بێکەس

(١٩٠٥-١٩٤٨)
لە کتێبی:
مێژووی ئەدەبی کوردی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 30 خولەک  4999 بینین

لە بارەگای ئاوەدانی شاعرانا گەوهەری شەوچرا، لە سەراپەردەی خانەدانی ئەدیبانا جەوهەری بەر چرا. فیکری وەک تیشکی زەردەی خۆراوا، کە ئەڕژێتە سەرشەپۆلی ئاوا. بریسکەی ئەو ئاوە لەو زەردەپەڕە، وێنەی فیکری ئەم هومای شاپەڕە. جارێ بە یادی بەرزی نیشتمان، دەنگ ئەداتەوە دەنگی لە ئاسمان، کاتێ سەرزەنشت کۆنەپەرستی، نووکی قەڵەمی ئەخاتە هەستی، ئاڵای سەربەستی بیری نەمامی، ئاوی ئازادی سەرچاوەی فامی، ئاویژیان و مایەی دڵبەندی، کاژە بەفرەکەی چیای مەڵبەندی، جارجارێ باسی مەیت بۆ ئەکا، خۆی و گوێگری پێ سەرخۆش ئەکا، ڕەوڕەوەی تاریخ بێکەس ئەنوێنێ، ناویلە ڕیزی ناوان ئەمێنێ.

بێکەسی شاعر ناوی «فایق کوڕی عەبدوڵڵابەگی کوڕی کاکە حەمە» یە. لە ١٩٠٥ی میلادی لە ئاوایی «سیتەکشوێن» هاتووەتە دونیاوە. «سیتەک» دێیێکە بە ٢٠ کیلومەترەیەک کەوتۆتە شیمالی ڕۆژەڵاتی شاری سولەیمانییەوە - ئەو سەردەمە مەرکەزی قەزای شارباژێڕ وعەبدوڵڵا بەگی باوکی فایق لەوێ تابوراغاسی بووە. لەپاش دوو ساڵ هاتوونەتە سولەیمانی، لە تەمەنی سێ ساڵانا «ئاوڵە» دەرئەکا و سێ بەشی چاوی بە ئاوڵە ئەڕوا. هەر لەم وەختەوە قاپی مەینەتی بۆ ئەکرێتەوە. لە ١٩١١دا باوکی نێرراوە بۆ «خانەقی» و لەوێوە بۆ «بەغداشوێن»، ئەنێرێ بەشوێن ماڵ و مناڵەکەیا، ئەیانباتە ئەوێ لە پاش ساڵێک باوکی چووە بۆ تورکیا و ئەمان لە بەغدا ئەمێننەوە. ئیتر هەر ئەم چاوپێکەوتنە بوو، یەکتریان نەدییەوە. هەر لەو ماوەیەدا فایق برایەکی لە خۆی گەورەتری هەبووە «حەمەسەعید»ی ناو بووە، لە ڕووباری «دجلەشوێن»دا ئەخنکێ، دایکیشی لە تاوانا سوێی ئەبێتەوە و ئەمرێ، خاڵێکی لە بەغدادا بۆ مابووەوە، لەپاش سێ، چوار مانگ ئەویش ئەمرێ. فایق خۆی و برا بچکۆلەکەی «تایەر» بە هەتیوی و دەربەدەری ئەمێننەوە.

سەرەتای شەڕی ١٩١٨-١٩١٤ دائەمەزرێ و ئەبێ بە ڕێبەنان. حاجی ئەمینی کاکە حەمەی مامی سفارشت ئەکاتە سەر حاجی عەلی ئاغا، کە لە بەغدا بووە، چاوێری فایق و براکەی بکا و ئەو میراتەی لە باوک و دایکیانەوە بۆیان ماوەتەوە تیایانا خەرج بکا. حاجی عەلی ئاغاش ئەیانداتە دەست «حەبەخان» ناو -کە ژنە زابتێکی سولەیمانی بوو و لە بەغدا دانیشتبوو- حەبەخان شێرانە چاوێرییان ئەکا و تووکە تووکەیەکیشیان پێ ئەخوێنێ، دوو ساڵێک بەم جۆرە ڕای ئەبوێرن؛ لە ١٩١٧دا کەساسی و هەژارییەکی زۆر نەچێژن، لە ١٩١٨دا ژنە ئەیانباتەوە بۆ سولەیمانی بۆلای حاجی ئەمینی مامیان. فایق پشوویێکی پیا هاتەوە و خرایە مەکتەب و لە پۆلی سێیەما وەرگیرا، تا ١٩٢٣هەر لە مەکتەبا مایەوە و هەموو ساڵێ بە یەکەم و دووهەم دەرئەچووا؛ هەر ئەو ساڵە لەسەر ئارەزووی مامی چوو بۆ مەکتەبی عیلمیەی کەرکووک، بۆی ڕێنەکەوت لەوێ بێ، لەوێوە چوو بۆ بەغدا، لە ١٩٢٤-١٩٢٥ چووە مەکتەبی «دارالعلومناوی تایبەت»، لەبەر دەم بزێوی لە ساڵێ زیاتر مەکتەب نەیگرتە خۆی، لە ١٩٢٦-١٩٢٧ گەڕایەوە بۆ سولەیمانیشوێن، تەنها پۆلی یەکەمی «متوسطه‌عەرەبی» هەبوو لە سولەیمانی، چووە ئەو پۆلە و مامی چاوێری ئەکرد.

