پەندی پێشینیان

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 2 خولەک  5902 بینین
ئەلێن دۆمێکیان کرد بە یووزباشی
لەپێشدا سەری دایکی خۆی تاشی
***
بە کەر ناوێرێ بە کورتان ڕەپە
گەورە کار ئەکا بچووک ژێر شەپە
***
چوونکا گشت ئەخۆین نانی ئەم گەورە
سەڵەوات ئەدەین هەموو بە دەورە
***
گوناحم گشتی لەسەر قازییە
هەرچییە بکەم خوا لێم ڕازییە
***
سەگ کونە ماسی دەک ماڵت ئاوا
وا چوونکا ئەکەی پاسی جرت ئاوا
**
کە خۆت لە قوڕاوی هەتاکوو ئەژنۆ
من کە گیرم خوارد چۆن دەردێم بە تۆ
***
چاوت خەواڵوو چاڵت وا لەبەر
هەر تێئەکەوی بەسەد پێغەمبەر
***
قوڕ بەسەر ئەوە کە وا پشت و دەست
لە خزمی بەردا و لە بێگانە بەست
***
باڵەندە نەفڕێ خۆی بۆ سەر قاقە
کێ لە دوورەوە ئەیکا عیلاقە
***
من دڵ خۆش ناکەم بە مەرگی دوژمن
ڕۆژێکیش ئەبێ بێتە نۆرەی من
***
خوایێ باڵ نەدەی بە پشیلەی شەل
چوونکا ناهێڵێ هیچ باڵندە و مەل
***
ئەڵێن میسترداگ بە زەربی کلکە
پێشە ئەشکێنێ هەروەکوو چیلکە
***
پێشینیان ئەڵێن قسە لە زارێ
دەرهات ئەگاتە گوێچکەی هەزارێ
***
بیستوومە ئەڵێن نەقڵی کوفر و دین
نابێ بە کوفر و بە دین بە یەقین!
***
قسە هەزارە یەکی بەکارە
قسەی باش زێڕی هەژدەعەیارە
***
ویجدان پێم ئەڵێ ڕەخنە و ئینتیقاد
ئەمری مەعرووفە و غەزایە و جیهاد
***
ناخورێنێ هەرگیز قەلی حیلەگەر
موفت و خۆڕایی مل و پشتی کەر
***
مەڵێن ئارەزووت خەیاڵی خاوە
کوێر هەتا ئەمرێ بەتەمای چاوە
***
کوڕە نۆکەرە یا کوڕە خانە
نان ئەم نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە
***
کابرا بێدینی ملهوڕی زاڵم
وا لەسەر ماڵم ئەدا لە باڵم
***
مەلا و حەکیمی نیوە و ناتەواو
ئەمیان شەیتانە و ئەویتر قەساو
***
بەردێ کە نادان فڕی باتە گۆم
هەرگز دەرنایە بە ئێران و ڕۆم
***
ئەوەی کە لای عەبد نەخشە و خەیاڵە
لەلای خوا هەمووی پووچ و بەتاڵە
***
ئەوەی مێلوورە کۆی کردۆ ساڵێ
وشتر قووتی دا هەر بە قەپاڵێ
***
لەبەر موحتاجی و بۆ ناعیلاجی
بە جووە ئەڵێم، شێخ مەلا و حاجی
***
جووە لە ترسا، دۆمە بۆ پەڕۆ
فەقێ لە برسا کەمیان خۆش ئەڕۆ
***
شێخ ڕەزاناوی تایبەت ئەڵێ سەد قەل و بەردێ
من شارێ ئارام ئەکەم بە فەردێ