دەردی دووری

لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
 1 خولەک  2839 بینین
دەردی دووری زۆر گرانە دڵبەرا هێجران بەسە
دڵ وەکوو پەروانە سووتا چاوەکەم سووتان بەسە
عاقڵان شەیدا دەبن ڕووبەندی سەر ڕوو لامەدە
عاشقان کوشتەی جەفاتن قەتڵی مەزلوومان بەسە
مورغی دڵ پابەندی دانە و داوی خاڵە و زولفی خاو
گیری بەندیخانە تاکەی؟ بەندی بێ ئامان بەسە
هەرچی بووم بردی بە تاڵان تورکی مەستی چاوەکەت
تاقەت و سەبر و قەرارم پێ نەما تاڵان بەسە
شاهیدم فرمێسکی خوێنینە کە تۆ جەرگت بڕیم
عاشقی ڕووتم ئەگەر تەقسیرە گەر تاوان بەسە
ئێستە کەش مەجنوون و لەیلێ هەن لە عەسری تازەدا
شێت و سەر گەردانی تۆم، حەیرانی تۆم، حیرمان بەسە
گەنجی عێشقت پڕ بە وێرانەی دڵە و من پێم کەمە
تا زیاد بێ چاوەڕێی دیشم مەڵێ ئیحسان بەسە
گەر قسەی عیشقی گوڵ و بولبول لە لات ئەفسانەیە
تۆ گوڵی خەندان و ئەمنیش بولبولی گریان بەسە
ئاورت بەردا دڵ و گیانی حەقیقیناسناوی ئەدەبی چاوەکەم
دەردی بێ دەرمانە عێشقت دەردی بێ دەرمان بەسە