لەپاشا مامی لەبەر ئەوە فایق فێری عەرەق خواردنەوە بووبوو دەری کرد!. چووە لای مامە عارفی، حەفتەیە زیاتر ئەویش نەیگرتە خۆی، بە ناچاری بۆ نوستن گواستییەوە ئەو قوتابخانەیە کە لێی ئەخوێند، خەڵکیش یارمەتییان ئەدا بۆ خواردنەوەکەی، ئەم حاڵەی پێ خۆش نەبوو، لە ئاخری ١٩٢٧دا هات شتومەک و جلوبەرگەکەی خۆی فرۆشت و دووکانێکی جگەرەچێتی بۆ نان پەیداکردن لە سولەیمانی دانا، دوای سێ، چوار مانگ ئەمەش سەری نەگرد، دزداشەیەکی لەبەر کرد و فیستێکی سووری لەسەر نا و سنۆقێکی کرد بە بەرۆکیا، جگەرە و شقارتەی تێ خست و بەناو شارا دەستی کرد بە فرۆشتنی، ئەمەش زۆری نەخایان، پەنای بردە بەر دایەرەی ئەشغاڵ، بە ڕۆژانە لە ڕێگای عەربەت ئیشیان دایە، بەم جۆرەش سێ، چوار مانگێکی ڕابوارد. لە ١٩٢٧دا بوو بە مامۆستای «زانستی». لە ١٩٢٩دا ئەبییەت کە باوکی لە «مەرعەش» مردووە، لە ١٩٣٠دا بە هەر کوڵەمەرگییەک ئەبێ ئەچێ بۆ بەغدا و لەوێوە بۆ حەڵەبشوێن و بۆ تورکیاشوێن، بەو نیازە شتێکی لە میراتەکەی باوکی دەست کەوێ . لە ئاغوستوز «ئاگۆست»ی عەینی ساڵدا گەڕاوەتەوە بۆ سولەیمانی. لە ڕۆژی شەشی ئەیلوولی ١٩٣٠دا هەرای بەر دەرکی سەرا، لە سولەیمانی ئەقەومێ _ هەرای داواکردنی سەربەخۆیی بۆ کورد فایق گیرا و بە دیل برا، کە بەڕەڵا کرا، بۆ ئەوە نان پەیدا بکا کە بیخوا هات لە سولەیمانی قوتابخانەیەکی دانا و دەستی کرد بە دەرز وتنەوە. ئینجا لە ١٩٣٣دا وەزارەتی مەعاریف وەریگرت و بوو بە مامۆستای مەکتەب، سەرەتالە دێی «مورتکەشوێن» لە ناوچەی بازیان، تا ١٩٣٧ هەر لە لیوای سولەیمانیشوێن بووە، لەم تاریخەدا نێررا بۆ «حلەشوێن»، لە ١٩٣٨دا پێیان وت بچێ بۆ «عەمارەشوێن» نەچوو و وەزیفەکەی دایە دواوە و گەڕایەوە بۆ سولەیمانی، دەستی کرد بە دانانی قوتابخانە، تا ١٩٤١، لەم کاتەدا سەرلەنوێ گەڕاندیانەوە بۆ مەعاریف، هەر لە لیوای سولەیمانی، سەرتا بۆ قەرەداغشوێن، بۆ ناو شاری سولەیمانی، بۆ سورداش و بۆ هەڵەبجە. تا لە ڕۆژی ١٩٤٨/١٢/١٨ لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا لە هەڵەبجە ئەم ژیانە پڕ جەور و ستەمەی بەجێ هێشت و تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ سولەیمانی و لە «گردی سەیوان» وەکوو گەلێکی تر نازداران، نێژرا.

کە سەیری لاپەڕەی ئەم ژیانە فایق ئەکەیت، هەر لەو ڕۆژەوە کە لە کۆشی دایکیا مەمکەی ئەمژی و چاوشارکێی لەگەڵ ئەستێرەکان ئەکرد و بە پەنجەکانیشی ڕاوێژی لەگەڵ ئەو فیلمانەدا ئەکرد کە مەینەت و ئاوارەیی پاشەڕۆژیان پیشان ئەدا، تا چووە گۆڕەکە و سەری ئەبەدی نایەوە، لە جەزرەبە بەولاوە شتێکی تری لە ژیان چاوپێ نەکەوت. وەکوو بڵێیت هەر لە بێشکەی دارەوە زانیبووی کە بێشکەی دونیا بە دەسرازەی خەم و مەینەت و پەژارەیی ئەبێ کۆرپەی تێدا شەتەک بدرێ!. فایق پیاوێکی میانەباڵای تێک سمڕڵو بوو، سەری زل و دەموچاوی گرد، چاوێکی کوێر و ئەوی تریشیان نیوەی هەبوو، لووتی پان و دەمی بچووک بوو، ڕیشی ئەتاشی و تۆزێ لە سمێڵەکەی ئەهێشتەوە. چاکەت و پانتۆڵی لەبەر ئەکرد و زۆریش بە تەنگ جلوبەرگەوە نەبوو، لە قسەکردندا لەسەرخۆ بوو، وەک بڵێیت بە دانە دانە قسەی ئەکرد. زۆر ئاشنا بوو بە خواردنەوە و ژیانی سەرخۆشی، یاریشی ئەکرد. لە دوادوایی ژیانیا هەناسەبڕکێی پێ کەوتبوو، باوەڕێکی ڕاست و لە ژیانا یەک ڕێگەی کردبوو بە پیشەی ژیانی خۆی. ئەگەر لە دڵا یەکێکی نەویستایە هەر ئەو نەویستنە بوو ۆ ئیتر نەیئەدوان. زیرەک و بە زەین بوو، کە بشهاتایە بەسەریا شەرمی لە کەس نەئەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا زۆر زمان پاک بووە، لە شێعردا قەلەندەر بوو، بۆیە بوو بە ڕەند!. فایق کە چاوی پشکووت، یا دەمی لە مژینی پەنجەی خۆی بەرەڵا کرد، تەماشای کرد مناڵان لە دەمەدەمی ئێواراندا کە باوکەکانیان دێنەوە، ئەچنە پێشوازیان بۆ ئەوە پێکەوە بچنە ژوورەوە، تا شەو کە دائەنیشن، ئەم لایان باوکیان بێ و ئەولایان دایکیان، کە چی ئەم بە تەنیا لەباتی دەستی باوک دەستی برابچکۆلەکەی ئەگرێ و ئەچێتە ژوورەوە!.

