حەفسەخان کچی نەقیب شێخ مەعرووف

لە کتێبی:
گەنجینەی مەردان
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 3 خولەک  860 بینین

فیردەوسیناوی تایبەت لە مەدحی ژنانی زابولستان متوویەتی: «زنانشان ز مردان دلاورترند»فارسی

لە ساداتی سولەیمانی، ئەوی خدمەت و دیانەتی هەبوو، نوسراوە. ئەمما لە خانمانیان حەفسە خان کچی نەقیب شێخ مارف لەوانەیە کە ناوی گوم نەبێ، هەتا قیامەت ناوی بمێنێ، ئەویش بە نووسینی لە تەئریخدا یا لە «گەنجینە»دا ئەبێ. من چونکە شارەزای ئەخلاق و دیانەت و سەخاوەت و ئیحساناتی ئەوم، ویستم لە «گەنجینە»دا ناوی بنووسم هەتا ئەم خانمە نەجیبە بەدینە بە مروەتە کە لەهیچ مەردێ کەمتر نییە، شوهرەتی بمێنێتەوە، بە ڕەحمەت و بە دوعای خێر یاد بکرێت. دەستی سەخای ئەم خانمە، تەبعی ڕەشیدی بۆ هەموو کەس بەبێ فەرق کراوەتەوە. لە هەتیو و بێوەژن بەخێو کردن قوسووری نەبوە. هەتا ئێستا چەند تاقم هەتیوی گەورە کردووە و چەند ژنی بێمێردی لە تەنگانە نەجات داوە. ئێواران فەقیر و هەژار و حافز و کوێر لەبەر دەرگانەکەیا کۆ ئەبنەوە بۆ نان و شۆربا وەرگرتن و، ئینعام و ئیحسانی بە هەموو شاردا بڵاو بووەتەوە. ئەو واریداتەی کە لە ئەملاک بۆی دێتەوە هەمووی بە ئینعام سەرفی دۆستان و ناسیاو و خدمەتکار و فەقیرانی ئەکا و بۆ خدمەتی مەعاریف چەند جار ژنانی شاری جەمع کردووەتەوە و بۆ لێقەوماوان هەرکەس پەنای پێ ئەبا دەستیان ئەگرێت. هیچ جەمعییەتێکی ئیعانە لە سولەیمانییا دانەنیشتووە ئیللا ئیشتیراکی ئەو ئیعانەی کردووە، بەشی خۆی پارەی داوەو دیواخانەکەشی کە لە ئیدارەی شێخ قادری ئامۆزا و زەوجی مەشرووعیدایە وەک زەمانی نەقیبی مەرحوومی باوکییە لە ڕەغبەتایە. ئەتوانم بڵێم بەنەزەر زەمانەوە گەلێ شتی زیاترە لەو زەمانە. میوانیش لەو دیواخانە ئەسبابی ئیستیراحەتی تەواوە، خدمەتی زیادی ئەکرێت. ساڵێ دانیشێ میوان ڕووگرژی لە کەس نابینێ. وە بەقەدەر میوانی خاریج، هەر لە شاردا دائیما دەستە دەستە ژنان بۆ خدمەتی ئەچن. حەفسەخان لە سەففانە کچی حاتەم سەخییترە کە باوکی ڕۆژێ پێی ئەڵیت: سەففانە تۆ وا دەست بڵاو و من وا، هەموو ماڵی دونیا بەشمان ناکا. زیا تۆ دەست بگرەوە یا من. ئەویش ئەڵێ لەتۆوە فێر بووم مەکاریمی ئەخلاق، ناتوانم خۆم بگرم. ئەمیش بەو هەموو واریدات و مەحەللی سەروەتەوە کە هەیەتی ساڵ بە ساڵ قەرزدار ئەمێنێتەوە. لەگەڵ سەخاوەتی، دیانەتیشی ئیسباتی کردووە کە لە نەوەی حەزرەتی کاک ئەحمەدە، قەدری عولەما و مەشایخی تەریقەتی زۆر لەلایە. چەند جار بۆ زیارەتی حەزرەتی غەوسناوی تایبەت چووەتە بەغدا. ئەگەر زیاد لە مەساریفی بەیتییە و دیواخان نەقدی ببوایە تەوافی بەیتوڵڵا و ڕەورەی موتەههەرەی ڕەسولوڵڵاشی دەکرد. خوا بۆ خدمەتی فەقیران بەرقەراری کا.