١

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
مەلا محەممەدی چروستانی (1895-1963)
 6 خولەک  954 بینین

لە بیرم نایێت کەی دەسم بە خوێندن کردووە. ئەمەندەم بەبیرە زۆر مناڵ بووم لە ئابڵاخ فەقێیەکی باوکم لە سوورەتی «ٲلم تر كيف فعل ربك بٲصحاب الفيل»عەرەبی دەرسی پێ ئەگوتم، فەقێکە لێی دام دەسم کرد بە گریان. بە کوڵی گریانەوە چووم بۆ ماڵی باوەگەورەم - باوکی دایکم حاجی مەلا محەممەد، پوورە فاتم خوشکی دایکم، ڕەحمەتی خودای لێ بێت، بەدەم گریانمەوە هات، فرمێسکەکانی لە چاوم سڕی، لاوانمیەو، خوا بیبەخشێت، وتی ئیتر خۆم دەرست پێ ئەڵێم، مەچۆرە لای فەقێیان. باوەگەورەم حاجی مەلا محەممەدی زەندان لەڕێی زەندانی لای کانی کەوە مەلا بووە، حەزرەتی کاک ئەحمەد «رحمةاللة»عەرەبی هێناوێتی بۆ دێی ئابڵاخ بە مەلایەتی، زۆری خۆش ئەویستم. حەتا مناڵ بووم جارێک ئەچوو بۆ لای زەوییەکانی کارێزی لاوەلای زەرگەتە، دوای کەوتم بە گریانەوە، هەرچەن هاواری کرد کوڕە بچۆرەوە، بگەڕێرەوە، هەر دوای کەوتم. بە فێڵ بۆم ئەهات بەشکەم بترسم، هەڕام ئەکرد. کە ئەڕۆی، دوای ئەکەوتمەوە. ئاخری کە زانیی ناگەڕێمەوە، وتی: وەرە، وەرە قوڕمساغ. کردمیە قەڵاندۆشکان تا کارێزی لاوە، بە مەزەننە بیست دەقیقە ئەبێت. یاڕەبی بیبەخشی.

لە ساڵی (١٣١٨) هەزار و سێسەد و هەژدە کە ساڵی وەفاتی شێخ عومەری بیارە و تەوەللودی مەڵا عەبدوڵڵای برامە، خوا بیهێڵێت، وام بەبیرە بە واسیتەی شەڕ و هەرای بەینی نەقشی و قادری لە سولەیمانییە، ڕابواردنی باوکم لە ئابڵاخ زۆر تاڵ و ناخۆش بوو. فەقەت بە مەعلوومی شێخ عومەری بیارە ساڵێ پێش وەفاتی پێ فەرمووبوو لە ئابڵاخ بارکە. دزی شێخانی داراغا شەوێک دیواری خانووەکەیان بڕین. هاوین بوو، لە حەوشە ئەنووستین. بیستمان کە بۆ کوشتنی باوکم ناردوویانن. کە ئەچنە حوجرەکە کتێبخانەکە ئەبینن، ئەترسن، ئەڵێن: ئیمە چۆن ساحێبی ئەم کتێب و قورئانانە بکوژین؟ تاڵانیان کردین، هەرچی نوێن و پێخەف و قاپ و قاچاخ و خورج و بوخچە و ئەوی کەڵکی پێوەبێت، حەتتا لیباس و کەوشی باوکم کە شەو داینابوو، هەموویان گرد کردبووەوە و ساف لە ساف تاڵانیان کردین. دزەکان چوار بوون. وام بەبیرە ئاخری مەعلووم بوو کە کێن و لە کوێن. هەرچەن خەڵق بە باوکمیان وت کە بە پەیسەریەوە بچێت گوێ نەدایێ. ئاخری لە ئابڵاخ باری کرد و چوو بۆ هەڵەبجە.

باوکم لە دێی ئابڵاخ تەنیا مودەڕڕیس بوو. باپیرم ئیمام و خەتیب بوو. ئابڵاخی ئیعتیقادیان بە باوکم زۆر بوو، زۆریان لە لا گەورە و بە حورمەت بوو، خزمەتیان زۆر ئەکرد، و لە قسەی دەرنەئەچوون. کە باپیرم وەفاتی کرد ئابڵاخی بە ئیمامەتی خاڵم مەلا سحەسەن، ڕەحمەتی خوای لێ بێت، ڕازی و قانع نەبوون. باوکم لە مزگەوت بە حزووری هەموو پیاوەکان کە کاربەدەست بوون و ماقووڵ، کڵاوی خۆی کردە سەر خاڵم و مێزەری خۆی بە سەریەوە بەست و لە وەختی نوێژا خۆی قامەتی بۆ کرد و پێشی خست و ئیقتیدای پێکرد. ئیتر ئابڵاخی هیچ ئیعترازیان نەما و بە ئیمامەتی خاڵم قەناعەتیان کرد.