دایکیشی نەماوە تا بێت بە پیرییانەوە!. ئەم دیمەنە دڵی منداڵێک بریندار ئەکا، بەڵام ڕەنگبێ زۆر دڵی فایقی بریندار نەکردبێ، چونکە جێگەکەی لە تەنیشت جێگەی ئاسۆی هیواوە بوو، بە شەو لاپەڕەی بەیازی شاعرەکانی ئەخوێندەوە - هەر بۆ ئەمەش بوو کە تەنایی پێ خۆش بوو - کارەساتی ڕۆزگاری لە سینەمای خەیاڵیا دەورئەکردەوە کەوا شەڕی ١٩١٤-١٩١٨ چە بۆ خۆی، چە بۆ قەومەکەی یەک لەسەر یەک ئەیخستە شریتەوە، ژیانی لەبەر یەک هەڵپچڕاوی خۆی و ناوشاری سولەیمانی تەماشا ئەکرد کە جەوری زەمان بەسەریانا ئەهێنێ و هێناویە. ئەوەی ورد ئەکردەوە کە بۆچی شیرازەی ئیش و کاریان لەبەر یەک هەڵوەشاوە؟. کوتوپڕ لە ترسی ئەم دیمەنە بە سامانە ڕاچەنی و ئاوڕێکی دایەوە بەلای خۆیەوە و بە خۆی وت: «تۆ چیت؟ من کوردم نەتەوەی گوردم». خۆ کوردیش بێکەسە، ئەگەر کەسێکی ببوایە حاڵی ئەو حاڵە نەئەبوو، وتی: کەوابوو من بێ کەسم «بێکەسناسناوی ئەدەبی»ی لە دەربەدەری کوردەوە کرد بە ناوی خۆی و لە بادەی بێ کەسانی هەردە گەڕانا شەرابی شعری خواردەوە. ڕاستە لە دەوری بێکەسدا شعر پەردەیەکی تری بەسەرا هاتبوو، وە لە خێوەتی غەرامەوە سەری هێنابووە مێرگی قەومییەت، بەڵام ناتوانین بڵێین تەنیا ئەم سەرەتانکیە بوو کە بێکەسی خستە ئەو مێرگەوە، یا بێکەسی فێری شعر کرد، چونکە زۆرکەس لە هاوچەرخی بێکەس هەر لە ژێر خێوەتەکەدا مانەوە بۆ ئەوە باوەش بکەن بە غەراما و چاو ببڕنە چاوی کاڵی غەرام!. یا ناتوانین بڵێین سەدەی بیستەم بوو کە بێکەسی فێری شعر کرد، چونکە بێکەس ئەگەر لەم دەورەشا نەبوایە هەر شاعر بوو. بۆیەش شاعر بوو، چونکە لە باوەڕی ئەودا سەربەستی و شعر دوو ناو بوون بۆ یەک مەعنا. دەی ئەمە ناتوانرێ بوترێ لە یەکێکەوە وەری گرتووە، یا شتێک کاری تێ کردووە بۆ ئەوە وا بێت. بەڵێ، پەرێشانی خۆی و کۆیلەیی قەومەکەی بێکەسی هەڵخڕاندووە بۆ ئەوە کە ڕۆحیەتێکی ئاژاوەی ببێ، چونکە ڕۆحی ئاژاوە لەو سەردەمەدا گەلێ شوێنی کورووەواری گرتبووەوە، بەڵام وەنەبێ تەنیا ئەمەش بووبێتە سەرچاوەی ئیلهامی شعرەکەی. ئەگەر ئەمە بوایێ لەبەر ئەوە کە ئەمە شتێکی تێکڕایی بوو، خەڵکی تریش ئەو عامیلە کاری تێ بکردنایە، کە چی تەنیا"بێکەس" بوو کەئاگرێکی ڕاستەقینە لەدڵیەوە بڵێسەی ئەسەند. بەڵێ ڕاستە لەپێش بێکەسدا ولەدەوری ئەودا پۆلیس وئەدەبی غەرامی دەستیان کردووە بەیەکدا بۆ سەربڕینی ڕۆحی گۆڕان لەدەورێکی وشکەوە بۆدەورێکی تەڕ، وەیا خود بڵێین لە دەورێکی "ڕومانتیکی"یەوەبۆ دەورێکی"کلاسیکی"!.

بەڵام وا نەبێ دیسان ئەمەش ئەوەمان پیشاندا کە ئەم کارەساتە تەنیاشتێک بووبێت و ڕاوی بێکەسی نابێ بۆ ئەوە لە تاوانا خۆی باویژێتە کۆشی شعرەوە و خۆی و قەومەکەی پێ بلاوێنێتەوە! ئەگەر تەنیا ئەمە بوایە، ئەبوایە بێکەس دوو بوونایە، کە چی هەر یەک بوو!. دیسان ئەمەش هەر وایەکە بێکەس پەلاماری مزگەوت و ئایینی ئەدا و ئەدا و لە سەدەی چواردەهەمی هیجریدا ئەهات هەڵی ئەسەنگاندن و بەئەقڵی سەدەی بیستەم بەرەنگاری ئەکردن و بە ئاوێکی ڕوون ئەیشتنەوە بۆ کارەبای بە قوڕ داپۆشراوی ئایینی ئیسلام سەرلەنوێ ڕووناکی بداتەوە!.

ئەمەی کت ئەکرد، خۆ وا نەبێ لەبەر ئەوە بووبێ کە سەرچاوەی لەسەر چاوەی ئایینەوە هەڵینجابێت، وەیا زانیبێتی «ڕۆپرت وبیرنزکەس-١٧٥٩-١٧٩٦» شاعری ئیسکەتلەندە - پەلاماری کلیسەکانی ئینگلتەرەی داوە! ئەگەر وا بوایە گەلێ کەسی تر لە سەرچاوەکەئاویان هەڵینجاوە و گەلێ کەسی تر لەوانە بوون «بیرنز» یان ناسیبێ، کە چی بێکەس و بێکەسی گوڕی خۆی ئەبەستەوە و پەلاماری ئەو باوەڕەی ئەدا بەبێ ئەو ئاشنایەتی لەگەڵ ڕەچەڵەکی مزگەوتەکەدا دابڕێت!.

کە وا بوو وا نەبێ تەنیا یەکەیەکەی ئەم شتانە بووبێت کە بێکەسان خستبێتە کۆشی شعرەوە، بەڵکوو هەموویان بەتێکڕا و شکۆهێکی مەعنەوی فیتری بەتایبەتی بووە، بۆ ئەوە بە هەر دوویانەوە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە پاڵ بنێین بە جەماڵی تەبیعەتەوە تا چرۆی نەرم و نیانی بێکەس لە بەهارستانی میللییەتا ببێ بە گڵۆکێکی دەمە دەمی بەیان و ببێ بە غونچەی باغچەی نیگارستان و بە یادی فیکری قەومییەتەوە کتوپڕ دەم بکاتەوە.

یاخود بڵێین بۆ ئەوە بووە کە بە هەر دووکیانەوە بە درێژایی نیوەی یەکەی سەدەی بیستەم شریتێکی ترعالەمی کوردیدا بخەنە کار و بێکەس لەو شریتەدا ببێ بە گۆیایەکی دەنگ زەڵاڵی دڵڕفێنی میللییەت، وەیا ببێ بە بولبولێکی خوش نەوای لالەزاری قەومییەت!.

مایەوە سەر ئەوە بزانین شعری بێکەس چەپایەیەکی لە ئەدەبیاتی کوردیدا وەرگرتووە و مێژووی ئەدەبی کوردی چە ئاشنایەتییەکی لەگەڵ شعری بێکەسدا هەیە؟

بەڵێ، وەکوو تۆزێکی لێ وترا بێکەس گەلێ جار لە ژیانی پێشوویدا حەزی بە تەنیایی و گۆشەگیری ئەکرد، لەم ڕابواردنەیدا بۆ خوێندنەوەی دیوانی شاعرەکان، ئەو شاعرانە کە زۆرتر سەرچاوەی ئیلهامی شعریان غەرام و تەسەووف بووە.

