موزاکەرەی مەریوانی و هەورامی

لە کتێبی:
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 3 خولەک  589 بینین

لە دێی بالکشوێن بۆ خوسووسی تەئمینی جێگا و ڕێگای ئەم موهاجیرانە، مەجلیسێکی عالیی «فوق العادة»عەرەبی گیرا. «ظاهرا»عەرەبی قیسمێ لە مەریوانی لەدڵا مەیلیان بە قوبووڵ نەکردن بوو. قیسمێکی لەگەڵ هەورامی تەرەفدار حیمایە بوون. «خواه ناخواه»فارسی قەرار درا نیسفێکی بچێ بۆ دزڵیشوێن. ماباقی لە دەرزیان کە دێی زەهیر و مەحموود خان بوو ئیسکان بکرێن. حەرەمی شێخ عائیشە خان و ئامۆزای شێخ عەبدوڵڵا و برای شێخ ئیبراهیم و کوڕی بچووکی شێخ لەتیف و حسەین نازم و جەمیعی قەتارچی و خزمەتکار سوار بوون بۆ دزڵی لەگەڵ مەحموود خان کەوتنەڕێ. حەرەمێکی کەی شێخ لەگەڵ شێخ ڕەئوف و باباعەلی کوڕی و خاڵی ئەوکوڕانە «کاکا حەمە» و من و یەک دوو خدمەتکار و خوشکێکی بێچاوی شێخ بەجێ ماین. هەموومان لوخت و موفلیس، بێتاقم و تەدارەک، لە نژمارشوێنا وەک مار گنگڵەمان دابوو. «واقعا»فارسی مەحموود خانی دزڵی لەگەڵ ئەوانەی بردیە لای خۆی زۆر نەوازش و ئینسانییەتی نواند، ئەمما بەموقابیلی ئەو لەگەڵ ئێمە (....). مومکینە لەتەرەف موهاجیرەکانەوە تەحریک کرابوو لەگەڵ ئێمە وابێ. وەئیللا خۆ ئەیتوانی بە زوبان بیوتایە عاجز مەبن. بۆ من فەرقی نییە هەمووتان میوانی منن. هەموو دەفعەیێ دێمەلاتان، کاغەزێ، خەبەرێ ببێ بۆتان ئەنێرم. ئەمڕۆ وا چاک بینراوە ئێوە لە مەریوانا بن.... هیچی نەوت، ڕۆیی. ئێمەیش دەم چەرمگمان کاکەحەمە بوو، وتی: نژمار چونکە ڕەبتێکی بە هەورامییەوە هەیە ڕەزام نییە تیا بەند بن. دەست بەجێ بارمان کرد بۆ دەرزییان. حەقیقەت بۆ کەسێ کە لە باریکی و زەعیفیدا بووبێ بە دەرزی، دەرزییان زۆر موناسبە، ئینجا من و کاکە حەمە بووین بە لازم و مەلزووم، ئینتیزاری موقەددەراتمان ئەکرد کە چۆن ئەبێ. هەر ڕۆژێ خەبەرێکی درۆ دەهات کە شێخ لە فڵان جێگایە، ئەمە ئەکا، ئەوە ئەکا. ژن و مناڵ دڵیان پێ خۆش ئەبوو. لەگەڵ ئەوەش کە قوماندانی ئینگلیز بەقووەتێکی زۆرەوە هاتە پێنجوێن ئیعلانی کردکە شێخ «مجروحاً»عەرەبی ئەسیرە و ڕۆزنامەی ئێران لە سنە و تەبرێز ئیعلانی کردبوو، کەچی ئێمە بەو قسە ڕەسمییانە باوەڕمان نەدەکرد. حەمەحسەینی درۆزن کە پیاوی خۆمان بوو و لە قاسیدی و جاسووسی مەهارەتی بوو، هەرجارە بەئومێدی بەخشش و نەفعی خۆی مژدەی ئەدا کە شێخ لە فڵان جێگایە، نەگیراوە. حەتتا دەفعەیەک وتی تەشریفی وا لە سیوەیلدایە، بووبووە مەسەلی «بە زەڕەی کەر باوەڕ دەکەن، بە قسەی مەلا باوەڕ ناکەن».