شنەی ڕەحمەت
لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
5 خولەک
1462 بینین
خودایا خەلق و ئەمری تۆ هەوا نین
لە خەلقی کایناتتدا خەتا نین
قەدیم و باقییە زات و سیفاتت
هەی و بووی و دەبی بۆ تۆ فەنا نین
زەمین و ئاسمان و مانگ و ڕۆژت
ڕیاز و ڕاز و ڕەمزی بێ بەها نین
لە ڕێی ناسینی تۆ وەستان لەڕێوە
ئەگەر چی هەردوو وەستان: عەقڵ و زانین
سەنا مەخسووسی تۆیە و حەمدی بێ حەد
کەسی دی لایقی حەمد و سەنا نین
هەور لەو ڕۆژەوە فەرمووت ببارە
هەتا ڕۆژی حەشر دایداتە بارین
ئەوەندەی بەفر و باران دێنە خوارێ
ئەوەندەی چۆم و چاوە و جۆگە جارین
هەموو بەحر، ئایەتن ئەمما بە ئایەت
ئەوەندەی هەن ئەوەندەش بێنە یارین
ئەگەر دونیا هەموو تۆفانی نووحە
چەم و بەحر و کەرێز و بیر و کانین
موڕەککەب بن بنووسن گەورەیی تۆ
لە شەئنتدا بە قەدری پووشی کا نین
بەشی ڕامان و دامانن لە نەخشت
ئەگەر زەڕڕاتی عالەم پاکی مانین
شەریکت نین و پێویستی کەڵەک نی
لە بۆ مڵکت سنوور و ئینتیها نین
دەڵێن حوسنی تەبیعەت سەربەخۆیە
بە ماهییەت ئەوانەی شارەزا نین
لە بەفرانبار و ڕێبەندانی ئەوساڵ
نیشانت دا خوداناسی و خودادین
دەی و بەهمەن کە وێنەی زەمهەریرن
بە دەستی قودرەتی تۆ بوونە هاوین
لە کوێستان تەیری گەرمێنێ نەچۆوە
کە دی گەرمێن و کوێستان لێک جیا نین
دەسی حوکمت لە باتی ڕنوە بەفران
ڕوواندی نەرگس و لالە و ڕیاحین
چەلان قەندیل مەلای مەندیل بەسەر بوو
ئەوێستا شێخی سەرسەوزە و کەوا شین
سەری بە گوڵاڵە دەدرەوشێ وەکوو تاج
هەوارچی تەختە جێی وەک شان و شا نین
هەڵاڵە و سوێسنە ڕاوەستاوە سەف سەف
لە شان و باسکی چەشنی فەوج و تا بین
فەڕش هەن ڕایەڵ و پۆ زێڕ و زێون
بە نەخشە و وێنەکەی باغ و چیا نین
لە خەیری و خەتمییە تاری کەش و تووش
گوڵی شەوبۆیە پۆی، هەڵز و کەما نین
نە شانەی دی نە خم ئەو ڕەنگ و ڕیسە
بە ئەمرت سوور و شین و ئاڵ و ئاوین
گوڵی ژاڵەن نە چەتری تاوسی مەست
گوڵ ئەستێرەی شەوانن شەوچرا نین
بە ڕەنگی سووڕەتی و زەرد و سپی و سوور
شکۆفان بوونە گوڵ بولبول مونادین
دەمی پشکووتنی خونچەی بەیانان
نەسیم ئامادە بۆ عەنبەرفشانین
دەر و دەشت و چیا خەمڵی وەکوو بووک
هەوا زاوا، گوڵاو و عەترە کابین
نموونەی پێکەنینی گوڵ بە شەونم
گرینی بولبول و خەندەی بەیانین
بە عەتری مێخەک و سووسەنبەر و یاس
کە خۆشبۆتر لەوان میشکی خەتا نین
