ئیبراهیم ئاغای خوبیلە

لە کتێبی:
گەنجینەی مەردان
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 11 خولەک  1024 بینین

١ - مەناقیبی ئینسانییەت کارانەی ئیبراهیم ئاغا کوڕی موحەممەد ئاغا کە بە ئیبراهیم ئاغای خوبیلە مەشهوورە. دانیشتووی سولەیمانی و لە عەشیرەتی کاکەیی بووە. ئەم عەشیرەتە لە گۆرانەکانن کە ئێستا لە ئێراندا هەن. بەهۆی تەوەسسوعی عەشیرەتەکەیانەوە کە سنجاوییان پێ ئەڵێن، باپیری براییم ئاغا کەوتووەتە سولەیمانیشوێن. سنجاوی دانیشتووی موقاتەعەی «چوار ئاب ڕوو»ناوی تایبەت لە ئێرانن کە تابیعی کرماشانشوێنن. وەختی خۆی باپیری گەورەیی براییم ئاغا حوکمی ئەو موقاتەعەی کردووە، لە پاشا هەروەکوو گوتمان بە فەتحی سنجاوی کە ئەم وڵاتەیان گرتووەتەوە، باپیری کەوتۆتە سولەیمانی کە ئەوسایش سولەیمانی تازە بینا نراوە. لەپاش بەینێک لەگەڵ حاکمانی بەبە تێکەڵ بووە، لە سولەیمانی جێگیر ئەبێت.

یەکەم سیفەتی: پیاوێ بووە ناوی عەبدووڵڵا چاوزەقناوی تایبەت، خەڵقی سولەیمانی، دانیشتووی گەڕەکی دەرگەزێنشوێن و کەسبی حەیوانداری «جەڵەبچی» بووە، هەموو ساڵێک لە حەمە پاشای جافناوی تایبەت چەندهەزار سەرێک حەیوانی کڕیوە بە پارەی حازر و قەرز، بردوویەتی بۆ مووسڵ و حەڵەب فرۆشتوویەتی. کە گەڕاوەتەوە قەرزەکەی موحەممەد پاشای داوەتەوە. ساڵێک وا ڕێک ئەکەوێت بەقەدەر پازدە کیسە پارە، حەیوانی لێ وەرئەگرێ کە هەر کیسەیەک عیبارەت بووە لە پێنجسەد قرانی ڕەواجی ئەووەختە. حەیوانەکان ئەبا بۆ مووسڵ، لەوێ پارە ناکات، مەجبوور ئەیبات بۆ حەڵەب. خۆلاسە تووشی زیانێکی زۆر ئەبێت. خۆی بە هەر نەوعێک بێت دێتەوە سولەیمانی. موحەممەدپاشا خەبەر ئەزانێ کە عەبدوڵڵا هاتووەتەوە، نەچووە بۆلای، دڵگیر ئەبێ. خێرا دوو سواری جاف ئەکاتە سەر عەبدوڵڵاناوی تایبەت، پێیان ئەڵێت بچن لە ماڵی عەبدوڵڵا دابەزن وە لێی غافڵ نەبن. منیش خۆم دێم بۆ شار، نەوەکوو خەبەر بزانێ خۆی بشارێتەوە. عەبدوڵڵا ئەڕوانێ ئێوارەیەک لە ناکاوا دوو سواری جاف لە ماڵەکەیا دائەبەزن، ئەویش بەقەدەر تاقەتی خۆی خدمەتیان ئەکا وە لەگەڵیان ئەکەوێتە گفتوگۆ. تێئەگات ئەم سوارانە لەلایەن موحەممەد پاشاوە موحافیزی ئەون تا موحەممەد پاشا دێتە سولەیمانی. شەو بەسەردا دێت، هەرچۆنێک ئەبێت خوی ئەدزێتەوە، ئەجێتە ماڵی برایم ئاغا، خۆی فڕی ئەداتە تەویلەی وڵاغەکانی. میرئاخوڕ خەبەر ئەزانێ، ئەچێ خەبەر بە ئاغا ئەدات کە پیاوێک خۆی فڕێ داوەتە تەویلە، ئەمرت بەچییە؟ ئەویش ئەڵێ بچن پێی بڵێن بێت بۆ دیواخان، هەرچی لێ قەوماوە عیلاجی ئەکەم. ئەچن پێی ئەڵێن. عەبدوڵڵا ئەڵێت ئاغا خۆی نەیەت شەرتم لەگەڵ بکات کە عیلاجم بکات لەم تەویلە نایەمە دەرەوە. ئاغا خۆی دێت. کە تەماشا ئەکات عەبدوڵڵا چاوزەقە، ئەڵێ ها عەبدوڵڵا چیت لێ قەوماوە؟ ئەڵێ ئاغا پازدە کیسەی موحەممەد پاشا قەرزارم، ئەوا خۆی دێت بۆ سولەیمانی وە لەپێش خۆیەوە دوو سواری ناردووە بۆ ماڵی ئێمە نەوەکوو من خەبەری هاتنی بزانم وە بۆ لایەک دەرباز بم. ئەمجا منیش خۆم فڕێ داوەتە بەر قاپیی خوا، دووەم تۆ بەیاد کردووە. ئاغا زۆر دڵخۆشیی ئەداتەوە، وە وەعدەی لەگەڵ ئەکات کە بە هەموو نەوعێک چارت ئەکەم. دەستی ئەگرێت، ئەیباتە دیواخان دایئەنێت ۆ زۆر ئیکرامی لەگەڵ ئەکات. وەختی نووستن دیسان بە دڵخۆشی دانەوەیێکی زۆر ڕەوانەی ماڵی خۆیانی ئەکات وە پێی ئەڵێت بڕۆ بۆ خدمەتی میوانەکەت، هیچ غەم مەخۆ، هەروەختێ موحەممەد پاشا هات چارت ئەکەم.