لێردا ناچار ئەبوو، یەعنی شعوور ناچاری ئەکرد بەوە کە سەر بەرێتە دیوانی شاعرەکانی فارسیشەوە، لەبەر عەرەبی خوێندن دیسان حەزی بە خوێندنەوەی شعری عەرەبیش ئەکرد ئەم سەودایە - بێجگە لە فیترەتی زاتی - پاڵی پێوە نا بۆ شعر وتن، وەکوو ئەوان.

وە وەکوو لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا بۆمان دەرئەکەوێ دیوانی شاعرەکان تا ئەو سەردەمە مەگەربە دەگمەن، ئەگینا هەر غەرام وغەزەڵ و تەسەووف بووە، ئەمیش بەو جۆرە هات لەپێشا لەسەر ڕێچکەی ئەوان بە خیاڵی خۆی، خۆی ئاڵان بە غەرامەوە و کەوتە داوی دڵخوازییەوە لەو مەیدانەدا ئەسپی خۆی تاو دا.

نموونەیەک لەو ڕێگەیە کە گرتبووی ئەم پارچە شعرە بوو:

دڵێ لە خۆیا دایم تەڕ نەبێ
سەرخۆشی بادەی ڕووی دڵبەر نەبێ
مەفتوونی باڵای قەد عەرعەر نەبێ
بە جامێ شەراب کەیل و مەست نەبێ
یاخوا ئەو دڵە دایم پەستی کەی
دڵێ هێلانەی عیشقی یار نەبێ
بە تیری نازی بریندار نەبێ
کوشتەی ئەو دیدەی پڕ خومار نەبێ
بە جامێ شەراب نەشەبار نەبێ
ساخوا ئەو دڵە دایم پەستی کەی
دڵێ لە کانگای مەعریفەت نەبێ
سەرچاوەی عیشق و مەحەببەت نەبێ
ڕەهبەری ڕێگەی حەقیقەت نەبێ
بە جامێ شەراب جیلوەدەر نەبێ
سا خوا ئەو دڵە دایم پەستی کەی

تەماشا ئەکەی لەم شعرانەدا بێکەس بە شێویەکی غەرامی و ڕاز و نیازێکی لەگەڵ دڵ کردووە و فەلسەفەیەکی حەقیقەتی دڵی دەربڕیوە، بەڵام ئەگەر سەر ئەوە بزانین ئەم شعرانە لە باری غەرامدا چە نرخێکیان هەیە؟ ئەم سووچەوە ناتوانین پایەیەکی بەرز بۆ ئەم شعرانە دابنێین، چونکە ئەگەر مەبەست بە غەرام ئاهـ و ناڵەی جەرگی هەڵکڕووزاو بێ بەرانبەر بە دۆستێکی دڵ چەپاولکەر، یا پاڕانەوەی کوژراوێکی دەست عەشق بێت لەبەر دەست پادشای جەماڵی دڵخوازی تاڵانکەری هۆش و شعووردا، وەیا باسی دیمەنی جوانی عەنعەناتی ناز و عیشوەی چاو برۆ و خەت و خاڵی دڵبەر بێ کە ئەمانە ڕێچکەی شاعرە فەرامییەکانن ئەم باسەی بێکەس لەم ڕووەوە هیچیان نییە، بەڵکوو تەنیا باسی ئەوەت بۆ ئەکا کە دڵ:

ئەو دڵە کە هێلانەی مەعریفەتی ناسووتی و لاهووتییە، ئاوێنەیە بۆ نیگاری تەبیعەت و کەون، کۆنە شاری بازی خەیاڵی خۆش پەروازە و ئارامگای حەسانەوەی هەموو ڕاز و نیازێکە، ئەگەر لە خۆیا سۆز و گودازێکی نەبێ و خۆی وەکوو بلووری بێگەرد، ساف و بێگەرد نەبێ و نەبێ بە ئاوێکی ساف لە شەوی مانگێکی چواردەدا و وێنەی مانگەکەی تێدا دیار نەبێ و بە نەسیمێکی فێنکی وەکوو بادەیەکی شەراب نەبزوێتەوە بۆ ئەوە بە هۆی زەنجیرەی وردە شەپۆلەکەیەوە دیمەنی مانگەکە بکا بە هەزار مانگ - کە ئەمە هەم مەعریفەت وهەم مەحەببەت و هەم جەماڵ پیشان ئەدا - دڵێ کە لە خۆیا وا نەبێ با هەر نەبێ، چونکە شت وەختێ خۆش و جوانە کە خۆی تەبیعەتی خۆی لە دارەکەوە پێ بگا و سوور هەڵگەڕێ؟ لەکوێ ئەوە کە لێی بکرێتەوە و بە زۆری پەنجە و نینۆک بگەیەنرێت و سوور بکرێت؟!.

وتمان ئەم شعرانە لە باری غەرامدا نرخێکی وایان نییە، وە مەعنای غەرامیشمان وا لێ دایەوە کە شاعرەکانی تر لەسەری ڕۆیشتوون ئەمەمان وت، بەڵام بێینە سەر ڕاستییەکەی و حەقیقەتی باسەکەی بێکەس خۆی هەستی بەوە کردبوو کە لە سەر و ڕواڵەتدا و لە باری جوانیدا مەگەر وێنەکەی خۆی بوایە لە ئاوێنەدا، ئەگینا کەسی تر لەو نەئەچوو! ئەبێ بە چە ڕوویەکەوە بکەوێتە شۆخی بازی و پەنجە بازی لەگەڵ ئەو دڵبەرانەدا کە سای گەردنیان لە سای سەهەنا، وەک تریفەی مانگە لەبەر بەنەنا!. کە وا بوو ئەبێ بە جۆرێ بێتە مەیدانەوە کە دڵی نازداران لە گۆشەی ڕەشماڵانا بە چەشنی بکا بە پەروانەی دەوری چرای خۆی کە هەموو کەس لە گۆشەی ئاسایشەوە سەیری ئەم فەساڵی بێکەس و جەماڵی ئەو فریشتانە بکا. ئەمە مەگەر بەو جۆرە بێت کە ڕچەیەکی تازە بشکێنێ بۆ غەرام، ئەگینا ئەگەر وەکوو هی پێشینەکان بێ، نەوەک هەر نازداران، بەڵکوو کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە!. جا بەم بۆنەوە بێکەس هات ئەم جۆرە غەرامەی خستە ناوەوە.

هات دڵی کرد بە هەیکەلی بادە و پەیکەری عیشق و سەرچاوەی جوانی و شەرابی ئەرخەوانی، بۆ ئەوە هەتا یاری نازدار بە چاوی پڕ خومار و بە باڵای وەک شمشاڵ و بە نازی بێ ئەندازەوە سەیری بکا. ئەگەر تەماشای ئەم سووچە بکەین، بێکەس شاعرێکی غەرامییە، نەوەک هەرئەوەندە بەڵکوو تیایا کوڵاوە شعرەکانی شانشینێکی هەرە بەرز بۆ خۆیان تەرخان ئەکەن.

