هێلکەی هادی خانی

لە کتێبی:
پێکەنینی گەدا
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 14 خولەک  706 بینین

بێگومان پێت سەیرە، ڕەنگە لات وابێ هێلکە لەسەر واتەی خۆی نییە، یان هادی خان وەک جادووگەر هێلکەی کردووە.

نەخێر، هێلکە هەر هێلکەیە. هادی خانیش نە جادووگەرە، نە مریشک.

یەکێکە لەو دەوڵەمەند و خاوەن موڵکە گەورانە کە لە سنە پێیان دەڵێن «ئەعیان».

ئەم چیڕۆکە ڕاست و دروست و ڕووداوە. نە هەڵبەستە و ڕێک خراوە، نە ڕێسیاو و پێسیاوی بیر و خەیاڵە. ئەگەر هەڵەشە نەبی و پەلە نەکەی و تۆزێ بەشێنەیی بی، تا چیڕۆکەکە دواییی دێ، لام وایە زۆرت بەلاوە سەیرتر دەبێ لەوەی کە بیری لێ دەکەیتەوە، وەکو من کە بەش بەحاڵی خۆم زۆرم بەلاوە سەیرترە لەوە کە هادی خان جادووگەر بوایە، یان بووبووایە بە مریشک و هێلکەی بکردایە. چونکە ئەوسا هەر ئەوەندە بوو شتێکی سەیروسەمەرە ڕووی دەدا و نەختێکیش پێکەنینی لێ پەیدا دەبوو. بەڵام ئێستا هەر دەستی لێ مەدە. پێشەکی خۆت تووشی تووڕەیی یان خەم و خەفەت مەکە، بوێستە تا چیڕۆکەکە دواییی دێ، جا بزانە چی دەبێ، لەگەڵ چ جۆرە جانەوەرێکدا دەستەویەخە دەبی؟

سەرت نەیەشێنم، خۆشم نازانم جاری چەندەم بوو لە دەست ڕێژیمی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی ڕام دەکرد. لە کرماشان هاواڵێکم منی بەپیاوێکی باش سپارد کە بەڕێم کا. کابرا پیاوێکی باش و بەڕێز بوو، خەڵک دەستی قەدریان لێ دەنا. سەربەدەرەوە و ناسراو بوو. کەمێکیش بە دەستەڵات بوو، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا خاکینە و بێ فیز بوو. بەیەکەوە چووینە گاراج، بەکابرای گاراجداری گوت: ئێمەش ڕەوتەنین. گاراجدار زۆر بەحورمەتەوە لە پێشەوەی پاسێکدا کە بۆ سنە دەچوو جێگەی بۆ داناین و سەبارەت بەو تا دەرگەی گاراجەکەش بەڕێی کردین.

کەوتینە ڕێ و لە شار دەرچووین. من کە لە دڵی خۆمدا زۆرم ترس لەوە بوو کە پێم بزانن، نەختێ هاتمەوە سەر خۆم، پشوویەکم هاتەوە بەر. هێندێکی تر ڕۆیشتین. کە تەماشام کرد هۆدەیەک لەسەر چەقی ڕێگەیەکەیە. لەبەر ئاڵۆز و بڵۆزیی خۆم و وتوویرەی تێکەڵ و پێکەڵ نەمتوانی بەهیچی تێ بگەم. هێشتا تەواو نەگەیشتبووینە حاستی هۆدەکە کتوپڕ کابرایەکی دەم چەقەڵەی ڕەنگ تریاکی و ژاندارمەیەکی مل باریکی لەڕ و لاواز کە بە کاسکێتە زلەکەی سەری و بەژن و باڵای ڕەقەڵیدا وەک قارچکە گولانە دەچوو، هاتن و پێشی پاسەکەیان گرت. من لەبەر خۆمەوە گوتم یاخوا خێر بێت، لە ئاگر ڕزگار بووین بەسەر ماردا کەوتین. کابرای هاوڕێم چاوێکی لێ کردم و سووکێک گوتی: هیچ نییە.