لەپاش چەند ڕۆژێک موحەممەد پاشا دێت بۆ سولەیمانی لای موتەسەڕڕیف. ئەشراف و پیاوموناسبان هەموو ئەچن بۆ بەخێرهاتنی. برایم ئاغاش ئەچێت. لە مەجلیسدا باسی عەبدوڵڵا چاوزەق دێنێتە مەیدان. برایم ئاغا عەرزی حەمەپاشا ئەکات ئەڵێت پاشا عەبدوڵڵا لەم شارەدا بە پیاوی تۆ مەشهوورە، ئەبێت دەرحەقی عەبدوڵڵا مەرحەمەتتان ببێ یا لە قەرزەکەی سەرف نەزەر بفەرموون وە یا تەئجیل بێ وردە وردە بۆتان ئەدا بکا. پاشا لە جوابدا ئەفەرموێ خۆتان ئەوەندە پیاو بن. برایم ئاغا «آنا»عەرەبی ئەمر بە مەحموود ناوی پیاوی ئەکات بچن پازدە کیسە پارە بێنن. هەر لەو مەجلیسەدا پارە دێنن. برایم ئاغا عەرزی پاشا ئەکات ئەمر بفەرموون پارەکەتان وەربگرن. پیاوی برایم ئاغا پارەکە بە تەواوی تەسلیمی پیاوی پاشای ئەکات و عەرزیشی کرد: پاشام ئاوا دەستگیریی لێقەوماوان و هەژاری وڵاتتان ئەکەن!