***

«بێکەس» پەردەی غەرام دائەداتەوە و ئەکەوێتە عالەمی سەرخۆشییەوە، ئەکەوێتە ئەو عالەمەوە کە لە سەرەتاوە عەوداڵی بووبوو، هەر ئەو عەوداڵییە بوو تووشی غەرامی کردبوو، ئەگینا ئەو چی و غەرامی کوڵەنجەڕێ ڕێ چی؟!. ئەکەوێتە عالەمی مەی و مەیگێڕەوە. بەڵێ عالەمی مەستی، عالەمێکی هەستی بوو بۆ بێکەس، هەر لە مەیەوە بوو پەیدا بوو، وە تا مردنیش هەر تیا بوو!. سەودای مەی و مەیخانە و مەیگێڕی خوڵامانە داری تازە خەتی سەوز ڕوا و لەسەر لێوی ئاڵی بێکەسی خستە هەموو کۆڕێکەوە. بادەپەرستی و سادەپەرستی بێکەس، شەرابی ئەرخەوانی و و کوڕی نەخچەوانی هێنایە سولەیمانییەوە، نە ناوی شەراب مایەوە بۆ خەرقەپۆشان، نە ناوی غیلمان بۆ بەهەشت فرۆشان! بەبێ پەردە ڕوو ئەکاتە مەیگێڕی سادە و پێی ئەڵێ:

دڵ پەستە، هەستە ساقی فیداتم
حەیرانی لەنجە و بەژن و باڵاتم
شەرابێ با بێ بۆ دڵەی ماتم
ڕەونەقێ شەوقێ با بە حەیاتم
لە دەستی پەستی بدا نەجاتم
***
شەرابێ وا بێ عومری نووحی بێ
سەفابەخشی دڵ نەشئەی ڕۆحی بێ
کۆن و موسەففا، لابەری جەفا
بەزم و ڕابیتەی یارانی وەفا
شەرابێکی وا بە تەنیا جامی
تەکامول بکا خامی و نەفامی
***
قەدەح پەیاپەی پڕ کە لێواولێو
بێنە و مەترسە لە تەعنە و جنێو
دەخیل مەوەستە ساقی فرسەتە
وەختی خواردنە و کەیف و عوشرەتە
موغەننی سا تۆش ڕۆژی هیممەتە
دڵ زۆر موبتەلای دەنگ و نەغمەتە
توخوا قەتارێ، دڵ بۆت لەتلەتە
***
بە ناڵەی نەی و نەغمەی ئەرغەنوون
بە نەشئەی مەی و شەرابی گوڵگوون
با لە دڵ دەرکەین سزایی گەردوون
ئاسوودە ساتێ دڵ ببێ مەمنوون
***
ساقی ئوباڵی منت بە ئەستۆ
دونیایە وەسیەت ئەکەم لەلای تۆ
کە مردم توخوا هەر بە مەی بمشۆ
بۆم مەکەین شین و گریان و ڕۆڕۆ
***
لە کێی یاسین و تەڵقین و شینم
بێن کۆڕێ بگرن لە ژوور سەرینم
بە بەزم و ڕەزم و بە ئاوازی خۆش
ئێسک و پروسکم هەمووی ببێ گەش

بەڵێ ئەم شعرانە گەلێ وێنەیان هەیە، نە بادەپەرستی شتێکی تازەیە، نە سادەپرستی، مێزووی ئەدەبی کوردی وەکوو ناتوانێ بڵێ ئەمانە شتێکی تازە بابەتن، وەیا فیکرێکی وردن و بێکەس دایانی ناوە و بۆیان چووە، ناتوانێ ئەوەش بڵێت کە بێکەس وەکوو شاعرە تەسەووفییەکان نیازی لە شەراب شەرابی خەرقەپۆشان بووە، چونکە هەر خۆی لە شوێنێکی تردا ئەڵێ:

داخی قەرزاری عەرەق خستوومیە فاک و فیکەوە
گا بە دەست «جەرجیسکەس» و «عەبدکەس» و گا بە دەست «ئۆفیککەس» ەوە
هەرکە ڕۆژ ئاوا بوو ئیتر بۆ عەرەق سمکۆڵ ئەکەم
وەک وڵاخێ بێنە وەختی کا وکۆی ئالیکەوە

ئەوەندە هەیە، ئێمە ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێ کە بێکەس لە هەر ڕێگەیەکدا کە گرتبێتی، سەربەست و پێ پەروا بووە، ڕاستەوڕاست هاتووەتە مەیدانەوە. وە لە باری ژیانی دونیاییدا تا ئاخر پلە، دڵ بریندار و پڕ ئازار بووە و ویستوویە بهسەرخۆشی مەی، خۆی لە خەمی دونیا دوئر خاتەوە، وەکوو هەر لە ئاخری ئەم شعرانەیدا ئەڵێ:

هەقمە گەر ئارەق بخۆم، توخوا ڕەقیق لۆمەم مەکەن
زەحمەتە بێ مەی ژیانم، بەم دڵەی تاریکەوە!

ئەو شۆڕشی سەرخۆشی و بادەپەرستییە کە لە مێشکی بێکەسدا بووە، هەر ئەو شۆڕشە بووە چووەتە مێشکی «ابونواسکەس» ی ئەهوازییەوە لە ساڵانی ٧٢٩-٨٨٥ی میلادیدا. کە چی ئەبوونەوای ناسرا و بێکەس قاودرا!

***

بێکەس پەردەی شعری سەرخۆشیش دائەداتەوە و ئەچێتە ئاسمانێکی ترەوە. ئەچێتە ئەوە ئاسمانەوە بۆ ئەو نیشتمان و قەومەکەی بەرچاو کەوێ. لەم شوێنەدا بێکەس بازێکی تیژباڵ و ڕەندێکی هەردەگەڕە، بۆ ئەوە دروست کراوە کە نەوای قەومییەت وەکوو دەنگی زەنگی بەری بەیان بڵاو کاتەوە و لهسۆزی دەروونێکی بە جۆشەوە بڵێت:

ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیر کەوتەوە
وەختی بەندیی و ئەسارەت پێ بە بەند و کۆتەوە!
من لە زیکر و فیکری تۆ غافڵ نەبووم، وا تێنەگەی
حەپس و تێهەڵدان و زیللەت تۆی لە بیر بردووەتەوە
بەو خوایەی بێ شەریک و لامەکان و واحیدە
عەشقی تۆ جۆرێ لە دڵما ئاکری کردووەتەوە
ئاگرێکی وا هەزار ساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر
قەد گڕ و کڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد ناکوژێتەوە
باسی مەحزوونی و کەساسی خۆت نەکەی توخوا وەتەون
چونکە بەو باسە برینو زامەکەم ئەکولێتەوە
ماتەمینی تا بە کەی؟ دەی پێکەنە و سەر هەڵبڕە
موفتەخەر بە، شوهرەتت وا عالەمی گرتووەتەوە
نەگبەتی لاچوو، سەعادەت بووەتە پشتیوانی تۆ
کەوکەبی بەخت و فریشتەت بەرزە، ئەدرەوشێتەوە
گەرچی بەینێکە زەلیل و دیلی دەستی زاڵمی
نۆبەتی شادیتە، ئەمجا ناحەزت لێک بێتەوە
لافی میللییەت بە دەم لەم عەسرەدا کەڵکی نییە
ڕۆژی هەوڵە، هەر بە هیممەت گۆی هونەر ئەبرێتەوە
بێ قسوورە، چەند جەسوورە، سەد شوکر ئەولادەکەت
وا لە ڕێی تۆدا، لە خوێنا سەیری چۆن ئەتلێتەوە؟!
بەسیە، تەعنەم لێ مەدە هەر ڕۆڵەکەی جارانتم
هێندە حیلمت بێ هەتاکوو دەست و پێم ئەکرێتەوە
شەرتە شەرتی پیاوەتی بێ، گەر خودا دەستم بدا
دوشمنت پەت کەم وەکوو سەگ، بیخەمە ژێر پێتەوە!

ئەم شعرانە دەورێکی کۆیلەیی بێکەس و نیشتمانەکەیمان پیشان ئەدا، ئەوەمان پیشان ئەدەن کە ئەو نیشتمانەی ئەوی تێدا گۆش کراوە، لەژێر باری چەوسانەوەدا تلاوەتەوە و بێکەس بە دەنگی زڵاڵی شعری هەموو جار بانگی بۆ هەڵداوە، لەپاشا بۆی کەوتووەتە گۆشەی بەندیخانەوە، لەوێش دیسان لە سۆزی ناڵەی خۆی هەر نەکەوتووە و باوەڕی قایمتر بووە بەوە کە ئەو ئەبێ شاعرێکی قەومی و نیشتمانی بێ. هەموو پەردەی ژیانی بێکەس پەردەیەکی تاریک و ژیانێکیتاڵ بووە؛ دەمێ بێنەوایی، دەمێ ئاوارەیی. کاسە کە پڕ بوو ئەبێ بڕژێ، لێرەدا بە پێچەوانەی ئەو ناهەموارییانە کە سەریان لێدابوو، دەم ئەکاتەوە و ئەڵێ:

دڵ، کە زۆر مەسروورە ئیمڕۆ، ئارەزووی سەیران ئەکا
حەز لە فنجانی شەراب و دەست و پەنجەی یار ئەکا!
دڵ گەشە، وەک گوڵ وەهایە، دەرد و ئازاری نەما
تاڵبی ویسکی و شەرابە، حەز لە عوود و تار ئەکا!
دڵ نەجاتی بوو لە تەنگی، کەوتە بەزم و ڕەزمەوە
عاشقی سەیر و سەفایە، مەیلی ناو گوڵزار ئەکا!
دڵ ئەوەندە مەست و کەیلە، شێتە، هیچ هۆشی نییە
وا لە ڕەقسایە خەریکە عالەمێ بێزار ئەکا!

بەڕاستی بەلاغەت و دڵتەڕیی لەم شعرانەدا گەیاندووەتە شوێنی خۆی؛ هەر چەندە ئەمانەی بۆ دەست نادا، بەڵام ئەو گوێی نەداوەتێ و داوای ئەوە ئەکا کە دڵی خۆشە و فنجانی مەی و دەست و پەنجەی یاری ئەوێ، وات پیشان ئەدا کە گۆیا دڵتەنگی بەسەر چوو، داوای سەیر و سەفا ئەکا!. لە بارێکی تردا ئەبێ بڕوای پێ بکرێ کە دڵی خۆشە، چونکە گیانی ئەو لەگەڵ گیانی میللییەتدا تێکڵاو بووبوو، ئەبینێ ول نەشئەی میللییەت لەناودایە، وەکوو هەر لەو بڕ شعرەداباس ئەکا و ئەڵێ:

دڵ بە نەشئە و بەزمی میللییەت شوکر بووژایەوە
شایییە، سەیرانە، بەزمە، پڕ بە دەم هاوار ئەکا
دڵ بە ئاواتی گەیشت لاوی کوردی دی کەوا
بەک دڵ و بەک دەم خەریکە میللەتی هۆشیار ئەکا
دڵ لە کینە خاڵییە، بێگەردە، سافە وەک بلوور
سەد تف و لەعنەت لە چارەی خائینی سەگسار ئەکا!
دڵ ئەڵێ: «بێکەسناسناوی ئەدەبی» هەتا کەی لافی میللییەت بە دەم
هەوڵ و تێکۆشینە تەنیا قەومی تۆ ڕزگار ئەگا
گەر بەڕاستی بێنە پێش و دەس لە دەس یەک کەن هەموو
کێیە ئەوسایە حقووقی قەومی کورد ئینکار ئەکا؟
یەکتریتان خۆش بوێ تا نەگبەتی بەرتان بدا
دوودڵی، ئەم قەومە دیل و سووک و بەدڕەفتار ئەکا

لەبەر ئەمانە پەردەی تاریکی لەسەر دڵی لائەچێ و ڕووناکی لە ئاسۆی هیواوە ڕووی تێئەکا، دیارە خیاڵبازی ناکا؛ هەموو شت ئەخڵەتێ تەنیا دڵی عاشق نەبێ، خڵەتان بۆ ئەو نییە، تا بە ئاوات نەگا. عاشق بە جەماڵی یار و عاشق بە مەڵبەند و دیار، هیچ جیایییەک لەبەینیانا نییە؛ چون: یەکەم تا بە یار نەگا ناحەوێتەوە و هەر لە سۆزدایە، دوویەمیش تا بە دیار نەگا هەر عەوداڵە و لە گودازدایە.

