پێشەکی

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
محەمەدی مەلا کەریم
 4 خولەک  704 بینین

ئەمەی پێشکەشتانی دەکەم یادداشتەکانی ساڵانی سەرەتای ژیانی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا محەممەدی چروستانییە کە یەکێک بوو لە مەلاکانی سلێمانی و لە ١٩٦٣دا کۆچی دوایی کردووە. مامۆستا ئەم یادداشتانەی لە ساڵانی ١٩٥٥-١٩٥٦ دا لە نەخۆشخانەی تۆیسە لە بەغدا نووسیوە.

داخەکەم مامۆستای چروستانی یادداشتەکانی هەموو ژیانی خۆی نەخستووەتە سەر کاغەز. تەنانەت ئەوەندەشی لێ نەنووسیونەتەوە هەموو ئەو ماوە بگرێتەوە خوێندنی تیا تەواو ئەکا و ئەبێ بە مەلا. لە دەوروبەری گەیشتنە قۆناغی خوێندنی (عەبدوڵڵا یەزدی) یدا ئەبڕێتەوە کە تێکڕا نیوەی خوێندنی فەقێیانە.

لەگەڵ ئەوەشا ئەوەندەی بۆ ئەم ئەندازەیەی ژیانی نووسیویە، بە چەشنێ چڕوپڕ و دوڵەمەندە، ئەگەر هەر بەو پێودانە بڕۆیشتایە تا سەردەمی نووسینی کتێبێکی گەورە و شایانی لە هونەری یادداشت نووسی کوردیدا لێ دەرئەچوو کە لە مەیدانی خۆیا شانبەشانی یادداشتەکەی ڕەفێق حیلمی بوەستێ.

لە ژیانی لەوەپاشی مامۆستادا گەلێ ڕووداوی وا هەیە ئەگەر بینووسینایە سوودێکی زۆرمان لێ یانەوە دەسگیر ئەبوو، وەکوو ئەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ سمایل خانی سمکۆکەس کە کاتێ ڕووی داوە ئەم لە پژدەر مەلا بووە و ئەویش هاتووە بۆ ئەو ناوە، یا وەکوو بەر بۆمبای ئینگلیز کەوتنی ماڵی لە ڕانیە و سووتانی کتێبخانەکەی و قوتابخانە دانانی لە سولەیمانی لە ساڵی ١٩٣٢وە تا ساڵی ١٩٣٦ و باسی ئەو شتانەی لەو دێهاتانەی شارستانی سلێمانی دیونی کە بە ناڕەزایی خۆی حوکوومەت ناردبووی ڕێوشوێنی خۆپاراستن لە نەخۆشی پیشانی دانیشتوانیان بدات.

بەلای منەوە ئەم یادداشتانەی مامۆستا نرخێکی زۆری بۆ گەلێ سەری ژیانی کولتووریمان هەیە. تابڵۆیەکی چڕی ژیانی فەقێیەتی و ژیانی کۆمەڵایەتی لادێکان و جۆری بیرکردنەوەی خەڵکی ئەو سەردەمەیە. بەشێکی بایەخداریشی لە مێژوو پێوەیە. من پێ بزانم تا ئێستا کەسی تر شتێکی لەبارەی ڕشانەوەکەی ١٩٠٤ەوە لە کوردستانی خواروودا بە کوردی نەنووسیوە کە مامۆستا ئەڵێ: «ئەڵێن لە سولەیمانییە حەوت هەزار و حەوتسەد و کوسووری پێ مردووە». چەردەیەکی ژیانی ئابووری پڕ لە کوێرەوەری خەڵکی ئەو ڕۆژانەش ڕوون ئەکاتەوە. لە بازەی هونەریشەوە نموونەیێکی ڕەوانی پەخشانی کوردییە، کەسێک نووسیویە جگە لە بڵاوکردنەوەی چەند پارچە شعرێک لە «گەلاوێژ»دا پێوەندێکی ئەوتۆی بە کولتووری نوێوە لێ نەزانراوە، کەچی لەگەڵ ئەوەش بە هەڵسەنگاندنی من لەگەڵ هەندێ کەم و کورتیی گرامەریشدا، لە زۆر لەوانەی ئەمڕۆ پەخشانی کوردی ئەنووسن جوانتر و باشتر و ڕەوانتری نووسیوە.

چەند هەفتەیەک لەمەو پێش برای بەڕێزم کاک مەلا یەحیای چروستانکەسی دیوانی شعرەکانی مەلا محەممەدی باوکی دایە لام کە بە مەبەستی لەچاپدان نووسیویانەتەوە و ئامادەیان کردووە، بۆ ئەوەی بەراوەردی بکەم لەگەڵ دەسنووسەکەی شاعیر خۆی تا ئەگەر هەڵەیەکەم لە نووسینەوەی وشەیەکدا دی ڕاستی بکەمەوە. ئەم یادداشتانەیش لە دەفتەرێکدا نووسراوەتەوە لەناو دەسنووسەکانی دیوانەکەدا بوو. کە لە خوێندنەوەی بوومەوە بڕیارم دا لەبەر ئەو ڕووە باشانەی باسم کردن بینووسمەوە و ئامادەی کەم بۆ چاپ. لەمبارەوە لەگەڵ کاک مەلا یەحیا قسەم کرد و ڕێکەوتین و ئەوەتا ئێستا پێشکەشتانی ئەکەم و ئومێدم وایە بێکەڵک نەبێ بۆتان و کاتێکی خۆشیش بە خوێندنەوەیەوە بەسەر بەرن.

ئەوەی بە پێویستی بزانم لێرەدا بیڵێم ئەوەیە کە من ئەم یادداشتانەم لە شێوە نووسینی مەلایانەی کۆنەوە هێناوەتە سەر شێوە نووسینی نوێ. ئەگەر ڕێکەوتی شوێنێکم کردبێ بە هەڵەیەکی زەقم زانیبێ ڕاستەکەیم لە تێکستەکەدا نووسیوە و لە پەراوێزدا تێکستە هەڵەکەم دەسنیشان کردووە. لە هەندێ شوێنیشدا کە هەڵەکەم بە زل نەزانیوە، وەک خۆی نووسیومە و لە پەراوێزدا دەسنیشانم کردووە کە ئەبوو چۆن بوایە. دوور نییە هەندێ وردە هەڵەی تریشی تیابێ لە یادم چووبێ دەسنیشانیان بکەم. هەندێ وردە پەرواێزیشم لە شوێنی پێویستدا نووسیوە.