کەژ و کێو مەست و بولبول مەست و گوڵ مەست
دەڵێی ئەو دەشتە هوشیاری تیا نین
خەتایە نیسبەتی بۆنی هەڵاڵان
لەگەڵ میشکی خوتەن چین و خەتا چین؟
لە تەفسیری ئیرەمدا مووشکافان
بە فەسڵی وا خەریکی مووشکافین
لە شیوان قاسپە قاسپی خاسە کەو دێ
لە سەر شیوان چریکەی باز و شاهین
دەمی سوبح و مەسا قاز و قورینگان
بە ڕێژە و سەف چەپ و ڕاست و موساوین
لە دەم چۆمان قوڵاغەی داوە ماسی
بە سێڵاوی خڕاوان جۆگە ماسین
لە چۆمان و لە گۆمان قەڵپەزەی ئاو
لە هەڵفڕ هەڵفڕی قاز و مراوین
خەزاڵان کاتی تێبەردان و هاوێر
لە نەخشی بێرییا حۆری وەها نین
بە دینی دەس لە نێو دەس نانی چۆپی
سەماچی حەوتەوانەی ئاسمانین
لە گەڵ ڕەنگین کەوانێ لێت نەگۆڕێ
کەوای ڕەنگینی وان ڕەنگینکەوانین
وەکوو ئەستێرە دەدرەوشن مەداری
لە ئەستێرەی مەداری ئوستووا نین
هەوا تاریک و ڕوونی پەرچەم و ڕوون
قەمەر کەوتۆتە عەقرەب بۆ ڕوانین
بە چاوی موشتەری بڕوانە زوهرە
ئیشاراتی عوتارید ناڕەوا نین
لە سەر سەریان دەسوڕێن پۆلێ کۆتر
دەڵێن ئێمەش بەڵاگەردانی وانین
کەوی دڵ سەیدی چاوی بازی نازە
لە حوکمی چاوی بازان کەو ڕەها نین
چ شیرینە کزەی جەرگ و بزەی لێو
لە لایەک خەندە بێ لای دیکە ناڵین
گوڵان خەرمانی گوڵیان سوورە ئەمما
بە فکری موستەحقق و بێنەوا نین
سەنەی ئەوساڵە تایبەتیەی بە شەمسی
دەنووسم بۆ ئەوانەی نەسلی سانین
هەزار و سێ سەد و پەنجا و شەش بوو
لە حەفتا تێپەڕی بوو عومری فانین
لە بەر دەردی گوناهان دڵ نەخۆشە
حەکیم ئامان چ دەردان بێ دەوا نین
گەداێیکم لە بەر دەرکی خودایەک
«فلاتنهعەرەبیر» کە غەیری تۆ خودا نین
بە هۆی «لا تقنطو من رحمت اللهعەرەبی»
دڵم خۆشە کە وەعدەت بێ وەفا نین
بە «سبحان الذي اسرا بعبدةعەرەبی»
بە شای مەسنەدنشین و ماسیوا بین
بە نووری سەییدی سەردار و سەروەر
کە ئەلقابی ئەون «طة و ياسينعەرەبی»
موحەممەد ئەشڕەفی ئەولادی ئادەم
کە لەو چاتر لە لای تۆ ئەنبیا نین
شەوی ئەسرایە دی و بیستی و گەڕاوە
بە گشتی هەرچی ئەسرار و مەعانین
بە ئیخلاسی ڕەسووڵانی ئولولعەزم
بەوانەی وا خودا ناسان و نامین
پەشیمانم لە تاوانم ببوورە
پەنام هێناوە غەیری تۆ پەنا نین
لەگەڵ بەحری کەرەم ناجۆرە نارت
بە کوردی ئاو و ئاور ئاشنا نین
بنێرە و بیکە دەرمانی «حەقیقیناسناوی ئەدەبی»
شنەی ڕەحمەت کە لەو چاتر شفا نین
سیڕاتی موستەقیمم پێ کەرەم کەی
نەسیبم کەی سەفی ئەنعەمتە ئامین