چە خۆشە ژینی دەروێشی ئەگەر دەروێشی مەولا بی
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
2 خولەک
765 بینین
چە خۆشە ژینی دەروێشی ئەگەر دەروێشی مەولا بی
نەوەک دەروێشی بێ ئیشی خەریکی ئیشی دنیا بی
نەبێتە مەزرەعەی عوقبا چییە دنیا و سوودی ئەو
گەزێ گۆڕ و دوو گەز جاوە گەدا بی یاخۆ پاشا بی
خەڵات و هاتی ئەم دنیا نەتیجەی مات و مەبهووتە
وەرە مەبهووتی دنیا بە نەوەک ڕسوای عوقبا بی
نەکەی دڵخۆش بە دنیا بی خەریکی خواردن و خەو بی
وە یا کۆکردنی پارە لەمەولا بێ دەس و پا بی
ئەزانی ئاخری مەرگە لەبەر چی ئەو جل و بەرگە
هەوەس بازی لە دڵ دەرکە ئیتر سەربەرزی ئەولا بی
مەنازە تۆ بە دنیا و نیازێکت نەبێ پێیان
چە سەربەرزی ئەگەر فەرزەن لە خۆی و ئەهلی حاشا بی
خەراباتی وەکوو دنیا پڕی بەد مەست و بەد کێشە
دەخیلە خۆتی لێ لادە ئەترسم تووشی سەودا بی
نەماوە هیچ پەنایێ وا نەجاتت دا لە حیلەی ئەو
بچۆ بۆ لای سیڕاجەدین پەناهێکت ئەگەر مابێ
بە چاوپێکەوتنی ئەو شاهە لە دنیا تێ ئەگەی یەکسەر
خۆتی لێ لادە ئەدەی عەقڵەن ئەگەر هۆشت لە عەقڵا بێ
لە دڵ دەرکە خەمی دنیا مەچێنە تۆوی مەیلی ئەو
بە نەفسی خۆم ئەڵێم هەتا کەی دەبی تۆ شێتی دنیا بی
ئەزانی چۆنە دەروێشی، نەبێ ئێشی نە دڵڕیشی
مەڕەنجە کەس، نەڕەنجێنی، موتیعی شای بوخارا بی
بچۆرە خانەقای دووڕۆ، ئەزانی چۆنە دەروێشی
موریدی شاهی عوسمان بە، گەرەکتە شێری مەولا بی
لە حەفتا ساڵی دنیادا نەبوو ئارام و ئاسایش
چە خۆشە شاکەلیناسناوی ئەدەبی گەر تۆ لەمەولا ڕوو لە مەولا بی