مەلا حسەینی ئابڵاخی، خوا لێی خۆشبێت، گێڕایەوە وتی: عەزیزی گوڵخەندان خوا لێی خۆشبێت، کوڕی عەبدولڕەحمانە. عەبدولڕەحمان باوکی لە عەرەفەی جەژنی قوربانا، لەبەینی ئابڵاخ و سولەیمانییا، حەمەڕەش تفەنگێکی پێوە ئەنێت ئەیکوژێت بە زوڵم. عەزیز لە سکی دایکیا ئەبێت. من و عەزیز یا لە یەک هەفتە یا لە یەک مانگا لە دایک بووین، وەک لە دایکم بیستووە، ڕەحمەتی خوای ‌لێ بێت، عەزیز زۆر نەخۆش و هیلاک بوو، بە ئومێدی نەماین. چونکە تاقانەی پاش باوکی بوو زۆرمان پەرۆش بوو. ژنان شین و شەپۆڕیان لەسەر کرد. خوای عەفووی کات کاکم مەحموودی حەمەساڵح وتی: حسەین بگەڕە مامۆستا عەبدولڕەحیم، بزانە نایهێنێت. چ وەختە؟ نیوەشەو، ئەنگوستەچاو، قوڕ و چڵپاو و باران ئەبارێت. کەی کەم، ئیستەکەم. وتم: کاکە، مامۆستا زەحمەتە بەم شەوە تاریکە قوڕ و چڵپاوە بگاتە ئێرە. وتی: دەخیلە بچۆ. من چیم کرد؟ کەرێکم هێنا، کورتانم لێ کرد، لبادێکی پاکم دووقەد کرد دام بەسەریا، لەسەر لبادەکەیشەوە بەرماڵێکی بەرنوێژم پیا دا. کەرەکەم دایە پێش خۆم. لە دەرگای ماڵی مامۆستام دا، خۆی بەخەبەر بوو، هاتە دەرەوە، وتی: ئەوە کێیە؟ حاڵەکەم تێگەیان. وتی: ئەنجا مەلا حەسەین من چۆن ئەگەمە ماڵی ئێوە بەم باران و قوڕ و چڵپاوە؟ وتم: قوربان! کەرم هێناوە، پیس نابیت. لباد و بەرماڵم بەسەرا داوە. دەرگای کردەوە، هاتە دەرەوە. قەدەرێ مات بوو. لە پاشا وتی: مەلا حسەین ئەم کەرە هی کێیە؟ درۆم پێ نەکرا. وتم قوربان هیی ماڵی ئەوڕەحمانە. وتی: بابە من چۆن سواری کەری ماڵی هەتیو ئەبم؟ هەرچەن هاوارم کرد فائیدەی نەبوو. چاکی کرد بەلادا، خۆی هەڵکرد. کەوشەکانی بە دەستەوە گرت، وتی: پێشم کەوە. خۆلاسە گەیشتینە حەوشەی ئێمە، لە پێشەوە زوو خەبەرم دا کە ژنان لاچن، مامۆستا هات. دوور کەوتنەوە. سوێندی بە قورئان خوارد لەگەڵ مامۆستا گەیشتە ژوورەوە لەڕاست سەری کوڕە دانیشت، فەورەن بێ ئەمە دوعای بەسەرا بخوێنێ، کوڕە چاوی هەڵێنا و بە بەرەکەتی پێ و پووزی ئەوەوە خوای تەعالا شیفای دا، کە هیچ بە ئومێدی نەبووین. من سەرگوزەشتەی مەلا حسەینم زۆر بە کورتی نووسی بۆ ئەمە کە درۆی تێدا نەبێ.

حاجی ئەمینی حاجی قادر خوای بیبەخشێت ئەگەرچی ئاخری ژیانی بە باشی نەڕۆی و لە داخی کوڕگەلی بێحەیا و بێئیتاعەی خۆی، خۆی کوشت، ئەمما خوا ئینشەڵا ئەیبەخشێت و بە کردەوەیەکی باش نجاتی ئەدات چونکە خزمەتی بوو، ڕووخۆش بوو.

کە شیرک و کوفرت لەگەڵدا نەهات
ئاسانە لای خون ڕزگاری و خەڵات
عەزابی موئمین لە خوا زیاد ناکات
گوناهـ بەخشینی ڕەحمەتە ئەیکات

حاجی ئەمین گێڕایەوە: زەوییەکمان کێڵا بوو بۆ شکارتەی گەنمە بەهارە بۆ مامۆستا. زەوییەکە لەبەر ئاوبارەدا بوو لەبەینی سنووری ئابڵاخ و کانی گۆمە و نیزاعی لەسەر بوو.

کوێخا ساڵحی کانی ‌گۆمە مەنعی داچاندنی زەویی ئەکرد و خۆی جووتی ناردە سەر دایانچاند بە بەهارە. ئێمەیش گرد بووینەوە کە بچین مەنعی بکەین، مامۆستا نەیهێشت، هەرچەن ئیسرارمان کرد وتی خۆتان ماندوو مەکەن، ئەم حەقە خوا ئەیسێنێت. ئێمەیش لەبەر دڵی ئەو وازمان هێنا. سوێندی خوارد وتی بەهارەی کوێخا ساڵح ڕوا، هاتە دەرەوە، وەک تەرزی شووتی و کاڵەک بڵاو بووەوە بەئەرزا، لە ئەرز ڕاست نەبووەوە، لاسکی نەکرد، گوڵی لێ پەیدا نەبوو، چەن جار سوێندی خوارد وتی ئێمە سەرمان سووڕ مابوو، زانیمان ئەمە سیڕڕێکی خوایییە کە غەدری کوێخا ساڵحی لە مامۆستا قبووڵ نەکرد.