بێکەس عاشقی قەوم و وڵاتەکەی بووە، عاشقی نەسیمی سەربەستی بووە، وا بۆنی ئەو نەسیمە کە هەوای میللییەتە لەسەر ڕۆڵەکانی وڵاتا و یەکدڵی و یەکزمانییە، لە باوەڕی ئەودا ئەو بۆنە دێت، کە هات ئەوا دڵەکەی بە ئاوات گەیشت و شایی و سەیرانیەتی و بە هیچ شتێک هەڵنەخڵەتا. لەمەوە ئەوهبۆ ئێمە دەرئەکەوێ کە ناهەمواری ژیانی بێکەس و دڵتەنگییەکەی لەبەر کەموکووڕی تەنیا ژیانی خۆی نەبووە، بەڵکوو لەبەر ئەوە بووە کە: ئەو پەروانەی گرای میللییەت بووە، کە میللەتەکەی حەسایەوە ئیتر ئەو خۆی بە حەساوە زانیویە با شێوی شەویشی نەبووبێ. بۆیەش وا بوو چونکە دیار بووە کە شاعرێکی قەومی بووە.

***

بێکەس بە دزەدزەیەکەوە بە چواریەکە چاوێکەوە، یا بەڵکوو بە چاوی ساغی گەشی دڵیەوە سەیرێکی تێکڕای کۆمەڵایەتی ئەکا، لەبەر ئەوە لە گەلێ سووچەوە ناڕێکی ئەبینێ، دەست ئەکا بە توانج گرتن. دەستەی مەلاو شێخی لەپێشا بەرچاو ئەکەوێ، ڕوویان تێئەکا و باسی خۆی ئەگۆڕێ. یەکێ لەو شتانەی شەش بەندەکەیەتی کە هەر بەندێ شەش نیوە شعرە و هەر بەندێ لەسەر قافییەیەک ئەڕوا. ڕوو ئەکاتە مەلا و سەرەتای ئەکاتەوە و ئەڵێ:

هەر دوو گوێم پڕ بوو لە باسی وەعز و سەرفیترە و زەکات
هەر هەواڵی حەشر و نەشرم پێ ئەڵێ تاکوو مەمات
بەسیە لەم مەوزووعە لادە، فێری نوێژ بوو کائینات
خوتبەیەکی ئیجتیماعیم پێ بڵێ بۆ ڕێی حەیات
ئەی مەلا تۆ بی خوا لەم فیکرە کۆنەت لابدە
فەننی تازەم پێ نیشان دە بۆ تەرەقی و ڕێی نەجات

بە پێنج چوارخشتەکی ڕوو ئەکاتە دەستەی شێخ و ئەڵێ:

لای گەلێ وایە کە جەننەتە تەکیە و لاتخانەیە
جێی مورید و شێخ و سۆفی و مەڵکەئی دێوانەیە
غەیری ئەم قیسمانە باقی کافری بوتخانەیە
موختەریع، عالەم، مونەووەر پەشمە لای ئەفسانەیە!

کە لەمانە ئەبێتەوە، سەیری مەردمی تر ئەکا و کردەوەیان هەڵئەسەنگێنێ، کارەساتی ئەفەنی و پیاوماقووڵی بەرچاو ئەکەوێ و بە دە پێنج خشتەکی ڕوویان تێئەکا و ئەڵێ:

مونەووەر زۆری هەر لەبەر نانی
وەتەن ئەفرۆشێ بە یەک تارانی
ئەخاتە ژێر پێ دین و ئیمانی
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێناکا
ئەشرافمان هەموو بێ ڕۆح و سستن
دەخیلە پشتیان هیچ پێ مەبەستن
هەموو ناکۆک و پارە پەرستن
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێناکا

لەبن دەست ئەمانەوە لائەکاتەوه بۆ چۆنیەتی کاروباری شاری سولەیمانی و کردەوەی کاربەدەستەکانی، لە ڕێگەکەی ئەوان ڕێگەی خۆی سەرسام ئەمێنێ و بە دەغەزارییەوە دەم ئەکاتەوە و ئەڵێ:

تووشی لافاوی عیلم بووم و بەڵام زوو دەرپەڕیم
سوازی واپۆڕی جەهل بووم و بە ناویا تێپەڕیم
سەد شوکر ئۆخەی نەجاتم بوو لە باسی عیلم و فەن
نامگرن جارێکی تر، ئەمجا لە کەیفا هەڵپەڕیم
گەرچی تا ئێستا وتوومە: تێبگەن، زوو پێ بگەن
بەو قسانەم ئێوە قەت باوەڕ مەکەن، سەگ بووم وەڕیم!
خوێندەواری شێتییە، هەر جەهلە ئینسان سەر ئەخا
گەر لەمەولا ناوی عیلمم برد، بزانن سەرسەریم!
هێندە تەعقیبی حەقم کرد، تاکوو نانی خۆم بڕێ
سووک و ڕیسوا بووم لە ناوا، گیروەی ئاخر شەڕیم!
چاکە زانیم حاڵی عاقڵ نەفیە، حەپسە یا شەفە
هەر کتێبێکم هەبوو دوێنێ لە داخانا دڕیم
پیاوی دانا، عەقڵی دانا، زانی بۆی ناچێتە سەر
بەرگی نادانیم لەبەر کرد و لە حەپسی دەرپەڕیم
شەرتە «...دەقی نائاشکرا» بم! بارە گوێزم لێ بنێن خڕەی نەیە
با دەمێکشی زۆر و کەم وەک بێ غەمێ بۆ خۆم بژیم

لە تێکڕای ئەم نموونە شعرانە مێژووی ئەدەبی کوردی، ئەوە بە ئێمە پیشان ئەدا کە بێکەس وەکوو چۆن شاعرێکی نیشتمانی بووە، بەرزتر شاعرێکی کۆمەڵایەتی و شەعبی کوردیش بووە، کە سەری بردبێتە هەموو کۆڕێکەوە و چاوی بە کردەوەی هەموو جۆرێ کەسێکا خشاندبێت و گوێی بە توانجی کەس نەدابێت و دڵ و زمانی وەکوو یەک بووبێت وسەری لە کەس نەکردبێتەوە، یا بە کورتی بڵێین: کەموکووڕی دەستە دەستەی مەردمی دەربڕیبێ بۆ ئەوە پڕی بکەنەوە و لە پڕکردنەوەدا وڵاتەکە پێش ئەوێ.

***

بێکەس لەمانە هەموو بەرزتر ئەڕوا و شعووری زیاتر ئەناڵێنێ بە دەوری فیکری شعری وەرددا.

