تەرجیعبەندی نیشتمانی «بەندی دووەم»
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
722 بینین
داغەکەم دڵ داغدارە بۆ دڵی زاری وەتەن
گوێی فەلەک کەڕ بوو لە گریە و شین و هاواری وەتەن
وەک دەماوەند وا تەمی ماتەم هەمووی داپۆشتووە
شاخ و داخ و باغ و دێهات وهەموو شاری وەتەن
گوڵشەنی شادی بە وەیشوومەی خەزان بووەتە پووش
غونچە ناپشکوێ، گوڵیشی زەردە گوڵزاری وەتەن
هەرلق و پۆپی درەختە تێکشکاوی دەستی غەم
هەرگەڵایە و هەڵوەریوە وا لە غەمباری وەتەن
ئاسمان رەش پۆشە ئەستێرەش جریوەی لێ بڕا
مانگ لە ماتەم جیلوە نادا بۆ عەزاداری وەتەن
حاڵی بێ حاڵە لە حاڵی نەزعە چابوونی مەحاڵ
خەڵقە گوێ بگرن بزانن چی بوو گوفتاری وەتەن
بێشەیی شێران بوو ئێستە لانەیی رێوی و چەقەڵ
گورگ و سەگ تێربوون لە گۆشتی لاوی دڵزاری وەتەن
کوا جگەرسۆزێ نەبوو داخێ بە جەرگم لەو دەمە
غەم لە دڵما لابەرێ تۆزێ بکا چاری وەتەن
کوا سەلاحەددین نەژادان بێنە مەیدانی نەبەرد؟
تا لە سێ لاوە بدا فەتح و زەفەر یاری وەتەن
کوا وەکو کەوکەب بڕێژن لاوەکانی نیشتمان؟
تا بکەن رەجمی شەیاتین بێنە هاواری وەتەن
کوا تەبیبی تیبی دەردی لاوەکانی بێ موراد؟
تا بکا چاری دڵی پڕئێش و بیماری وەتەن
«گوێ لە قرچەی جەرگی سووتاوی بگرن بۆتە کەباب»
بۆ جگەر گۆشەی جگەر برژاوە هاواری وەتەن
خەڵقە بنواڕن بە چاوی لێڵ و پێڵ و پڕ لە ئەشک
بۆ لە خوێن ئەتلێتەوە وا چی بوو ئازاری وەتەن
بیکەنە ویردی زوبان ئێوە و خودا ئەم شێعرەمە
دەست هەڵێنن بۆ دۆعا نەفرەت لە بەدکاری وەتەن
(ڕەبی بەدکارت ببینم کوێر و ئیفلیج و زەلیل
بێتە بەردەرگەت بڵێ هاوارە کاکی کورد دەخیل)