەر دەهێنی! ئەی ئەوە چییە قەند و چا لەوێیە؟ چای تێ کە، برام چای... وەڵڵا وەبیللا بەڕاستیمە، کوڕە تەڵاقم کەوتبێ بەڕاستیمە! تێ کە!