بەهار
لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
2 خولەک
1134 بینین
دیسان شنەی نەسیمی بەهارە و کزەی شەماڵ
دیسان بە بەرگی تازەیەوە تازە بۆوە ساڵ
تۆقی سەراوی کانی لەبەر گرمە گرمی ڕەعد
شین بوو زەوی بە نم نمی هەوری گەواڵ گەواڵ
خەمڵی چیا و چەمەن بە سپی و سەوز و زەرد و سوور
دار و دەوەن بووە بە هەزار ڕەنگی ئاڵ و واڵ
لاچوو بە جارێ پەردە لە ڕووی جەننەتی ئیرەم
ڕازاوە تاقی ئەتڵەس و کیمخا و حەریر و واڵ
کوێستان لە بۆی هەڵاڵە و بەیبوون عەبیری خاو
ڕەنگاوە باغچەکانی وەکوو بووکی چاردە ساڵ
ئەشکەوت و کێو و کەژ بە خڕی قاسپە قاسپی کەو
گوێ کەڕ دەبێ لە قاڕەیی قاز و قورینگ و داڵ
یا باڕەباڕی بێچووە یا کاڕەکاڕی مەڕ
یا قاڕەقاڕی قومرییە یا هاڕەهاڕی باڵ
دێن و دەچن بە دوند و قەدی زەردوماهەوە
گاکێویی تاق و جووت و بە گەل مێگەلی مەڕاڵ
پێش ئەو دەمەی گزنگ لە سەران دا بەری بەیان
یا ئەو دەمەی کە زەردە لە کێوان دەدا بەحاڵ
بڕوانە عەینی قەوس و قەزەح دێنە بەر نەزەر
خاشخاشکی سوور و سەوزەیی سەوزی بنار و یاڵ
کیژان بە پۆل بەیانی دەمێ دەچنە گوڵ چنین
وەک حۆریان دەچن هەموو لێوئاڵ و چاوکەژاڵ
قەدیان وەکوو بلوورە برۆیان وەکوو هیلال
چاویان میسالی نەرگسە مەست و خومار و کاڵ
دەم چەشنی غونچەیی گوڵەباغی بەری بەیان
ڕوومەت دەڵێی شەهیدە لە خوێندا بووە شەڵاڵ
عەینەن دەڵێی بە مێخەکی نەخشاوە سێوی سوور
وەختێ کە دێن دەبینی لە سەر کوڵمە وردە خاڵ
جووتەی مەمک بە ڕاست و چەپی سینەوە دەڵێی
پەیوەندی داری عەڕعەڕە نارنج و پرتەقاڵ
شێوەی شەمامەیێکە دەسی وێ نەکەوتبێ
وێنێکە سێوی نۆبەرە عەکسە هەناری کاڵ
بۆ باس و خواسی زەڕڕەیەک ئاساری کردگار
فیکری بەشەر دەوەستێ زمانی لە وەسفی لاڵ
ئەو سوێسنە و وەنەوشە و نەسرینە بۆ چیە؟
ئەو ڕەنگ ڕەنگی سوور و سپی و زەرد و شین و ئاڵ
بۆیەن هەتا لە بیر چێ خەمی بەفری نەگبەتی
بۆیەن هەتا نەمێنێ نیشانێ لە دڕک و داڵ
بۆیە شەواوی باغی دەدا شەونمی کەرەم
تا گەش ببێتەوە گوڵی عومرت لە ژینی تاڵ
هەستە لە خەو بەیانە حەقیقیناسناوی ئەدەبی زەمانی گوڵ
سەیران دەکا لە باغی گوڵان بولبولی خەیاڵ