٢ - شەوێک لە عارفەی جەژنی ڕەمەزاندا لەماڵی خۆیانەوە ئەچێت بۆ دیدەنیی دۆست و برادەرانی خۆی. لەڕێگا تووشی چەند حافزی قورئان ئەبێت لێیان ئەپرسێت مەلاینە ئۆغر بن؟ ئەڵێن ئیمشەو عەرەفەیە، ئەچین بۆلای ئیبراهیم ئاغای کاکەیی بۆ کاسەی جەژن. ئەویش ئەڵێ ئنجا عەیب ناکەن بەسەر ئەم هەموو موسوڵمانانەدا ئەچن بۆلای کاکەیی؟ لەجوابدا ئەڵێن قوربان بام کاکەیی بێت، موویەک لە بەراز بێتەوە هەر چاکە. یەکێکی تریان ئەڵی ماڵی کاکەیی هەرچۆنێک بیخۆی حەڵاڵە. ئەویکەیان ئەڵێت ئەچین دای باشە، نەیدا بەدایکییەوە. لەدوای ئەم گفتوگۆیە بێچرپە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. لە دیواخان دائەنیشێت. مەلاکان دێن لەخوارەوە بانگ ئەکەن ئاغا خوا ڕاوەستات کا چوار حافزین کاسەی جەژنمان نییە، لەدوای خوا قاپیی تۆمان بەیاد کردووە. ئەویش ئەمر ئەکا بچنە دیواخان لای خۆی. لەدوای چەند لەتیفە و قسەی خۆش، ئەڵێت مەلاینە لە ڕێگا تووشی کەس نەبوون گفتوگۆتان لەگەڵ بکات؟ مەلاکان هەست ئەکەن کە ئەم دەنگە ئەوەیە کە لە ڕێگا قسەیان لەگەڵ کردووە. یەکێکیان ئەڵێ ئاغا عەفومان بفەرموو. برایم ئاغا ئەڵێ بەو قورئانەی کە خوێندووتانە هەرچی لەڕێگا وتووتانە بۆم نەگێڕنەوە بەمەحروومی ئەتانگێڕمەوە. ناعیلاج قسەکانیان تەکرار ئەکەنەوە کە لەڕێگا بە ئاغایان گوتبوو. لەدوای ئەوە ئەمر ئەکا هەریەکی دە ڕبە گەندم، دوو ڕبە برنج، دوو حۆقە ڕۆن، سەد قران پارەیان بدەنێ.

٣ - ڕۆژێ لە ماڵی خۆیانەوە ئەچێت بۆ سەرای حوکوومەت بە سواری. خدمەتکاری زۆری لەخدمەتا ئەبێ. لەناو بازاڕا لەپڕ کوڕێ جڵەوی وڵاغەکەی ئەگرێت ئەڵێ تۆی ئیبراهیم ئاغا؟ ئەڵێ بەڵێ. ئیتر لە دایک و باوک و خوشک و کچ و کوڕیەوە پیا ئەڕوا بۆ جوێن دان. خدمەتکار بۆی ئەچن، نایەڵێ. کە لە جوێن دان بوەوە وتی ڕۆڵە لەلایەن من و خزمی منەوە یا خدمەتکارمەوە تووشی زیانێ بووی؟ کوڕەکە حاشای کرد کە هیچ زیانێکی لەتەرەف ئێوەوە نەدیوە. ئەمجا ئاغا گوتی ئەی بۆچ بە ناحەق ئەم جوێنانەت بەمن دا؟ وتی من پیاوی فڵان ئاغام. شەو ڕووی کردووە هەموو خدمەتکارانی وتی کامتان ئەتوانن برایم ئاغام بۆ بشکێنن؟ من تەعەههودم کرد کە بیکەم. برایم ئاغاش وتی تۆ دەرحەق ئاغای خۆت خدمەتکارێکی ڕاستی. لازمە خەڵات بکرێیت. ئەم بە پیاوی خۆی ئەکات ئەم کوڕە بەرن سەرتاپا جلوبەرگی بۆ بکەن و پێنجسەد قرانیشی بدەنێ.

