تەخمیسی غەزەلی نالی

لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
 1 خولەک  1352 بینین
لە شۆعلەی ڕووی کەمەر چین زێڕ و زێوان
چ زەهرەی زوهرە و کەیوان کە بێ وان
شوعاعی میهر و مەهـ لاچوو لە نێوان
لە دوگمەی سوخمە دوێنێ نوێژی شێوان
بەیانی دا سپیدەی باغی سێوان
لەبەر ئەبرۆی کەوان و تیری سەر ژێت
هیلال ئەوشۆ بەخۆی گوت تەنگ ئەبێ جێت
خزی ڕووبەند و کاتێ کەوتە بەر پێت
لە خەوفی تەلعەتت ڕۆژ هەر وەکوو شێت
بە ڕووزەردیی هەڵات و کەوتە کێوان
شەمیمی عەتری زولفت عەینی شەوبۆ
شکاندی پشتی گوڵ خونچەی دەمی تۆ
نیگارم وەک گۆڵە هەم ڕەنگە هەم بۆ
مەکەن مەنعی پەشێوی دڵ کە ئەمشۆ
پەشێواوە لەبەر پەرچەم پەشێوان
دوو زولفی عەنبەرینی نافەمیشکن
دوو چاوی مەستی بیمار و پزیشکن
لەچاو من جۆیبار و جۆگە ویشکن
دوو چاوی من کەوا کەیلی سریشکن
دەپێون ئاوی بەحری خوێ بە پێوان
بە ئوممێدی قەدی نەوڕەس نیهالی
قەسەمخۆرە «حەقیقیناسناوی ئەدەبی» بۆ ویسالی
کە بەو دوو نەرگیسی چاوی خەزالی
شەڕابی لەعلی رۆممانی لە «نالیکەس»
حەرامە بێ مەزەی ماچێکی لێوان