ترومبێلچی دەرگەی پاسەکەی کردەوە. کابرای دەم چەقەڵ بەفیزێکەوە هاتە سەرێ، بێ ماندوونەبوونی و چاکوخۆشی، بە ڕوویەکی گرژ و دەم و کاوێژێکی خاووخلیچک و خەواڵوو یان خومارەوە گوتی: یائەڵڵا! بدەن، خێرا کەن.

هەرکەسە دەری هێنا و پێنج قرانی دایە. هاوڕێکەی منیش لە جیاتیی هەردووکمان تمەنێکی دایە، بەڵام کوڕێکی تیژکەڵەی دەمڕووتە کە بەشێوە لە چاوکراوەکانی دێهاتی سەرجادە دەچوو، کردیە هەراوهوریا: لە کوێم بوو، نیمە، ئێمە ڕۆژی تمەنێک پەیدا ناکەین. کرێی ترومبێل و دەڵاڵیی گەراج و فێڵ و تەڵەکەی بەقاڵ لەوێ بوەستێ. ئێستا پێنج قران بدەین، مەشکەیەکم ماست هێنابوو ئەوەتا بەشی دوو ژەمم قەند و چا لێ کڕیوە، بەخوا ئیتر هیچم پێ نەماوە.

کابرای دەم چەقەڵ سەرێکی کێشا بۆ دەرەوەی پاسەکە، وابزانم دەیویست ژاندارمەکە بانگ کات کوڕەکە دابەزێنێ و بیگرێ، بەڵام هاوڕێکەی من نازانم بەزەییی بەودا هاتەوە و پێوەندییەکی پێیەوە بوو، یان مەترسیی لەوە بوو کە بمانگێڕنەوە دواوە و گێرە و کێشەیەک بۆ من ساز بێ، ماوەی کابرای دەم چەقەڵی نەدا و خێرا گوتی: بگرە!

کابرا ئاوڕی دایەوە گورج تمەنێکی دا دەستی و گوتی پێنج قرانی لە جیاتیی ئەو کوڕە و ئەوی تریشی بۆ خۆت. کابرای دەم چەقەڵ چرچ و لۆچی ناوچاوانی نەختێ لەبەریەک کشانەوە و لە خۆشییا تۆزێ دەمی داچەقا و بەنووزەیەکەوە گوتی: خوا خۆشت کا.

ئەو دابەزی و ئێمەش کەوتینە ڕێ.

کوڕە دەمڕووتەکە هاتەوە قسە و گوتی:

- هەی.. هەی!. دەوڵەت دەیەوێ بەپێنج قران پێنج قرانی ڕێبوار و هاتوچووکەران داوودەزگای خۆی بەڕێوە بەرێ! بۆ خاتری خوا کووچە و کۆڵانی کرماشان بەمن چی؟ من پارە بۆ بدەم بە شارەوانیی کرماشان؟

هاوڕێکەی من گوتی: کوڕم ئەم قسانە پار دەکران (واتە کە زەمانی موسەدیق بوو). ئێستا کەڵکی نییە و تووشی گرتن و ئازاردانیش دەبی. تۆزێ ئاگات لە دەمی خۆت بێ.

ئیتر بەم پێنج قرانە وەک کلیلی تەلیسم یا بیسمیللای پیاوچاکان ڕێگەمان بۆ کرایەوە و بەبێ گرێ و قۆرت، بە بەر (تاقۆسان)دا بە بەر یادگارەکەی فەرهادی قارەمانی چیڕۆکی (شیرین و فەرهاد)دا ڕۆیشتین و لە (ناودەربەند) تێ پەڕین.

لە چایخانەکەی (ملە مرواری) هەرچەند ڕەمەزانیش بوو، دابەزین و لەبەر هاوڕێکەم کە لە پێشەوایانی دینی ئەژمێررا، لە قوژبنێکدا قاوەڵتیمان کرد.

