تەرجیعبەندی نیشتمانی «بەندی هەشتەم»
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
772 بینین
پەیڕەوی قەولی ڕەسووڵ و ئەشرەفی ئینسانمە
تۆ بێ وا حوببی وەتەن نووری دڵ و ئیمانمە
بەردی، هەردی، گەوهەرە، خاکی بە چەشنی عەنبەرە
دڕک و داڵی سونبول و لالەو گوڵ و ڕێحانمە
پەنجەیی بێگانە بنچینەی ژیان دێنێتە دەر
مانی ئەو بۆتە نەمانم، هەم نەمانی مانمە
چاوەکەم لەم کولبەیە بێنوورە بێ تۆ چاوەکەم
چاوەڕێی بۆنی کراسی یوسفی کەنعانمە
لابدا دەستی عەداڵەت پەردەیی زوڵماتی زوڵم
سەد سکەندەر ئیشتیاقی چەشمەیی حەیوانمە
ویسعەتی دنیا بە سەربەستی نەبێ هەر زەیقەتە
قەسری فیردەوسی بەرین بێ کوڵبەیی ئەحزانمە
کەی ئەبێتە ئاشنا بێگانە هەر بێگانەیە
ئاشنامە و سەعی و جەهدی بۆ بڕینی نانمە
دەمکوژێ دەردی ئەسارەت خەڵقە چاری من چییە؟
لێوی وشک و ڕەنگی زەرد و چاوی تەڕ بورهانمە
لێم مەپرسن چارەیی دەردم ئەزانم خۆ چییە
حوڕڕ و ئازادی شرینقە و حەببو هەم دەرمانمە
نوقتەیی ئازادییە دەستی قەدەر نووسیویەتی
بوومە پەڕگار و بە دەوری دایمی دەورانمە
شەرتە سەربازی بە سەربازی بکەم لەم دەورەیە
نییەتی پاکی ئەڵێ ئەم دەورەیە پەیمانمە
لالە گەر بڕوێ لەسەر قەبری شەهیدانی وەتەن
خوێنی پاڵاوی جگەرمە و دیدەیی گریانمە
سوێن ئەخۆم بەم خاکە پاکە ئەی گەلی کوردی حەزین
بۆ نەجاتی ئێوە هەر هاوارمە و ئەفغانمە
من دۆعاتان بۆ ئەکەم ئێوەش بڵێن ئامین بە دڵ
ڕۆژ و شەو ئەم شیعرە بۆ تۆ ویردی سبحەینانمە
(ڕەببی بەدکارت ببینم کوێر و ئیفلیج و زەلیل
بێتە بەر دەرگەت بڵێ هاوارە کاکی کورد دەخیل)