«مەلە جوانەکە»
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
816 بینین
مەلە جوانەکەی سەر شاخ و کێوان
مەلەوانەکەی دەریای بێ پایان
مەلی مل نەخشین پڕ لە خەت و خاڵ
نەغمە و چریکەت وەک دەنگی شمشاڵ
جارێ پیرۆزەی پیرۆزە ڕەنگی
جارێ نەی ژەنی جارێ بێدەنگی
جارێکی بازی بازی شاهانە
بۆ شاهان ئەبیە ڕوتبە و نیشانە
بەلەنجە و لارت جارێ کۆتری
بۆ بەینی دۆستان تۆ نامەبەری
جارێ بە قینی هەروەک شەهێنی
بە چەنگاڵ چاوی دوژمن دەردێنی
جارێ قوڵنگی بە ڕووی هەواوە
قاز و مراویت بە گەل بەدواوە
لە ڕێگە و بانان هەروەک تەتەری
شەو و ڕۆژ دایم هەر لەسەفەری
تەوقی بەندەگیت وەک قومری لە مل
یاکەریم ئەڵێی بە گیان و بەدڵ
پەڕ و باڵەکەت بلەرێنەوە
ئاگری غونچە بگەشێنەوە
بەبای باڵەکەت بپشکوێنە گوڵ
موژدەی خەندەی گوڵ بدە بەبولبول
ئەستێرە گەشی بەری بەیانی
سەعادەت بەخشی ڕۆحی ئینسانی
جیلوە و جریوەت لە بەرە بەیان
ئەبێتە وادەی وەسڵی دڵداران
ساتێ وەکوو مانگ سەردەرخە لەکەل
بە جیلوەت وەتەن ڕووناک کە بۆ گەل
گەل چاوەڕێتن بۆ خۆشی و شادی
تۆ بۆیان بێنی موژدەی ئازادی
بیناییم لێڵ بوو وەک پیری کەنعان
ئاخۆ دەرچووە یوسف لە زیندان؟
عومرم سەرف بوو بەم ئاواتەوە
موژدەی ئازادیم بۆ نەهاتەوە
پیری و داغی دڵ سووتاندی جەرگم
لە پێ یی کەوتووم ئامدەی مەرگم
دوای من ئازاد بێ ئەگەر کوردستان
قەبرم ئەبێتە باغ و گوڵستان