هاوڕێکانیشمان، شارستانییەکانیان لە نان و چاخواردن و بۆرەپیاوەکانیشیان لە دەستنوێژ و نوێژکردن بوونەوە، سەرلەنوێ سوار بووین و کەوتینەوە ڕێ. دەتگوت پێنج قرانی تاین هێشتا پیت و بەرەکەتی هەر مابوو، بە بەر چەند ژاندرمەخانەدا ڕەت بووین هیچ گەڕوگێچەڵیان نەکردین. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ وا دیاربوو هاوڕێکەی منیش لەو ناوەدا لە پێنج قرانی گۆرین بێ نرختر نەبوو، چونکە ئیتر هەموو کەس دەیناسی و تەنانەت ژاندارمەکانیش کە چاویان پێ دەکەوت بەدەست سڵاوێکیان لێ دەکرد. جا نازانم لەوەپێش پێنج قرانی بەوانیش دابوو یان هەر بە دەوڵەمەندییەکەی وەک نووشتەی دەمبەست دەمیان ڕەق دەبوو.

پاس بە وڕەوڕ ڕێگەی خۆی دەبڕی. منیش بە دڵنیایی سەیری هەوراز و نشێو و چەم و ڕووبارانم دەکرد. هاوڕێکەشم بە ڕواڵەت لەبەر وەرزی ڕۆژوو، لە ڕاستیشدا سەبارەت بە تێرخواردن و خاوبوونەوە وەنەوزی دەدا.

ڕێبوارەکانی تریش یەکتریان دەدواند تا گەیشتینە چایخانەی (...) لەوێ دابەزین و بە چایچی و بە خەڵکەوە گشتیان هاتن بە پیری هاوڕێکەمەوە، تمەس ئەو چایخانەیە موڵکی ئەوە و ئەم خەڵکەش یا بۆرەپیاو یا دەسوپێوەندی ئەون.

تاوێک لەوێ حەساینەوە. لە پاشان ئەوان بەرەو سنە کەوتنە ڕێ. منیش بەرەو ئاوایی دەستم دا کەژ. ناشارەزا بووم نەمدەزانی بەکوێدا بڕۆم. دوو پیاو کەلوپەلی ماڵی کابرای هاوڕێمیان دەبردەوە و کەمێک لە پێش منەوە بوون. تۆزێ پێم هەڵگرت و گرتمنەوە. هەرچەند ئەوان کوڕی کێو و کەژ بوون، بەڵام سەبارەت بەمە کۆڵەکانیان قورس بوو زۆر باش لەگەڵیان دەردەچووم.

لە باسک و ملەیەک سەرکەوتین، دێیەک دەرکەوت. پرسیم: ئەمەیە ئاواییی (...)؟ گوتیان: نەخێر! ئەمەی چی. ئەم تەمومژەت دیوە نووچکەی کەژەکەی داگرتووە؟ ئاواییی (...) وا لەوێیە.

کەژەکە زۆر بەرز و کووڕ و زەردوما بوو. بۆم نەدەقەبڵا بەرزاییی چەندەیە؟

تا لە پاشان کابرای خاوەن ئاوایی هاتەوە، جارێک لەناو قساندا گوتی: حەوت هەزار پێ لە بان دەریاوە بەرزە.

بە شیو و دەرەیەکدا هەڵکشاین. بۆن و بەرامەی گوڵ و گوڵزار پیاوی مەست دەکرد. بە پەنای دۆڵەکەوە و تا سەری بەندەن باخ و باخات بوو. دار و درەخت وەک دۆستانی بە ئەمەگ و هاوبیر سەریان بەسەر یەکەوە نابوو، دەتگوت ڕاز و نیاز دەکەن بە ئاڵاوواڵای سەوزەگەڵاوە، بەدەم شنەی باوە دەشەکانەوە، دەتگوت بە هەوای موزیکی خوڕەخوڕی ئاوەکەوە کە لە لووتکەی کەژەکە دەهاتە خوارەوە، وەک دەوڵەمەند و خوا پێداوەکان، لەسەر شانۆی کابارییەکان سەما دەکەن و ئاگایان لە دەرد و مەرگی کەس نییە.