٤ - ساڵێک لە عەشیرەتی دزەیی ئاغایەک ئیجارە ئەکات تووشی زییانێکی زۆر ئەبێت. وەختێ حوکوومەت تەنگەتاوی ئەکات بۆ پارە، لە شوهرەتی پیاوەتیی برایم ئاغا خۆی و برایەکی و دوو خدمەتکار دێن بۆ سولەیمانی لە ماڵی برایم ئاغا میوان ئەبن. ڕێکەوتی وەختی مەغریب ئەکا، دائەبەزن، وڵاغیان لێ وەرئەگرن. ڕووئەکەنە دیواخان. سەلام ئەکەن، جوابی سەلامیان ئەدرێتەوە، ئیکرامیان ئەگرن. کە دانیشتن مەسینە و لەگەن دێنن بۆ دەس شتن، میوانەکان دەس ناشۆن. دووبارە تەکلیفیان لێ ئەکەن، ئەڵێن ئاغا نانت ناخۆین. ئەڵێت بۆچی نانم ناخۆن؟ ئەڵێت تۆ پیاوێکی ئاوانتەچی و ناڕاستی. ئەڵێ خوانەکەردە لەگەڵ ئێوە چ ناڕاستیم بووە؟ ئەڵێن لەوەختی خۆیدا پانزە کیسە پارەت لە باوکی ئێمە قەرز کردووە بە وەعدەی چەند مانگێک. ئەمە حەوت ساڵە نەتداوەتەوە. ئیستا ئێمە ئەمەندە ڕێگایە هاتووین بۆ ئەم پارەیە. تا پارەکەمان تەسلیم نەبێ، نانت ناخۆین. ئاغایش میقدارێ تەحەممول ئەکات، ئەڵێت عەفوم بفەرموون. تەئخیری پارەکەتان لەبەر ناڕاستی نەبووە، لەبەر مەشغووڵیەتی دنیا بووە. نانتان بخۆن پارەکەتان حازرە. نەخێر نان ناخۆین. ناچار ئەمر بە وەکیلی ئەکات پازدە کیسە پارە دێنن تەسلیمیان ئەکەن، ئینجا نانیان دەرخوارد ئەدا. لەگەڵ ئەوەیشدا خەڵاتێکی موناسبیشیان ئەکات. بۆ بەیانی ئەگەڕێنەوە.

لەپاش چەند ساڵ هەمان میوان دێنەوە. بارێک چەکمەی مووسڵ بە ئێسترێکەوە ئەهێنن بەدیاری و پارەکەش ئەهێننەوە. شەو لە دیواخان بە ئیبراهیم ئاغا ئەڵێن ئاغا ئەمانناسی؟ ئەڵێ نە. ئەڵێن ئێمە ئەو پیاوانەین کە فڵان وەخت هاتین ئیفتیرایەکی وامان بەتۆ کرد. پازدە کیسە پارەمان لێ سەندی. ئێمە ئەوڕۆژە وەختمان زۆر سەخڵەت بوو، جەنابیشتان زۆر شوهرەتی پیاوەتیتان ئەگێڕرایەوە. تۆمان بەیاد کرد. گوتمان ئەگەر ئەم شوهرەتە ڕاست بێ ئەم پارەیەمان ئەداتێ و لەواقیعا ڕاست بوو. خوا ماڵت ئاوا کات ئێمەی لە بێحورمەت نەجات دا. ئەوا پارەکەمان هێناوەتەوە، وە بارێک چەکمەی مووسڵ کە بەو ئێسترەوەیە دیاریی جەنابتانە. ئاغا ئەڵێت یاخوا بەخێر بێن. ئەو پارەیە یەک دەفعە لە کیسەی من دەرچوو نابی بێتەوە کیسەی من. ئەمما لەبەر خاتری ئێوە دیارییەکەتان لێ قوبووڵ ئەکەم. نەتیجە پارەکەی هەر قوبووڵ نەکردەوە.

