وەڵامی شاکەلی
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
1 خولەک
937 بینین
شاکەلی قوربان سەرووی باڵاتە
سەرگەردی سودای باڵای ئاڵاتە
سەجدەی وەمیحرا کەعبەی کەماڵتە
چاوی پڕ لە ئاو شەوقی جەماڵتە
منیش غوڵامی دەوری خانەقام
زیاتر لە میرزا بە دڵ ئاشنام
خیتابت هەر نەوع لە لام شیرینە
مەزەی بەزمی شەوق دڵی غەمینە
سێوێ لای تۆ بێ یاخو پرتەقاڵ
لێم حالی ئەکەن شێوەی شۆر و حاڵ
ئازیزم من کەی سەودای سێومە
شێواوی شێوەی لەفز و لێومە
قوربان سێوی چی کە من ڕووزەردم
زەردی خەجڵەتە، دەرمانی دەردم
مەحجووبیش نابم لە بەدبەختیا
سەرم سووڕماوە لە زام سەختیا
مەر تۆ هیمەت کەی بە پرتەقاڵێ
دڵ دەرکەی لە قاڵ بیخەیتە حاڵێ
ئەنا بەم زامە هەر ئەتلێمەوە
بە زامی تازە هەر ئەکولێتەوە
بەڵام کە زامێ بە مەیلی تۆ بێ
یاخوا بێ دەوا و هەر وەکوو خۆ بێ