ئەم دیمەنە بۆ من، بە تایبەتی دوای ماوەیەک زیندان، ئەوەندە جوان و خەمڕەوێن بوو، بەرزیی کەژەکە و شەکەت و ماندووییی خۆمی لە بیر بردبوومەوە. بەکاوەخۆ تێ هەڵدەگەڕاین تا دەمادەمی خۆراوا گەیشتینە ئاواییی (...).

دوای چەند ڕۆژێک کوڕێکی سنەییش کە خزمی خانەخوێکەم بوو، بەناوی سەردانەوە هاتە ئەوێ. کوڕێکی خوێندەوار و وریا بوو. وابزانم ئەویش وەک ماسی لە تاوی ڕاوکەران قوڵاخەی دابوو. بەڕۆژ لەبەر هاتوچۆی ژاندارمە و چەرچی و وردەواڵەفرۆش کە پتریان بە پۆلیسی نهێنی دەزانران، دەچووینە باخێکی دوور لە ئاوایی.

باخەکە لە جێگەیەکی ئێجگار خۆشدا هەڵکەوتبوو. هەرچەند گێلاس و قەیسی نزیک پێگەیشتن بوون، هێشتا لە سەرووی ئەوێوە، بە نووچکەی کەژە بەرزەکەی پشتیەوە، ڕنووی بەفر دەدرەوشایەوە. لەوێ بۆم دەرکەوت ئەو ئاوەی بەناو باخەکانی خوارەوەدا هاژەی دەکرد، سەرچاوەی لای ئەو ڕنووانەیە و لەگەڵ بەفراوەکەیان تێکەڵ دەبێ. بۆیە بە ڕۆژ هەر هاژەی دێت و بە شەو کە بەفراو دەیبەستێ کەم و هێدی دەبێتەوە.

لەم باخەدا کۆمەڵێ کرێکاری لەڕ و لاواز و ڕووتەڵە قوڕەکارییان دەکرد.

خەریک بوون خانوویەک بۆ خاوەن باخەکە دروست کەن. نیوەڕۆیان سەرو سێ نانیان دەدانێ. هێندێ ڕۆژ دۆشی لەگەڵ دەبوو. لە ئەوڕەحمانی باخەوانم پرسی: ئەمانە کرێیان چەندەیە؟ گوتی: ڕۆژی تمەنێک. گوتم: جا چۆن بەم ڕۆژە درێژانە بە تمەنێک کار دەکەن؟ گوتی: هاهوو! ئەمە کار و کاسبییان ڕەنێوهێنانی ئەم باخەیە. ئەگەر ساڵێک تەرزە و گلێرە درەختەکانیان بکوتێ، هیچیان نییە پێی بژین. پارەکە نەهاتیان بوو، زستان پارەیان وەرگرتووە لەپێی کاری هاویندا ڕۆژی بە تمەنێک و خۆیان پێ خستووەتە بەهار. ئێستا بۆیە بەوەندە کار دەکەن. ئەم سێ نانەی دەشیاندرێتێ پیاوەتییە!

ئەوڕەحمان کە نیوەڕۆیان دەچووەوە ئاوایی نان بۆ کرێکارەکان بێنێ، ئێمەش پارەمان دەدایە شتێکمان بۆ بکڕێ. ڕۆژێ لەو ڕۆژانە دوو تمەنمان دایە هێلکەمان بۆ بکڕێ. ئەوڕەحمان هاتەوە، نانی لە کرێکارەکان دابەش کرد و سەرکەوت بۆ لای ئێمە. هێشتا چەند هەنگاوی مابوو بگاتە لامان گوتی:

نان و ڕۆنم لە ماڵی ئاغا هێنا و باییی دوو تمەنەکەش هێلکەم بۆ هاوردوون، بەڵام چ هێلکە؟ هێلکەی هادی خانی!

لە کوڕە سنەیییەکەم پرسی: هێلکەی هادی خانی چییە؟ گوتی: بەخوا بێژم چە!

ئەوڕەحمان هاتە پێشەوە شتومەکەکەی دانا. ئاگری کردەوە و چای لێ نا و هێلکەوڕۆنێکی باشی کرد و هەرسێکمان دەستمان بە خواردنی کرد. لەسەر نانخواردن لە ئەوڕەحمانم پرسی: هێلکەی هادی خانی چۆنە؟ گوتی: ئەی چاوت پێیان نەکەوت چەند درشت و گەورە بوون؟ هۆوەتا بڕوانە تێکوڵەکەیان.