شەوە، دونیا سافە، ئاسمان بێگەردە، سایەقەی ساماڵ دڵ پڕ لە دەردە، تریفەی مانگەشەو لە تۆی فێنکی، ئەکێشێت و ئەڕوا هەردە بە هەردە، ئەوخاڵە ڕەشەی ڕوومەتی ڕوونی، دڵی بێکەسی خستە زەبوونی. لەسەر بانەکە، لەناو جێگەکە ئەکەوێتە گیر دەریای زەبوونی، سەیری مانگەکە ئەکا کە ڕئومەتی شینی هەڵگەڕاوە و سەیری دڵی خۆی ئەکا کە لە سۆز و گودازێکا هەڵقرچاوە، ڕووی دەمی تێئەکا و ئەڵێ:

ئەی مانگ من و تۆ هەر دوو هاودەردین
هەر دوو گرفتار یەک ئاهی سەردین
تۆ وێڵ و ڕەنگ زەرد بە ئاسمانەوە
منیش دەربەدەر بە شارانەوە
دەخیلتم ئەی مانگ قیبلەب دڵداران
دەرمانی دەردی دڵی بیماران
شەوێکە و ئەمشەو بگەرە فریام
بێ یار و هاودەم، عاحز و تەنیام
دڵزار و بێزار، خەیلێ غەمگینم
گیرۆدەی داوی لەیلی شیرینم
دڵبەندی عەشقی ئەو بەڵەک چاوەم
شێت و شەیدای ئەو ئەگریجە خاوەم
لەو ساوە ئەوم کەوتووەتە خەیاڵ
گریانە پیشەم، بوومە کۆی زوخاڵ
***
ئەی مانگ تۆ شوعلەی عەشقی پیرۆزی
تۆ نەشە بەخشی دڵی بەسۆزی
قەسەمت ئەدەم بە عەشق و جوانی
بە نەسیمەکەی بەری بەیانی
بەسەرهاتی خۆت بۆ من بەیان کە
دەردی گرانم نەختێ ئاسان کە
تووشی چی بووی تۆ، وا پەشێواوی؟
لەبەر چی پەست و مات و داماوی؟
پێم بڵێ توخوا چەند جوانانت دی؟
چەند جووتە یاری دەس لە ملانت دی؟
چەند کۆڕی بەزمی عاشقانت دی؟
چەند تەخت و بەخت و خانمانت دی؟
چەند قارەمان و چەند سوڵتانت دی؟
چەند قەوم و میللەت، چەند شارانت دی؟
چەند شەڕ و شۆڕی بێ ئامانت دی؟
چەند بوردمانی کوردستانت دی؟
چەند کفنی ئاڵی شەیدانت دی؟
چەند بێ کەسانی پەرێشانت دی؟
چەند دەربەدەر و ماڵ وێرانت دی؟
چەند چاوی سووری پڕ گریانت دی؟
***
ئەی مانگ ئەوەندە سەری دونیات کرد
سەیری نیفاق و زوڵم و ڕیات کرد
بۆیە بەم ڕەنگە کاری لێ کردی
ڕەنگ و شعووری بە جاری بردی

ئێمە لەم شعرانەدا نامانەوێ لەوە بکۆڵینەوە کە ئایا لە بابەت وشە، یا وەزنەوە گرانی و سووکی، یا کەموکووڕییەکی هەیە، چونکە لە وەزندا هەموو لایەکی گرتووەتەوە، لە وشەشدا دیارە بێکەس کە خاوەنی ئەم شعرانە و گەلێ شعری تریش بێ، ئەیتوانی لێرەدا هەتدێ وتە بگۆڕێتەوە بە هەندێکی تر، بەڵام کە نەیکردووە، وا نەبێ ئەم نەکردنەی زیانێکی بە ئەدەبی کوردی گەیاندبێ، بەڵکوو ئێمە تەنیا ئەوە ئەخەینە بەرچاو کە مەگەر فیکری شاعرێکی وەکوو بێکەس لەم سەدەی بیستەمەدا، وە لەم ڕۆژەڵاتەدا بۆ ئەوە چووبێت کە سکاڵایەکی بەم جۆرە لەگەڵ مانگدا بکا و بتوانێ مانگ لە بەرزی و خۆی لە ئەرزی لەگەڵی ڕێکەوێ و لە هەردەگەڕێ و دەربەدەریدا ببن بە یەک. وە ئەو بە ڕەنگی زەردەوە و ئەم بە دڵی پڕ لە دەردەوە ئاهـ و ناڵەیان بۆ یەک هەڵڕێژن، وە ئەم بیخاتە بیری کە چەند شاسواران و کولاهدارانی چاوپێکەوتووە؟ چەند نەمامی باخچەی ژیانی بە هەڵپڕووکاوی دیوە؟ چەند شەهیدانی ڕێی ئازادی و چاوی پڕ لە خوێنی نامورادی دیوە؟! ئەویش بیخاتەوە بیری ئەم کە لەیلی شیرین و عەشقی چاوی ڕەنگین و ئەگریجەی سەر خاڵ و خاڵی گۆنای ئاڵ ناگونجێ بۆ ئەو کەسە کە دەروونی زامداری تیری هەواناسی دیارانە و لەشیشی دیلی بەندی شارانە!.

بەڵێ، «سیرفلیپ سیدنیکەس» ئینگلیزی (١٥٥٤-١٥٨٦) ئەویش شعری «بۆ مانگ»ی هەیە، بەڵام پیاو ئەبێ ئینساف بدا، فلیپ وەکوو چۆن شاعرێک بوو، هەروەها قائید و سیاسی و نائیبی ناوچەی «کینتشوێن» یش بوو، لە ئاکسفۆرد خوێندبووی، وە بێجگە لە «پاریس» هەموو ئەورووپایشی دیبوو، ئایا بێکەس چە شوێنێکی چاوپێکەوت لە چە دانشگا و قوتابخانەیەکی بەرز دەرچووبوو؟ ئەگەر تەماشای ئەم دوو پەردەیە بکرێ، بێگومان بێکەس گەلێ بلیمەتتر بووە لە «سیدنیکەس»!.

ئێستە کە بمانەوێ تەماشای یێکەس بکەین، ئەڵێین: بێکەس لەپێش هەموو شتێکدا شاعرێکی هەرە بەرزی قەومیی سەدەی بیستەمی کورد بووە، کە لەم سووچەوە، چڵەپۆپەی گرتبێ. لەپاشا ئاوێنەیەکی ڕوونی کۆمەڵایەتییە؛ لە غەرامدا نەیگەیاندووەتە شاعرەکانی تر واتە لە ڕێچکەکەی ئەواندا. بێکەس وەکوو لە زادەی فیکری خۆی، شعری هەبووە، هی وەرگێڕاوی عەرەبی و فارسیشی هەبووە. دیسان هەر لە فیکری خۆی عەرەبیشی هەیە. لە کۆمەڵە شعرە بەرزەکانی دیوانێکی نایابی دروست کردووە، لە ساڵی ١٩٧٠ دیوانەکەی لەژێر چاودێربی موحەممەدی مەلا کەریم و لەسەر ئەرکی «فەهمی فەفتان» لە چاپخانەی شەقیق لە بەغدا لە چاپ دراوە.