٥ - لەپاش جارێک دۆست و ڕەفیقی نەسیحەتی ئەکەن ئەڵێن ساحێب ئەولادی، ئەم ماڵی خۆتە بۆچی بەم نەوعە بڵاو ئەکەیتەوە؟ سەخا تا ئەمدەرەجەیە موناسب نییە. ئەڵێ بۆچی من سەخییم؟ ئەڵێن بەڵێ. ئەڵێ من لەچاو مستەفای ماممدا سەخی نیم، چونکە من بە ماڵی دنیا ئەو بە ڕۆح سەخاوەتی کردووە. لێی ئەپرسن چۆن ئەبێ؟ ئەڵێت لە زەمانی حاکمەکانی بەبە هەر کەسێک بە دەوڵەمەند مەشهوور بووبێت جەریمەیان کردووە. ئەووەختە مستەفای مامم بە دەوڵەمەند مەشهوور بووە. وەختی حوکوومەتی عەبدوڵڵا پاشا بووە. بانگی ئەکات ئەڵێت مستەفا بیستوومە دەوڵەمەندی، بچۆ هەزار قران بێنە. ئەویش ئەچێت بە خۆی و خزم و دراوسێکانییەوە شەشسەد قران پەیدا ئەکات. دێتەوە بۆلای حاکم، تەماشا ئەکا لە مەیدانی بازاڕ سێدارەیەک هەڵخراوە، سەیرچیی زۆر ڕاوەستاون. ئەپرسێت ئەمە چییە؟ ئەڵێن ئاغا ئەو کابرا فەرەنجی لەبەرە برایەکی ئەو کابرای لەچکدارەی کوشتووە، بە ئەمری حاکم ئەیکوژنەوە. ئەویش ئەچێت بەلای کابرای برا کوژراوا بە هەر نەوعێ ئەبێ ئیقناعی ئەکات. شەشسەد قرانەکەی ئەداتێ، ئەویش خوێنەخوێکەی لە کوشتن عەفو ئەکات. ئەم خەبەرە ئەگاتە لای حاکم. کە مستەفا ئاغا ئەگاتە حوزوور، ئەڵێ مستەفا ڕاستە تۆ دەوڵەمەندی، خۆت هەزار قران جەریمەت لەسەرە وە شەشسەد قرانیش بۆ خەڵق ئەدەی. عەرز ئەکات پاشا ئەگەر موساعەدە ئەفەرموویت ڕاستیت عەرز ئەکەم. ئەڵێ قسەت بکە. ئەڵێ پاشا جەریمەی خۆم هەزار قران بوو بە هەزار حاڵ شەشسەد قرانم پەیدا کرد، وە بۆ چوارسەدەکەی منیش ئەخنکام. بە شەشسەدەکە ئەومان نەجات دا، بام خۆم بۆ هەزار قرانەکە ئێعدام بکرێم. یەکێک بڕوا لە دوان چاکترە. حاکم قسەکەی لا مەقبووڵ بوو. عەفوی کرد و شاڵێکی کیشمیریشی بەخەڵات ئەداتێ.

٦ - چەند شەخسێ لە ئەهلی سولەیمانی ئیجارە و ئیلتیزامی ئەملاکی ئەمیری ئەکەن. ئیبراهیم ئەغا ئەکەن بە کەفیلی خۆیان. وەختی حاسڵات واریداتی وایان بۆ نایەتە پێش کە بتوانن زیممەتەکەی حوکوومەت بدەن. زیانیان گەیشتە سەدهەزار غورووش کە موساویی هەزار دیناری ئێستایە. حوکوومەت تەنگەتاوی کردن بۆ پارەی زیممەت، یا پارە یا حەپس. ئیبراهیم ئاغا خەبەری زانی، چووە سەرای حوکوومەت عەرزی موتەسەڕڕیفی کرد من کەفیلی ئەم پیاوانەم. موساعەدە و موهڵەتمان بدەن هەتا بەدەلی ئیجارەکە پەیدا ئەکەم. کە موساعەدە ئەستێنێ دەست ئەکا بە موڵک فرۆشتن و پارە قەرز کردن. بەقەدەر پارەکەی حوکوومەت ئەملاک و دێهاتی ئەفرۆشێ، بەدەلی ئیجارەکە تەسلیم ئەکا، مەیدان نادا ئەو شەخسانە حەبس بکرێن کە ئەم بووە بە کەفیلیان.

مەناقیبیی ئیبراهیم ئاغا تەواو نابێ. خوا لێی خۆش بێ.

ئەمەی نووسراوە لە حەمەئاغاناوی تایبەتی کوڕەزای خۆی وەرمان گرتووە.