گوتم: بۆچی ئەوڕەحمان ئێوە بە هێلکەی گەورە دەڵێن هادی خانی؟ گوتی:

بەڵێ، لەم چەمی (گاوەرۆ)یەدا وا دەڵێین. ئەمە حیکایەتی هەس. گوتم: ئادەی حیکایەتەکەمان بۆ بگێڕەوە.

ئەوڕەحمان کە کوڕێکی ساویلکە و دەم بەپێکەنین بوو، بزەیەکی گرت و دەستی پێ کرد و گوتی: لەو شیوەی ئەودیومانەوە لە داوێنی عەوداڵان دێیەکی ئاوەدان و گەورەی لێیە نێزیکەی دوو سەد ماڵ دەبێ ناوی (نشوور)ە. ئەم دێیە جگە لە باخاتی زۆر کێڵگەی فرەشی هەیە و ئاووهەواشی گەلێ سازگارە.

هادی خانی خاوەنی، سەرەڕای گشت مڵکەکانی، خانوویەکی خۆشی لەوێ دروست کردووە هاوینان دوو سێ مانگ بە خاووخێزانەوە بۆ ڕابواردن دێتە ئەوێ. پیاوێکی فرە لەچەر و چنۆکە لە پیاوی دەوڵەت بەولاوە مشکیش چێشکەی نانی ناکا.

خەڵکی نشوور ئەوانەی جووتبەندن وەک دێهاتی تر خەرج و پیتاک و پووشانە و ڕۆنانە و کاوڕانە و خورییانە و مووانە و فڕووجانە و بێگارانەی خۆیان دەدەن. دەغڵ و دان و شیناوەردیش ئەوە دیارە کە نیوەیی و سێیەکە.

باخەکانیشیان لەم ساڵانەدا بەهۆی تاپۆوە لێ کراوەتە نیوەیی. ئەوانەی ڕەشاییشن دیسان وەکو هەندەران مانگی سێ ڕۆژ بێگار دەکەن. ئەگەر ئاژەڵیشیان ببێت، ئەوا ڕۆنانە و پووشانە و کاوڕانە و خورییانەش دەدەن.

بەڵام هادی خان زیاد لە گشت شوێنێک بەپێی ئەژمارە بۆ گشت مامرێکی سەرە پازدە هێلکە لە ڕەشایییەکان دەسێنێ.

کە هادی خان ماڵی دێتە نشوور، گزیر دەکەوێتە ناو ئاوایی مامرەکان چاوئەژمێر دەکا، سیاییی دەگرێ و دەیبا بۆ ئاغا. لە پاشان دەنگیان دەدا هەرکەس چەندی هێلکانە لە پێدایە بیبات. ڕەشایییەکان کە ڕەنجبەر و وەرزێری جووتبەندەکانن، خۆیان لە دەشت خەریکی کارن. ژن و منداڵیان زەمبیلە هێلکە هەڵدەگرن و دەیبەن بۆ ماڵی هادی خان. هادی خان بۆ ئەندازەگرتنی هێلکەکان کونێکی خڕی کردووەتە تەختەیەک. خزمەتکارەکەی تەختەکە دەگرێ بەدەستەوە و لە بەرچاوی هادی خان هێلکەکانی پێ ئەندازە دەگرێ، هەر هێلکەیەک بە کونەکەوە نەچوو وەری دەگرێ و ئەوەی بە کونەکەشەوە نەوێستا نایەوێ. خاوەنەکەی ناچارە بیبا بیگۆڕێتەوە بەهێلکەی قەڵەو. جا سەبارەت بەمە هێلکەی گەورە لەم ناوەدا ناوبانگی کردووە بەهێلکەی هادی خانی.

گوتم: ئەوڕەحمان جا بۆ دەیدەن؟ کەی ئەمە لە قانووندا هەیە؟

گوتی: تۆ ئێژی چە؟ ئەی نایدەین چ دەکەین؟ هادی خان ئەعیانە و ماڵی لە شارە و هەر خۆی حەساوە. ژاندارمە دەنێرێتە سەرمان بە شەق ورگمان دەدڕن.

- جا ئێوەش هەمووتان قسەی خۆتان بکەنە یەک و لە هادی خانیش و لە ژاندارمەکانیش لای دەوڵەت شکات بکەن.

- بەڵێ لە زەمانی دوکتۆر موسەدیقدا ئەمەمان کرد و تەنانەت من خۆم ئێستا ئاوارەی ئەوەم: دایکم هێلکانەی بردبوو بۆ ماڵی هادی خان، هێلکەکان بە کونی تەختەکەوە نەوێستابوون، کابرای خزمەتکار هەموو هێلکەکانی دابوو بە سەرە سپییەکەی دایکمدا. ئێوارە کە لە ئیش هاتمەوە سەری شۆردبوو، باسی هیچیشی نەکرد تا من تووشی گێچەڵ نەبم، بەڵام دراوسێکان بۆیان گێڕامەوە. منیش هەر بەو شەکەتی و ماندوویییەوە دەستم دا داس و چوومە ماڵی هادی خان تا وەک کەما ملی هەڵبڕم، خواوڕاستان چووبوو بۆ سنە و لە جیاتیی ئەو کابرای خزمەتکارم بەر پەل کەوت داخی هادی خانیشم بەو ڕشت و هەتا جووڵاوە لێم دا و لە دوو سێ لاوە سەرم شکاند. ئیتر دنیا وەک ماستی مەییوی لێ هات و باسی هێلکە لەو ناوەدا نەما تا دەوری موسەدیق تێک چوو.

دیسان سەرلەنوێ هادی خان لە جاران خراپتر زەبروزەنگی دەست پێ کردەوە و ژاندارمەی هێنا کە من بگرێ. منیش بۆی دەرچووم و ئەوەتا لێرە باخەوانم. بەڵام برا بچووکەکەمیان بەردەست کەوت و گرتیان، ئێستا وا لە کرماشان لە زینداندایە، ها نەبوو کە ئێوە هاتن منیش لە پاسەکەدا بووم و قڕەم لە تەک کابرای دەم چەقەڵدا کرد، ئەوە چووبوومە کرماشان سەری براکەم دابوو.

- ئەوڕەحمان، تۆ ئەوسا گوتت ماستم هێناوە بیفرۆشم.

- ئەی چە؟ بێژم ئەوڕەحمانم و بمگرن! بەخوا هەر ئەوەندە بوو ماستم نەبردبووە فرۆشتن، ئەگینا گشت قسەکانی ترم ڕاست بوو. ئەوسا کە ماستم دەبردە فرۆشتن، ئەوانەم گشت بەسەر دەهات.

- ئەوڕەحمان، وەرزێر خۆی بەربەرەکانێی خان و بەگ و ژاندرمەی پێ ناکرێ. لەگەڵ ڕۆشنبیر و زەحمەتکێشەکانی شارستان ڕێک کەون، ئەوان خوێندەوارن و باشتر ڕێگەی کار دەزانن، با شارەزاییتان بکەن.

- ئا ئەمە خۆشە. نەخوێندەوار وەک کوێر وایە چوزانێ چ بکا؟ ئیستە ئێمە شارەوشار بەدوای ئەواندا بگەڕێین، یان ئەوان دەبێ بێن و ئێمە تێ بگەیێنن؟

خۆ هیچ نەبێ نانێکیان لە بەروبووی ڕەنجەکەی ئێمە خواردووە؟

- ئەوڕەحمان قسەی تۆیە، بەڵام پەلە مەکە با ئەوانیش خۆیان تەواو پێ بگەیەنن، جا ئێوەش شارەزایی دەکەن.

- سا وەڵڵا ئێمەش لە تای تەوراس ئامادەترین. بگرە بە هەموو لایەکمان پیرێژن و مامر و هێلکە لەم پەند و مەخسەرەیە ڕزگار بکەین.